ڕەشنووسی توێژینەوەیەک لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کیشەی ژنان ـ 2

ڕەشنووسی توێژینەوەیەک لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کیشەی ژنان

بەشی دووەم: یەکەمین ئەندامی ژنی پەکەکە (کەسیرە ئۆجەلان) و کەسایەتی ڕاستەقینەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان چیرۆکێکی زۆر خۆش دەگێڕێتەوە و تێیدا نزیکایەتییە تایبەت و پەیوەندییە ئایدئۆلۆژیەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و باس لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ژنان و پرسی ژن لەناو پەکەکەدا دەکات. نەک تەنها لە پرسی ژناند، بەڵکوو لە هەمووی مێژووی پەکەکەدا، ئۆجەلان وەکوو خوداوەند و هێزێکی ئیلاهی پێناسە دەکرێت.

ڕۆڵگێڕی سەرەکی لەم چیرۆکەدا ئۆجەلانە، بەو سیفەتە پێغەمبەرانە ـ ئیلاهییە بێ کەموکوڕییانەی کە هەموو شتێک لە ئەوەوە دەست پێدەکات و هەموو شتێک بە ئەو کۆتایی دێت. لە لایەکی تریشەوە بەندە و شوێنکەوتوانی و هەروەها دوژمنەکانی هەن کە دەیانەوێت لە ئۆجەلان تێبگەن. تەواوی مێژووی ژیانی پەکەکە و ئۆجەلان بەم سیفەتە ئیلاهییانە ڕاڤە دەکرێت. ئەم گێڕانەوەیە کە وەک ڕۆمانێک لە دەوری ئۆجەلان هۆنراوتەوە، لە پەکەکە و جێنشینەکانیدا وەک میتۆدێکی مێژوویی وەسف دەکرێت. گێڕانەوەیەکی مێژوویی هاوشێوە لە سەر دۆخی ژنانیش هەیە. بەگوێرەی ئەو چیرۆکەی کە لەلایەن پەکەکەوە هۆنراوەتەوە و دەگێڕدرێتەوە، ئۆجەلان کاتێک کە هێشتا منداڵ بووە “لە دژی پرسی ژن و هاوسەرگیری وەستاوەتەوە،ڕەتی کردۆتەوە کە ژن وەک موڵکی پیاو ببینرێت”. بە پێی هەمان چیرۆک ئۆجەلان لە دایکیدا بینی کە ژنان چەندە ژێردەستەن و دوای ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسیرا (فاتمە) کرد، تێگەیشت کە هاوسەرگیری چەندە پەیوەندییەکی کۆیلەدارییە. دوای ئەوە بڕیاریدا کە بزووتنەوەی ژنان پێشبخات و ژنان ئازاد بکات…”

هەموو ئەو کتێب و بابەت و وتارانەی لەسەر مێژووی ژنانی پەکەکە نووسراون، سەرچاوەکەیان بۆ سەر بنەمای ئەم کورتە چیرۆکە دەگەڕێتەوە. لە ئەنجامی ئەم چیرۆکە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە “پێش ئۆجەلان هەموو ژنەکان کۆیلە بوون، ئۆجەلان ژنانی ئازاد کردووە، هیچ سەرکردەیەکی جیهان بە ئەندازەی ئۆجەلان ژنانی ئازاد نەکردووە. ئۆجەلان هەموو دواکەوتوویی جیهانی لە کەسایەتی ژندا لەناوبرد و هتد…”. ئەگەرچی پەکەکە-ئۆجەلان چیرۆکەکەیان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە، بەڵام ئەم چیرۆکە درۆیینە و ڕاستییەکەی زۆر جیاوازە.

ئێمە ئەم ڕاستییە دەزانین کە چوار کاریگەری بنەڕەتیی ئۆجەلان لەسەر کێشەی ژنان هەیە. یەکەمیان باری دەروونی ئۆجەلان، باری پاتۆلۆژیک و خۆپەرستییەکەی. دووەم؛ ئەو شتانەی کە بۆ بەردەوامی حزبەکەی پێویستن. سێیەم؛ ئە بانگەشە و پڕوپاگەندایەی کە بۆ خەڵک و ڕای گشتی دەکرێن. چوارەم؛ ئەو ئامانجە سەرەکیەی کە پەکەکە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، باس دەکرێت. بە واتایەکی تر لەناو پەکەکەدا هەموو ڕووداوەکان لەسەر ئەم چوار بەرەیە هەڵدەسەنگێندرێن و شرۆڤەیان بۆ دەکرێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێویستە لەم سۆنگەیەوە سەیری ڕوانگەی ئۆجەلان لەهەمبەر ژنان بکەین.

