بەبەڵگەوە… گریلاکانی پەیەدە 10 منداڵی کوردیان رفاندووە

بەبەڵگە... گریلاکانی پەیەدە 10 منداڵی کوردیان رفاندووە

“ئەو منداڵانەی کە لەلایەن پەکەکەوە رفێندراون، تەمەنیان لە ژێر 16 ساڵی دایە و پاش مەشق و راهێنانی نیزامی رەوانەی بەرەکانی جەنگیان دەکەن”.

گریلاکانی پەیەدە لە ناچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان، 10 منداڵیان بە ئامانجی چەکدار کردنیان بە زۆر رفاندووە و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ئەو زانیارینەی کە پێگەی “ئارک” بڵاوی کردوونەتەوە، ئەو منداڵانەی کە لەلایەن گریلاکانی پەیەدەوە رفێندراون، تەمەنیان لە ژێر 16 ساڵی دایە و رەوانەی خولی سەربازی کراون و پاش مەشق و راهێنانی نیزامی رەوانەی بەرەکانی جەنگیان دەکەن.

ناوی ئەو کەسانەی کە لەلایەن پەیەدە/پەکەکەوە رفێندراون بریتین لە:

1- عیسام محەمەد عیسا – تەمەن 13 ساڵ/ خەڵکی گوندی قەتمێ لە ناوچەی شه‌رایی عەفرین، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب رفێندراوە.

2- خەتتاب عوبەید حەسەن – تەمەن 15 ساڵ/ لە گەڕەکی هلالی شاری قامیشلوو، لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی  24/11/2021دا رفێندراوە.

3- ئەڤین جەلال خەلیل – تەمەن  15 ساڵ/ لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 21/11/2021، لە شاری عاموودا رفێندراوە و رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە.

4- ئایانا ئدریس ئیبراهیم – تەمەن 16 ساڵ/ لە شاری عاموودا رفێندراوە.

5- هه‌دیه‌ عەبدولڕەحیم عه‌نته‌ر – تەمەن 15 ساڵ/ لە شاری عاموودا رفێندراوە.

6- عەبیر جاسترۆ عەبدولعەزیز – خەڵکی گوندی پلیسێ سەر بە دێرک، لە 2/11/2021دا لە شاری قامیشلوو رفێندراوە.

7- سیدرا خەلیل ئیبراهیم –  خەڵکی گوندی ئەبوودان لە ناوچه‌ی بلبلێ، لە رێکەوتی 6/11/2021دا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود رفێندراوە.

8- محەمەد عه‌بدۆ بۆزۆ – خەڵکی گوندی کەفەردەلێ لە ناوچەی جندرێس‌، لە كه‌مپی شەهبایی لە گوندەواری حەلەب رفێندراوە.

9- عەبدولڕەحمان ئەحمەد بەڕۆ لە گەڕەکی ئەشرەفیەی حەلەب رفێندراوە.

10- سیلڤا نیدال عیسا – بۆ دووەم جارە کە دەرفێندرێت. پاش ئەوەی کە مامەکەی بەناوی “عه‌بدو عیسا” هەڕەشەی لە گریلاکانی پەیەدە کرد، ئەویشیان رفاند و چارەنووسی نادیارە.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە، لە رێکەوتی 24/11/2021دا راگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەردەوامیی چەکدار کردنی منداڵان لەلایەن پەکەکە و بەتایبەت لقێکی پەکەکە بەناوی “جوانێن شۆرەشگەر” بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە و تێیدا هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “HSD”ی بە هاوکاری کردنی گریلاکانی پەکەکە لە رفاندنی منداڵاندا بە بەرپرسیار دانابوو.

ئەنەکەسە داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پارێزگاری کردن لە مافەکانی منداڵان و هێزە نێونەتەوەییەکان کردبوو کە بە ئەرکی خۆیان هەستن و فشار بخەنە سەر “HSD” بۆ ئەوەی ئەو دەیان منداڵە کوردە ئازاد بکەن کە رفاندوویانن و بە زۆر چەکدرایان کردوون.

پوستێن ھەمان بەش