دەم پارتی: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد بکرێت

دەم پارتی: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد بکرێت

دەم پارتی داوای ئازادکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە کردووە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ڕێکەوتی 8ـی تەممووزدا جارێکی دیکە جەختی کردبۆوە کە دەستگیرکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەلایەن تورکیاوە سەرپێچییە.

لەسەر ئەو بڕیارە، دواتر کۆمیسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤی دەم پارتی لە 22ـەمین  دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە داوای ئازادکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە کرد کە ئێستا لە دۆسییەی کۆبانێدا دەستبەسەرن.

ئۆزتورک تورکدۆغان، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتیبە میدیاکانی تورکیای گوت: دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە دۆسییەی چوارەمدا لەبارەی دەمیرتاش، ڕایگەیاندووە، “کە ئەم دەستبەسەرکردنە ناڕەوایە و پاڵنەرێکی سیاسی هەیە بۆ دەستگیرکردنی”.

تورکدۆغان باسی لەوەش کرد، دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە دادگای ئەنقەرە، داوای ئازادکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و دەستگیرکراوەکانی دیکەیان کردووە لە دۆسییەی کۆبانیدا، ئاماژەی بەوەس کرد، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ڕاستەوخۆ بڕیاری داوە کە دەمیرتاش لەم دۆسیەیەدا بە ناڕەوا دەستبەسەر کراوە. بۆیە بەو پێیەی دۆسیەکە لەبەردەم دادگادایە، دەبێت دادگا بەبێ دواکەوتن فەرمانی ئازادکردن دەربکات و  پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

گوتیشی: “لە ڕوانگەی ڕێکارەکانەوە، هێشتا دۆسیەکە لە دادگای باڵای تاوانەکانی 22ـی ئەنقەرەیە، هێشتا ئاگادارکردنەوەی فەرمی نەدراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو دوای پێداچوونەوە بەدۆسیەکەی، دەمیرتاش ئازاد بکرێت. چونکە دادگا دەتوانێت ئەم کارانە بکات.”

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە لەلایەن حکوومەتی تورکیا دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی کردووە، بەڵام حکوومەتی تورکیا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکردووە.

لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشکردە سەر کۆبانێ و شارەکەی گەمارۆدا، سەڵاحەددین دەمیرتاش و سەرکردەکانی ئەو پارتە بانگەوازیان بۆ خۆپیشان کرد لە تورکیا، پاش ئەوەی خۆپیشاندان ڕێکخرا، گرژیی تێکەوت، بەرپرسانی هەدەپە بە بەوە تۆمەتبار کران کە بەشێکن لە پەکەکە، بۆیە پاش زیاتر لە دوو ساڵ، ئەو دۆسیە لە دادگای ئەنقەرە لەسەر دەمیرتاش و سەرکردەکانی هەدەپە جوڵێندرا و دەستگیرکران.

پوستێن ھەمان بەش