سەرەتای ژن لە پەکەکەدا

ژنانی کورد بە پێچەوانەی ژنانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە بەشداری سیاسەت و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەیان بوون. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، شوێنپێی ژنی کورد لە خەباتی نەتەوەیی کورداندا زۆر بەرجەستەیە و هەموو کەس دەتوانێ بیبینێت.

دیسان لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژنانی کورد لە بزاڤی سیاسی کوردستاندا بەشدار بوون و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. پێگەی ژن لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا، بەتایبەت ئەو ژنانەی کە دەرفەتی خوێندن و ڕۆشنگەرییان بۆ ڕەخسابوو، یەکسەر لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکاندا دەستیان بە چالاکی کرد. شێرەژنێک وەکوو لەیلا قاسم لەکاتیکدا کە هێشتا پەکەکە لە هیچ قوژبن و بازاڕێکدا دیار نەبوون، وەکوو سیمبولێکی نەتەوەیی لە مەیداندا بوون، بەرخۆدانی گەورەیان نیشان دا و بوون بە هێمای کەرامەت و شانازیی بۆ هەموو نەتەوەی کورد. هەروەها لە زۆرێک لە بزووتنەوەکانی کوردستاندا ژن ڕۆڵی بەرچاوی هەیە.

بۆیە ئەو تیۆرییەی کە ژنی کورد لەگەڵ پەکەکە چووەتە ناو سیاسەت و ئەو بانگەشەیەی کە یەکەم بزووتنەوەی ژنی کورد لەلایەن پەکەکەوە دامەزراوە، فڕی بە ڕاستییەوە نییە. لە گروپی یەکەمی پەکەکە ژن نییە و یەکەم ژن کە پەیوەندی بە گروپی ئەنقەرە کردووە کەسیرە یڵدرم (فاتمە)یە. بەشداریی کەسیرەش زۆر سەرنجڕاکێشە. وردەکارییەکانی پەیوەندی نێوان کەسیرە و ئۆجەلان لە ڕاستیدا یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە هەڵوێست و عەقڵیەتی ئۆجەلان بەرامبەر بە ژنان، تێبگەین.

ئۆجەلان و کەسیرە (فاتمە) چۆن یەکتریان بینی؟

کەسیرە یڵدرم لە ساڵی 1951 لە کاراکۆچان لەدایک بووە. مامۆستا بووە و دواتر کاتێک لە قوتابخانەی ڕۆژنامەگەری و پەخشی زانکۆی خازی بووە، گوێی لە گرووپی یەکەمی پەکەکە بووە. بەڵام ئەو درێژە بە خوێندن دەدات و پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات، خوێندنەکەی تەواو دەکات.

ئێمە بەگشتی ئەوە دەزانین کە باوکی کەسیرە کارمەندی دەزگای هەواڵگریی “میت” بووە، بەڵام وردەکاری زیاترمان لەبارەوە نەدەزانی. هەتا ئەو کاتەی کە ئووگوور مومجوو ئاشکرای نەکردبوو نەدەزانرا کە عەلی یڵدرم بابی کەسیرە، کارمەندی چالاکی “میت” بووە. کاتێک ئووگوور مومجوو ئەوەی ئاشکرا کرد، ئۆجەلان یەکسەر قبووڵی کرد. ئاپۆ دەیزانی کە ئینکاری ئەم ڕاستییە دۆخەکە خراپتر دەکات و گوتی ‘ویستم لەو سیستەمە ڕزگاری بکەم’.

