هێزە ئەمنییەکانی ئامێدی: نازانین هێرشەکەی سەرسنگ درۆن بووە یان تەقینەوە

هێزە ئەمنییەکانی ئامێدی: نازانین هێرشەکەی سەرسنگ درۆن بووە یان تەقینەوە

کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی: بەهۆی تەقینەوە لە کێڵگەی سەرسنگ بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت، سەرچاوەی هێرشەکە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک نازانن. کۆمپانیاکەش رایگەیاند، بەرهەمهێنانیان وەستاندووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15/7/2025، هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و نزیک کاتژمێر 07:00ی سەرلەبەیانی تەقینەوەیە لە کێڵگەکە روویداوە. ئەفسەرێکی باڵای ئەمنی لە ئامێدی، بە کەناڵی رووداوی باشووری کوردستانی گوتووە: “هێرشەکە زیانی مادی هەبووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.

 بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاوەکو ئێستا نازانن هێرشەکە درۆن بووە، یان بەهۆکارێکی دیکە، ئەوەی هەیە تەقینەوەیەک بووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن.

 دوای تەقینەوەکە کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوە لە کێڵگەی سەرسنگ بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتووە.

 کۆمپانیاکە دەڵێت: “ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن”.

 لە رووداوێکی هاوشێوەدا، شەوی رابردوو لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.

دژە تیرۆری کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتووە: “کاتژمێر 20:20 و 20:25 خولەکی شەو، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە”.

پوستێن ھەمان بەش