ئایا ئەو تەکنەلۆژیای دژە درۆنەی کە هەپەگە بەدەستی هێناوە، دەتوانێ قەدەری شەڕەکە بگۆڕێت؟

ئایا ئەو تەکنەلۆژیای دژە درۆنەی کە هەپەگە بەدەستی هێناوە، دەتوانێ قەدەری شەڕەکە بگۆڕێت؟

بەشی یەکەم: ئایا چارەسەرێکی مسۆگەر هەیە بەرامبەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان؟ پەکەکە چۆن ئەم چەکەی دەستکەوتووە؟

وەکوو ڕاگەیاندرا، ئەو لێدوانەی کە موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی گشتی هەپەگە، چەند ڕۆژێک پێش نەورۆز، ڕایگەیاند “مزگێنیتان پێ دەدەین”، ئەوە بوو کە “دەستیان بە تەکنیکی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەیشتووە”. لە ڕاستیدا زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە شتی تر هەبووە کە دەبوو ڕوون بکرێتەوە، بەڵام لە دوایین ساتدا بەجێهێڵراون. لە ئەنجامدا بە پێی ئەو زانیاریانەی کە ڕاگەیەندراون واتە “هێزە سەربازییەکانی پەکەکە تەکنیکی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە”، شرەڤەی خۆمان دەکەین.

ئایا بەڕاستی لە شەڕ بە دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، تەکنیکێکی یەکلاکەرەوە هەیە؟ پەکەکە ئەم چەکەی لە کێ وەرگرتووە؟ ئایا دەستڕاگەیشتنی پەکەکە بە تەکنیکێکی لەو شێوەیە، چارەنووسی شەڕەکە دەگۆڕێت؟ بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەتوانین تێبگەین کە ئایا مزگێنیەکەی قەرەیەلان بەڕاستی مزگێنییەکی دڵخۆشکەرە یان نا؟

لە بەیاننامەکەی هەپەگەدا چی هەیە؟

لە بەیاننامەکەی هەپەگەدا بە کورتی ئەم شتانە هاتبوون: هێزەکانمان هەلی لەکاریگەری خستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لەدەستدایە. “لە 13ی شوباتی 2023بەملاوە 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانمانەوە خراونەتە خوارەوە”. لە بەیاننامەکەدا جۆر و مێژووی ئەو 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەش خراوەتە خوارەوە کە بەردراونەتەوە.

بۆیە بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە بڵاوکراوەتەوە، هەپەگە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردووەوە واتە بۆ ماوەی 13 مانگ دەبێت کە دەستی بەم تەکنیکە ڕاگەیشتووە و هەموو مانگێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خراوەتە خوارەوە. بێگومان لەم 13 مانگەدا دەوڵەتی تورک چەندین جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و لەو هێرشانەشدا چەند گەریلای هەپەگە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەمان نییە. بەڵام ئەگەر پرۆسەکە بە گشتی هەڵسەنگێنین، دەبینین لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە چەند هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دەدرێت. لە ڕاستیدا لە ماوەی 13 مانگی ڕابردوودا پەکەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لەوانە چەندین بەرپرسی باڵای ناسراو، چ لە ڕۆژئاڤا و چ لەسەر هێڵی گارە ـ سلێمانی گیانیان لەدەستداوە. بۆیە بە گشتی دەبینرێت کە هێزەکانی هەپەگە وەڵامی بەشێکی زۆر کەمی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیایان داوەتەوە لە ماوەی 13 مانگی ڕابردوودا. بەگشتی تەکنیکێک کە 100% کاریگەر بێت بەرامبەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێشتا پەرەی پێنەدراوە. واتە لە ڕاستیدا ئەم چەکە ناتوانێت هاوسەنگی و چارەنووسی شەڕەکە بگۆڕێت. ئەگەر کەمێک لەم چەکە بکۆڵینەوە، ڕەنگە بتوانین باشتر شرۆڤەی بکەین.

چەکی سەردەمی نوێ، فڕۆکەی  بێ فڕۆکەوان و هەنگاوەکانی تورکیا

هێرشێک کە دەکرێت بە یەکەم هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناوببرێت، لە ساڵی 1849دا لەلایەن ئیمپراتۆریەتی نەمساوە لەدژی فەنەدیق ئەنجامدراوە. ئە بۆمبانەی کە لەلایەن نەمسا بە باڵۆنەکانی هەوای گەرمەوە بەسترابوون، لەناو شارەکاندا بەردەدرانەوە و دەتەقینەوە.

