زانا: “ئەمڕۆکە هیچکەس لە جیهاندا ناتوانێ بڵێت کە کورد بوونی نیە و هیوادارم کە هەمووان هاوکار بن بۆ ئەوەی کە نەتەوەکەمان بە مافەکانی خۆی بگات”.
لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد لە زاخۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ڕۆڵی کاک مەسعوود و کاک نێچیرڤان زۆر گەورە بوو، زۆر هاوکارییان کرد”.
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد بۆ شاهیدی مەراسیمی چەکدانانی پەکەکە ڕۆیشتبووە هەرێمی کوردستان.
زانا لە شاری زاخۆ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد کرد.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە باسی لەوەش کرد کە ماوەی 100 ساڵە کورد دەچەوسێتەوە و هاوکات ماوەی 100 ساڵیشە کە کورد بەرخۆدان و خۆڕاگری دەکات و گوتی: “پێویستە ئیدی یاسای تیرۆر گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و من قبووڵ ناکەم کە کورد بە تیرۆر تۆمەتبار بکرێت”.
لەیلا زانا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە سەدەی ڕابردوودا هەردوولا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و زۆر شتیان لەدەستداوە، گوتی:
“ماوەی 100 ساڵە کورد دەچەوسێتەوە و هاوکات ماوەی 100 ساڵیشە کە کورد بەرخۆدان و خۆڕاگری دەکات، نە ئێمە لەناو چووین و نە ئەوانەش کە لە ئێمەیان داوە لەناوچون”.
لەم سەدەی 21ـەدا دەڵێین: “با ئیدی نە ئێمە و نە هاوبەشەکانمان و نە گەلانی ستەملێکراو هیچ لەدەست نەدەین”.
زانا بۆ چارەسەری داوای بەکارهێنانی “زمانی رەحمانی” کرد و گوتی:
“تێکدان و زیانگەیاندن ئاسانە، بەڵام بنیاتنان رەنج و ماندووبوونی پێویستە و کاتی دەوێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمڕۆ کاری باش بکرێت. ئەمڕۆکە لە جیهاندا هەموو کەس بە گومانەوە لێک نزیک دەبن و بە زمانی توند دەئاخڤن.
ئێمە دەڵێین با کوردستان نموونە بێت.
با ئەو ئازارانەی کە باوباپیران و دایک و باوکانمان و ئێمە تووشی بووین، نەوەکانی دوای ئێمە تووشی نەبن. با لەبری ئێش و ئازار، ئیدی شایی هەبێت، ئەمە پەیامی منە”.
لەیلا زانا ئاشکرای کرد کە ئەو ماوەی 7 ساڵە نەڕۆیشتۆتەوە بۆ کوردستان و گوتی بیری کوردستانم کردووە. لەیلا زانا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی:
“ڕۆڵی کوردستان زۆر گەورەیە، من بە ڕێز و سوپاسەوە ئەو ڕۆڵەم وەبیر دەهێنمەوە. ڕەحمەتی مام جەلال لە ساڵی 1993دا لە سووریا دەستیپێکرد.
لە ساڵی 2013دا ڕۆڵی کاک مەسعوود و کاک نێچیرڤان زۆر زیاد بوو. ئەوان یارمەتیدەرێکی گەورە بوون.
“ئەمڕۆکە کەس ناتوانێت بڵێت کورد بوونی نییە”
دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ زیاتر کار دەکەن. ماوەی دوو ساڵە لە بواری دیپلۆماسیدا کاردەکەن و باوەڕم وایە لە ئەمڕۆ بەولاوەش ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن”.
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد سەرنجی خستە سەر یەکیەتیی کورد و گوتی:
“ئێستا کاتی ئەوە نییە کە ئێمە باسی تیۆری خۆمان بکەین، سەرەتا پێویستە ئێمە هەبین، سەرەتا دەبێت خۆمان بناسین، ئەم سەدەیە زۆر شتی پیشانی هەمووان داوە. ئەمڕۆکە هیچکەس لە جیهاندا ناتوانێ بڵێت کە کورد بوونی نیە”.
لەیلا زانا ئاماژەی بەوەدا کە شێوازی خەبات گۆڕاوە و گوتی:
“هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە، ئەمجارە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین، گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە کە ئەمڕۆکە هیچکەس ناتوانێت بڵێت کورد بوونی نییە. من هیوادارم کە هەمووان ببنە هاوکاری یەکتری بۆ ئەوەی کە نەتەوەکەمان بە مافەکانی خۆی بگات”.
لەیلا زانا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئیدی پێویستە یاسای تیرۆر بگۆڕدرێت و من قبووڵ ناکەم کە کورد بە تیرۆر تۆمەتبار بکرێت.
دەبێ کۆمیسیۆنێک کار بکات بۆ ئەوەی هەم دراوسێکانمان و هەم ئێمە بۆخۆشمان لە تەنگانە ڕزگار ببین”.