ئاماری تایبەت هەیە کە دەریدەخات ژمارەی قوربانیانی گەریلا نزیکەی 50 هەزار گەریلا دەبێت.
ڕێبەری پەکەکە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە، دوو پەیامی دیکەشی بڵاو کردۆتەوە کە یەکیان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و بە ڤیدیۆ بوو و تێیدا بە زمانی تورکی بۆ گەلی کورد و حیزبەکەی خۆی ئاخڤی!!.
لە هیچ کام لەم پەیامانەدا ئۆجەلان باسی ئەو کچ و کوڕە لاوانەی نەکرد کە لە بەرخۆدانی ساختەی 41 ساڵی ڕابردوودا بە کوشتنی داون.
بەڵام ئەمە دووەم جارە ئۆجەلان خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ کوژرانی بەشێک لە عەسکەرەکانی تورکیا دەردەبڕێت. جاری یەکەم لە کاتی دادگایی کردنەکەیدا لە ساڵی 1999 داوای لێبووردنی لە دایکانی عەسکەرە کوژراوەکانی تورک کرد، ئەو عەسکەرانەی کە دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور ببوو. دووەم جاریش لەم هەفتەیەدا بوو، کاتێک کە 5 عەسکەری تورک لە ئەشکەوتێکی دەڤەری زاپ لە باسووری کوردستان بە گازی میتان خنکان.
هەستی ئۆجەلان بۆ ئەو دەیان هەزار لاوە کوردەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە شەهیدکراون، نەگجووڵاوە، بەڵام خەمی قووڵی خۆی بۆ ئەو 5 عەسکەرە خنکاوەی تورک دەربڕی و گوتی: “زۆر دڵتەنگم و داوای رەحمەتیان بۆ دەکەم”.
شایانی باسە موراد قەرەیلان لە کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکەدا کە بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکدانانی دابوو، گوتی: “لە ماوەی 40 ساڵ شەڕی چەکداریدا، 40 هەزار گەریلایان لەدەستداوە”. بەڵام ئاماری تایبەت هەیە کە دەریدەخات ژمارەی قوربانیانی گەریلا نزیکەی 50 هەزار گەریلا دەبێت.