نووسەری کورد “هوشیار سەردی”: لە 18 گوندی عەشیرەتی ئادەمان، سیپکان، زیلان و حەسەناندا 47 هەزار کەس کوژراون”.
ئەمڕۆ 95 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گەلیی “زیلان”دا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا بە هەزاران کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژ کران.
ئەمڕۆ 13ی تەمووزە و 95 ساڵ پێش ئێستا و لە رێکەوتی 13ی تەمموزی 1930دا کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە گەلیی “زیلان”ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەڕێوەچوو.
لە سەردەمی بزووتنەوەی نەتەوەیی “ئاگری” لە تەمووزی ساڵی 1930دا، 44 گوندی گەلیی زیلان لە لایەن هێزەکانی تورکیەوە سووتێندران و کاول کران. هاوکات دانیشتووانی سڤیلی ئەو گوندانەش کۆمەڵکوژ کران.
کۆمڵکوژیی گەلیی زیلان لەژێر فەرماندەیی “ساڵح ئۆمورتاک”، نۆهەمین فەرماندەی ئەرتەشی تورکیەدا بەڕێوەچوو.
هێزەکانی تورک زکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی و کۆرپەلەکانی ناو سکیان دەردەهێنان، هەروەها مرۆڤەکانیان پێکەوە دەبەستەوە و گوللـەبارانیان دەکردن.
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحەڵەکانی کارەساتەکە و ئەو بەڵگە و وێنانەی کە لەسەر کۆمەڵکوژیەکە بڵاو کراونەتەوە، هێزەکانی تورک زکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی و کۆرپەلەکانی ناو سکیان دەردەهێنان و هەروەها تاکەکانیان پێکەوە دەبەستەوە و گولـلەبارانیان دەکردن.
لە ژمارەی رۆژی 16ی تەمووزی 1930 رۆژنامەی “جمهوورییەت” رۆژنامەی فەرمی دەوڵەتی تورکیادا بڵاو کرایەوە کە لە رووداوی گەلیی زیلاندا 15 هەزار کەس کوژراون.
رۆژنامەی جمهوورییەت لە ژمارەی رێکەوتی 13ی تەمووزی 1930 خۆیدا نووسیویەتی: “پاککردنەوە دەستی پێکرد، ئەوانەی گەلیی زیلان هەموویان لەناوبران و تاقە یەک کەسیشیان رزگاریان نەبووە”.
لەڕاستیدا زۆرینەی خەڵکی گەلیی زیلان لە شۆڕشی “ئاگری”دا بەشدارییان نەکردبوو، بەڵام دەوڵەتی تورکەکان ویستی بەو کوشتارە پەیامێک بەکوردەکان بدات.
کۆمەڵکوژیی گەلیی زیلان لە پاش دامەزرانی “کۆماری” تورکیەوە دووهەمین کۆمەڵکوژیی گەورەیە کە دژ بە کوردەکان بەڕێوە چوو. کۆمەلکوژیی یەکەم لە ساڵی 1921دا لە “کۆچگەری” بەڕێوەچووبوو.
نووسەری کورد “هوشیار سەردی” کە بۆخۆی یەکێک لە بەشدارانی شۆڕشی ئاگری بووە، سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی گەلیی زیلان نووسیویەتی: “لە 18 گوندی عەشیرەتی ئادەمان، سیپکان، زیلان و حەسەناندا 47 هەزار کەس کوژراون”.
بەپیی ئمارەکانی تورکیا لانیکەم 15 هەزار کورد لە گەلیی زیلاندا کوژران، بەڵام بەپێی زانیاری و بەڵگەنامەکانی ڕووسیەکان لەو کۆمەڵکوژییەدا 47 هەزار مرۆڤی کورد کۆمەڵکوژ کراون.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی گارۆ ساسۆنی، لێکۆڵەری ئەرمەنی لەو کۆمەڵکوژیەدا 5 هەزار ژن، منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو کوژراون.