هەرچەندە هەندێک لە بۆمبەکان ئامانجەکانیان دەپێکا، بەڵام هەندێکیشیان بەسەر سەربازانی نەمساشدا بەربوونەوە. ئەم چەکە لە ساڵی 1899دا وەکوو چەکی نایاسایی ڕاگەیەندرا. دواتر ئەمریکا جارێکی تر دەستی کردەوە بە پەرەپێدانی ئەم تەکنیکە. لە ساڵانی 2000 و ساڵانی دواتردا، سوپای ئەمریکا یەکەم جار بوو کە کۆپتەری بێ فڕۆکەوانی گەشەپیدا بەجۆرێک کە بتوانێت مووشەک لە دژی یەکێتی سۆڤیەت هەڵبدات و پێش ئەوەش لە جەنگی ڤێتنامدا تاقیکردنەوەی فڕۆکەی شەڕکەری بێ فڕۆکەوانی دەستپێکرد.

لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش زیادی کردووە. بەتایبەت لە ساڵانی 2000دا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەرەی پێدرا کە بەپیچەوانەی فڕۆکەی جەنگی، پێویستیان بە فڕۆکەوان نەما و دەیانتوانی زیاتر لە ئاسماندا بمێننەوە و بۆمبی قورس هەڵبگرن و بشیهاویژن.

ئەمڕۆکە دەیان وڵات ئەم فڕۆکانەیان لە لیستی چەک و چۆڵە سەربازیەکانیاندا هەیە. بەڵام تورکیا لە تەکنۆلۆژیای درۆندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەیەکی زۆر کاریگەری هەیە. تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر یۆنان و بەتایبەت لە دەریای ناوەڕاستدا، هەڕەشەیەکی گرنگە. هەروەها تورکیا چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە. هەرچەندە ئێران لە بواری مووشەکی زەمینیدا پێشکەوتووە، بەڵام لە بواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا لە تورکیا پێشکەوتر نییە. بە واتایەکی تر، هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا نیگەرانی و مەترسییەکی جیددییان بۆ وڵاتانی دەوروبەر دروست کردووە.

ئایا سیستەمێکی پێشکەوتووی شەڕکردن لە دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە؟

پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای بەرگری و تەکنەلۆجیای هەرزان بەرامبەر ئەم فڕۆکانە ئامانجی سەرەکی زۆرێک لە وڵاتان و زلهێزەکانە. بۆ نموونە یۆنان لە ناوەڕاستی گەڕاندایە لە دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا. ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دژی فڕۆکەکانی تورکیا هەڵوێستیان هەیە. فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بە ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و چەندین جار ناڕەزایی خۆی لە فرۆشتنی ئەم چەکە دەربڕیوە. ئەوان ڕایانگەیاند کە فڕۆکەکانی تورکیایان لەکاریگەری خستووە. لە ڕاستیدا ڕووسیا تا ئەو جێگا ڕۆیشتەپێش کە لە پێشانگایەکدا لە مۆسکۆ لە 15ی ئابی 2023دا، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی تورکیای نمایش کرد کە خستبوونیە خوارەوە.

ڕاستە ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “TB2 Bayraktar”ی تورکی لە شەڕەکەیدا لە ئۆکرانیا تا ڕادەیەک لەکاریگەری خستبوو، بەڵام ئەو ڕێکارە تەواوی و 100٪ مسۆگەر نەبوو. دوای ئەوەی ڕووسیا تواناکانی خۆی لە شەڕی ئەلیکترۆنیدا پەرەی پێدا، تا ڕادەیەک کاریگەرییەکانی خۆی زیاد کرد. بەڵام تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێشتا لە شەڕدا جێگەی گرنگی هەیە.

بەڵام تا ئێستا هیچ تەکنیکێک ئەم چەکە ئاسمانییەی بە تەواوی لەکاریگەری نەخستووە. سیستەمی بەرگری ئاسمانی کە هەموو ڕووی زەوی دەپارێزێت ناسراوترین و پێشکەوتووترین ڕێکارن. پێشکەوتووترینیان سیستەمی ئیسرائیلە کە پێی دەوترێت “گونبەدی ئاسنین”. ڕێگایەکی تر ئەوەیە کە لەڕێگای فڕۆکەکانی ترەوە لەکارگەری بخرێت. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای بە فڕۆکەی F-16 لە سوریا خستە خوارەوە. شێوازێکی دیکە بریتییە لە بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی هەماهەنگی ئەم فڕۆکانە. لە ئێستادا هەموو وڵاتان هەوڵی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدەن لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵی پەرەپێدانی سیستەمێکی جەنگی ئەلیکترۆنی دەدەن کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەکاریگەری بخات.

