بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتییەکانی دهۆک و زاخۆ

بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتییەکانی دهۆک و زاخۆ

لە ماوەی کاتژمێرێکدا هێرشی درۆنی کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوت، لە سنووری شیخان و زاخۆ.

دژە تیرۆری کوردستان لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، لە ماوەی کاتژمێر 06:00 بۆ 07:14 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی یەکەمی دژەتیرۆری کوردستان “بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.”

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە “هەروەها لە کاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.”

چەند خولەکێک دواتر، دژەتیرۆری کوردستان، لە دووەم ڕاگەیاندراویدا ڕایگەیاند ” کاتژمێر 07:14 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.”

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانیی دوێنێ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنک، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.

نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.

پوستێن ھەمان بەش