بەڵام علی یڵدرم لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە ساڵی 1981 بۆ ڕۆژنامەی میلییەتی تورکی دەڵێت: “تا تەمەنی 18 ساڵی کچەکەم پەروەردە کرد، دوای ئەو تەمەنە کچەکەم بوو بە کچی دەوڵەت”. ئەگەر کەسیرە کچی دەوڵەتە، چۆن بەدوای ئۆجەلان کەوت؟

کەسیرە کاتێک پەکەکەی ناسی کە هێشتا گرووپێکی بچووک بوو و پەیوەندی بەو گرووپەوە کرد. لێرەدا ئەم دوو پرسیارە کە “ئایا فاتمە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ناو گروپی پەکەکە نێردراوە؟ بۆچی باوکی وتی کچەکەم کچی دەوڵەتە؟”، زۆر سەرنجڕاکێشن. بابەتێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کاتێک کەسێرە لەگەڵ ئۆجەلان ئاهەنگیان گێڕا، بنەماڵەی کەسیرە دەیانزانی، بەڵام بەشداری ئەم ئاهەنگەیان نەکرد. هەروەها ئۆجەلان، “عەلی حەیدەر قەیتان” دەنێرێت بۆ ماڵی کەسیرە و دەڵێت، ئێستا خێزانەکە پرسیار دەکەن زاواکەیان کێیە، منیان پێ بناسێنە. بەڵام عەلی حەیدەر قەیتان، لە کتێبی “لەسەر مێزی خۆر”دا دەڵێت “کاتێک چووەتە ماڵەوە، بنەماڵەی کەسیرە هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە کچەکەیان هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دەکات”. لەو قۆناغەدا و لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کچێکی عەلەوی شوو بە پیاوێکی سوننە دەکات و ئەم پیاوە سەرکردەی بزووتنەوەیەک دەبێت و بنەماڵەی کچەکەش گرنگ نییە شوو بە کێ دەکات. ئەم هەڵوێستەی بنەماڵە گومانەکان زیاتر دەکات کە کەسیرە لەلایەن حکومەتەکەتەوە ڕەوانەی پەکەکە کراوە.

مرۆڤ دەتوانێت لە قسەکانی عەلی حەیدەر قەیتاندا زۆرترین زانیاری لەسەر بابەتی کەسیرە بدۆزێتەوە. چونکە لە جەوهەردا عەلی حەیدەر قەیتان ئەو کەسەیە کە بۆ یەکەمجار عاشقی کەسیرە بووە و هێناویەتییە ناو گروپی پەکەکەوە، بەڵام ئاپۆ کەسیرەی لە دەستی دەرهێنا و کردی بە هاوسەری خۆی.

چیرۆکی زەماوەندەکەی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرە بەم شێوەیەیە: “لە ساڵی 1976 گروپی سەرەکی پەکەکە دەستیان بە چوون بۆ کوردستان کرد و ئۆجەلان گوتی دەبێ کەسێرێش بچێت. فاتمە ئەمە قبوڵ ناکات و کاتێک دەڵێت من ناتوانم بە تەنیا بچمە ناوچەکە، ئۆجەلان بە ئامادەبوونی عەلی حەیدەر قەیتان پێی دەڵێت: ‘باشتر دەبێت ئەگەر لەگەڵ کەسێکی گروپەکەدا بچیت’. بە کەسیرە دەڵێت بیر لەم پێشنیازە بکەرەوە.

کەسیرە لە گروپەکەدا کەسێکی خەڵکی دیلۆک بە ناوی عیسمەت کیلیچ دەناسێت و عیسمەت لە هەموو شوێنێک کەسیرە وەکوو دەزگیرانی خۆی دەناسێنێت. بەڵام لێرەدا شتێکی سەرنجڕاکێش ڕوودەدات و هەرچەندە ئۆجەلان دەزانێت فاتمە دەزگیرانی عیسمەتە، بەڵام قسەی لەگەڵ دەکات و قەناعەتی پێدەهێنێت. فاتمە لە عیسمەت جیا دەبێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلان دەکات. لە ڕاستیدا پەیوەندی نێوانیان و نیشانەکردن و هاوسەرگیریەکەیان زۆر ئاڵۆز و ناڕوونە. چونکە پێش هەموو شتێک کەسیرە سەرەتا نایەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلان بکات. لە ڕاستیدا بە گوتەی عەلی حەیدەر قەیتان، کەسیرە دەڵێت “دەتوانم لەگەڵ شوانی ناوچەکەمدا بژیم، بەڵام بەڕاستی ژیان لەگەڵ عەبدوڵڵا زەحمەتە، کلتوری ئێمە زۆر جیاوازە و خاڵی هاوبەشی زۆر کەممان هەیە” و دەیەوێت ئۆجەلان بکاتە ئامانج. بەڵام بۆچی دەترسێت؟ ئایا فاتمە کارمەندی دەوڵەت بوو؟ ئایا ئەمە پەیوەندیی بە ناسنامەی باوکیەوە هەبووە؟ وەڵام ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن.

