“لەو دیدارانەدا هەنگاوەکانی پێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان باس دەکرێت”.
لە چوارچێوەی سەردانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بە جیا سەردانی هەر یەک لە سەرۆکی مەهەپە و سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی پارتی ئایندە بکات.
بە گوێرەی زانیاریەکان، شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، کە لە پەروین بوڵدان، میتحەد سانجار، ڤیگەن ئۆزگۆر ئەرۆل پێکهاتووە و بە شاندی ئیمراڵی ناسراون، بڕیارە چوارشەممە 16ـی ئەم مانگە سەردانی ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا بکات، لە هەمان ڕۆژدا سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەکات، ڕۆژی دواتریش، واتە پێنجشەممە 17ـی تەممووز، بڕیارە سەردانی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە بکات.
لەو دیدارانەدا هەنگاوەکانی پێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان باس دەکرێت، لەگەڵ ڕۆڵی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دوای یەکەم پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژی هەینی 11ـی ئەم مانگە لە بەردەم ئاشکەوتی جاسەنە لە سنووری سوورداشی سەر بە شارۆچکەی دوکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وەک نیازپاکییەک بۆ پەرۆشبوون بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێشبینی دەکرێت هەنگاوەکانی پرۆسەکە خێراتر بکرێن.