لە یەمەن هێشتا حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا لە دەریای سوور. ئەمریکا ناتوانێت بە بەردەوامی و بێ ناوبڕ بەرگری لە خۆی بکات. بەڵێ ڕووسیا چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەدەستی ئۆکرانیا لەناوبرد، بەڵام نەیدەتوانی بەتەواوی لەکاریگەرییان بخات. کاتێک هەموو ئەم پازێلانە لەپاڵ یەکتر دادەنێین، ئەم ڕاستییەمان بۆ وێنا دەبێت: هیچ شێوازێکی بەردەوام و بێ ناوبڕ نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئەو فڕۆکانەی کە دەتوانن لە ئاستێکی نزمیشدا بفڕن و بەشێوەی ناسک و تەنک دروستکراون، دەتوانێت لە زۆرێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی گەورە دەرباز ببن. بەڵام لە ئەنجامدا ئەم فڕۆکانە خاوەنی ڕاداری خۆپارێزی نین.

کێ چەکی دژە درۆنی داوە بە پەکەکە؟

گرنگترین پرسیار ئەوەیە کێ ئەو چەکی دژە درۆنەی بە پەکەکە داوە؟ هەرچەندە هەندێک لە بازنەی پەکەکە سەرەتا ڕایانگەیاندبوو کە پەکەکە خۆی دروستی کردووە، دواتر وتەبێژی هەپەگە وتی “هەندێک لە دۆستەکانمان ئەو چەکەیان پێداوین”.

هەروەها بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون، ئەو لایەنەی کە ئەو چەکانەی داوە بە پەکەکە، ڕووسیایە. ڕووسیا وەکوو تۆڵەیەک لە تورکیا، ئەم چەکەی بە پەکەکە داوە، لەبەر ئەوەی کە تورکیا چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە، ڕووسیاش دەیهەوێ تورکیا بخاتە تەنگانەوە. هەروەها پەکەکە بە بێ ئیزنی ئەو دەولەتەی کە چەکەکەی پێداوە، ناتوانی سەرچاوەی دابینکردنی چەکەکە ئاشکرا بکات.

هەندێک سەرچاوەی نزیک لە پەکەکە دەڵێن، ڕووسیا ئەو چەکانەی لە ڕێگەی فڕۆکەی مەدەنییەوە هێناوەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و ڕادەستی پەکەکەیان کردووە. هەروەها ڕووسیا هەندێک ئامێری چاودێری ئاسمانی بینینی شەوان، واتە ئامێری پێشکەوتووی وەک “دووربین-تەلەسکۆپ”ی بۆ PKK دابین کردووە. ئەم دووربینە دەتوانێت لە زووترین کاتدا درۆنەکان دەستنیشان بکات.

زانراوە کە 2 ئەندازیاری ڕووسی لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکانە مەشق و ڕاهێنانیان بە یەکەی پەکەکە کردووە. بەڵام ئەم ئامێرە تەنها لە دەستی یەک بۆ دوو یەکینەی پەکەکەدایە.

سەرچاوەکانی پەکەکە ئەم زانیاریانە دەدەن و ئەم زانیاریانەش لەلایەن سەرچاوەکانی ئێمەوە پشتڕاست دەکرێنەوە.

واتە ئەم سیستەمە دژ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنها لە دەستی یەک یان دوو یەکەدایە. پەکەکە بۆسە لەسەر چەند گردێکی ستراتیژی دادەنێت و چاوەڕێی ئەوە دەکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەلایدا تێپەڕێت و کاتێک درۆنەکە تووشی ئاستەنگ دەبێت، تەقەی لێدەکرێت. لە کۆی 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە تا ئێستا پەکەکە ئیدیعای خستنەخوارەوەیان دەکات، 5 فڕۆکەیان لە گارە و 5 فڕۆکەی دیکەش لە قەندیل خراونەتە خوارەوە. لە ڕاستیدا تەکنیکی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنها لە ژمارەیەک ناوچەی سنووردار بەکاردەهێنرێت و ئەم چەکە لە هەموو ناوچەکان بەکارنایەت.

کاتێک ئەم بابەتانە پێکەوە لێکدەدەینەوە، دەبینین کە هەپەگە خاوەن تەکنەلۆژیای دژە درۆنی مسۆگەر نییە، هەندێک لایەن ئەم چەکەیان بە ڕێژەیەکی سنووردار بە پەکەکە داوە.

بۆچی پەکەکە ئەوەندە بە فراوانی مامەڵەی لەگەڵ مژاری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات؟ مەبەستیان چی بوو؟ ئایا بەڕاست پەکەکە دەتوانێت ئەم چەکە لە بەرەکانی شەڕدا بەکاربهێنێت؟ لە بەشی دووەمدا وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە دەدەینەوە.

پوستێن ھەمان بەش