پاش کۆمەڵکوژیەکە بە یاسای ئیسکانی 5ی ئایاری 1932، بۆ ماوەی 20 ساڵ و هەتا سالی 1950، هاتووچۆ بۆ گەلی زیلان و گوندەکانی ئەو ناوچەیە قەدەخەکرا، ئەمەش بووە سەرەتای راگواستنی زیلانییەکان و هاوکات لە ساڵانی هەشتاکاندا ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانی و قەوقازی لەو دەڤەرەی باکووری کوردستان نیشتەجێ کران.
بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی تورکیا، لانیکەم 15 هەزار کەس لە دۆڵی زیلان (گەلیی زیلان)دا کوژراون و بە سەدان ماڵ و گوند سووتێنراون و رووخێنراون، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەکانی رووسیا و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، 47 هەزار کەس کۆمەڵکوژکراون.
کۆمەڵگای جیهانی و زلهێزەکان هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژیە نەبوو کە درحەق بە کوردەکان بەڕێوەچوو. شایانی باسە ئەو بێدەنگیەی کۆمەڵگای جیهانی ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەروا بەردەوامە.
سەرچاوە تورکیەکان دەڵێن کۆمەڵکوژیەکە لە 12 و 13ی تەمووزدا روویداوە، بەڵام لە راستیدا کۆمەڵکوژیەکە لە حوزەیرانی ساڵی 1930ـەوە دەستی پێکرد و هەتا ئەیلوولی 1930 دریژەی کێشا. گەورەترین قڕ کردن لە 1ی تەمووزی 1930دا بەڕێوەچوو.
سەربازێکی تورک کە بۆخۆی بەشداری ئەو کۆمەڵکوژییە وەحشیانەیە بووە بەم شێوەیە باسی دەکات:
“ژن، منداڵ و کۆرپەلە و بەگشتی هەموو کەس، سەرجەم خەڵکی ئەو گوندانە، بە هەزاران مرۆڤ، دەڕەی زیلانیان پڕ کرد. دەوروبەریان بە چەکی ئۆتۆماتیک گەمارۆ درابوو. ئێمە، واتە سەربازەکان بەو چەکە ئۆتۆماتیکیانەوە ڕیز ببووین، دەستمان لەسەر پلاپیتکەی تفەنگ و رووی لوولەی تفەنگەکانمان روو بە خەڵک ئامادە کردبوو. لە پشتی ئێمە ئەرباش (چاوەش و ئۆنباش) ڕیز ببوون. دەستی ئەوانیش لەسەر پلاپیتکەی تفەنگ و لوولەی چەکەکانیان ڕوو بە ئێمە نیشانە گیرابوو. لە پشت ئەوانیشەوە لە ڕیزی سێیەمدا فەرماندەکان بە دەمانچەکانیانەوە ئامادە ڕاوەستابوون. ئەگەر ئێمە بە گولـلە لە خەڵکمان نەدابا، ئەوا ئەرباش بە گولـلە لە ئێمەی دەدا، ئەگەر ئەوانیش بە گولـلە لە ئێمەیان نەدابا ئەوا فەرماندەکان بە گولـلە لەوانیان دەدا. ئێمە پلاپیتکەی تفەنگەکانمان کێشا، بە هەزاران گولـلە بە جارێک ڕژایە سەر ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە لە ناو دەڕەکەدا بوون. قیژەی ژن و مێرد، منداڵ، جوان و پیر، جەوانەکان بە هەموو لایەکی دۆلەکەدا بڵاو ببوونەوە. دوای ماوەیەک قیژە و هاواری ئەوان گۆڕا بۆ ناڵین و دواتریش ناڵینیەکەشیان کۆتایی پێهات. لەگەڵ پیاوە پیر و جەوانەکاندابە هەزاران ژن، منداڵ و کۆرپەی ناو مەلۆتکە، تەرمی هەموویان لەناو گۆمێکی خوێن جێهێڵدران و بوون بە خۆراکی گورگ و بوونەوەرە دڕندەکانی دیکە. ماوەیەک دواتر تەرمەکان بۆنیان کرد و بەجێهێڵدران بۆ ئەوەی ئاسەواریان نەمێنێت. “(رووپولا نو، 13/7/2018، مەساژا بۆرۆیا ڕاگەیاندنی پاک)