هاوسەرۆکی مەسەدە: ئێمە باسی فیدراڵی ناکەین، بەڵکوو زیاتر باسی لامەرکەزییەت دەکەین

هاوسەرۆکی مەسەدە: ئێمە باسی فیدراڵی ناکەین، بەڵکوو زیاتر باسی لامەرکەزییەت دەکەین

شێخ ڕیاز دەرار: دەبێت سوپای سووریا نیشتمانی بێت و هەمووان بەبێ جیاوازی تێیدا بەشداربن

لێکتێگەیشتنەکانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی تاوەکوو ئێستا ڕوون نییە، بەتایبەتی کە هەر لایەنێک مەرجی تایبەتی خۆی هەیە و داوای جێبەجێکردنی دەکات، حکوومەتی سووریا پابەندە بە بڕیاری یەکخستنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، بەڵام هێزە کوردییەکان داوای میکانیزم و ئامرازەکان دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئەمە.

شێخ ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) بە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی دیمەشق هیچ ڕێککەوتنێکی بەرهەم نەهێنا، تەنیا لێکگەیشتنێک هەبوو بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان.

گوتیشی: تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا بڕیارێکە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە، سەرەتا لەسەر سروشتی پێکهاتەی سیستەمی سەربازیی، ئەو پێی وا بوو، کە هەسەدە دەتوانێت بیر لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ئێستا بکاتەوە لەسەر میکانیزمی بنیاتنانی سوپا و بۆ چ ئامانجێک، چونکە سوپای سووریا دەبێت نیشتمانی بێت، کە تێیدا هەمووان بەبێ جیاوازی بەشداری بکەن لەسەر بنەمای لێهاتوویی، نەک دڵسۆزی بۆ لایەنێک.

دەشڵێت: پرۆژەی سووریا بەتەواوی نیشتمانییە، هەروەها هەسەدە مافی ئەوەی هەیە پێگەی ڕاستەقینەی هێزەکانی بزانێت، کە لەم پرۆسەیەدا مەشقیان پێکراوە، نەک تەنیا بەشداریکردن لە پرۆژەیەکدا، لێرەوە پێداگری لەسەر وردەکاری و میکانیزمەکان و چۆنیەتی پاراستنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لایەن گەلەکەیەوە دەکات.

سەبارەت بە لێدوانەکەی تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ سووریا، کە گوتبووی فیدراڵی بۆ سووریا نابێت، دەرار گوتی: ئەو بە دیدگاکانی بۆ داهاتووی سووریا و فیدراڵی بە نەگونجاو دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باسی فیدراڵی ناکەین، بەڵکوو زیاتر باسی لامەرکەزییەت دەکەین، چونکە بە مانای ئەوە دێت کە ناوچەکان خۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن، ئێمە دەزانین کە دامەزراوە هەیە کە تەنیا دەبێت مەرکەزی بێت، وەک وەزارەتەکانی بەرگری، کاروباری دەرەوە، دارایی چەندانی دیکە. بەڵام سەبارەت بە پەروەردە، کشتوکاڵ، و دامەزراوە و وەزارەتەکانی دیکە، ئەمە شتێکە کە دەتوانرێت لەناو ئەو پرۆژانەدا جێگیر بکرێت کە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن بنیات نراوە.

باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن، هەروەها ئەو قوربانیدانەی لە پێناو بەرژەوەندی سوورییەکان و هەڕەشەکانی داعش و تیرۆر دراوە، بێهوودە نابێت، دەشڵێت: ئێمە توانای بەرگریکردنمان هەیە.

پوستێن ھەمان بەش