ئەندامانی پەکەکە دژی پەیوەندی نێوان ئۆجەلان و کەسیرە بوون

لەو کاتەدا گرووپێکی بچووک هەبوون کە هێشتا پەکەکە دانەمزرابوو، ئەو گرووپە کە کەسانێکی وەکوو “حەقی قەرار” و “کەمال پیر”ی لەخۆدەگرت، دژی هاوسەرگیریی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرەدا بوون. چونکە هەمووان پێیان وابوو کەسیرە سیخوڕە. جگە لەوەش کەسیرە پێشتر عیسمەتی پیشان داوە. عیسمەت لە هەموو شوێنێک دەڵێت “ئاپۆ ژنەکەمی لێ وەرگرتم” و هەموو ئەندامی گروپەکە لەم هەڵوێستەی ئاپۆ بێزار بوون.

لەکاتێکدا ئەندامانی گروپەکە بە ئۆجەلانیان وت، ئەگەر فاتمە ناڕازی بوو و کێشە دروست بوو، پێویستە نیشانەکردنەکە هەڵبوەشێتەوە. بەڵام ئۆجەلان هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات. بەپێی زانیارییەکانی عەلی حەیدەر قەیتان، ئۆجەلان دووجار وەڵامی ئەو گرووپەی داوەتەوە کە دەیانویست پەیوەندییەکانی ئەو لەگەڵ کەسیرە کۆتایی پێ بهێنن. ئۆجەلان سەبارەت بەم هەڵوێستەی گروپەکە دەڵێت: “من دەست لە کار دەکێشمەوە، ئەگەر ئێوە دەتوانن گروپەکە بەڕیوە ببەن، بەڕێوەی ببەن”. بەڵام گروپەکە لەم هەڵوێستەی خۆیان پاشگەز دبنەوە و تەسلیمی ئۆجەلان دەبن. ئۆجەلان هاوسەرگیریەکەی خۆی لەگەڵ کەسیرەدا بە زۆر بە سەر گروپەکە فەرز دەکات.

حەقی قەرار دەکوژرێت و ئۆجەلان هاوسەرگیری لەگەڵ کەسیرە دەکات

کاتێک هەموو ئەمانە ڕوودەدەن حەقی قەرار لە دیلۆک بوو. قەرار بە تەواوی دژی هاوسەرگیری ئۆجەلان و کەسیرە بوو. تەنانەت دەوترێت حەقی قەرار و کەمال پیر وتوویانە: “ئەم ژنە سیخوڕە، با بیکوژین”. هەفتەیەک پێش کوژرانی حەقی قەرار، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەچێتە دێلوک حەقی قەرار بە ناوی خۆی و هاوڕێیەکانیەوە یاداشتێکی 3 خاڵی بە ئۆجەلان دەدات.

1- دەبێ هەڤاڵ عەبدوڵڵا بە زووترین کات ئەنقەرە بەجێبهێڵێت و بێتە کوردستان.

2- گەشتکردن لەگەڵ سیخوڕێکی وەکوو “نەجاتی کایا” (پیلۆت) قبوڵکراو نیە و دەبێت دەستبەجێ پیلۆت لە حزب دووربخرێتەوە.

3- قبوڵ ناکرێت کەسیرە و هەڤاڵ عەبدوڵڵا لە ئەنقەرە لە یەک خانوودا بمێننەوە. خێزانی فاتمە پەیوەندییان بە میتەوە هەیە. لەوانەیە خۆدی فاتیمەش کارمەندی MIT بێت. هەروەها پێویستە ڕێگری لە گفتوگۆی لەم جۆرە دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ فاتمە بکرێت.

حەقی قەرار گەشتکردنی ئۆجەلان لەگەڵ سیخوڕ و ئاژانەکانی پێ قبوڵ ناکرێت و دەیەوێت عەبدوڵڵآ لە کەسیرێ جیاببێتەوە. ئۆجەلان ئەو یادداشتە وەردەگرێت و دەڵێ بە زووترین کات دێمە کوردستان و شاری دیلۆک بەجێدەهێڵێت. حەقی قەرار دوای 10 ڕۆژ لەم دیدارە لەگەڵ ئۆجەلان واتە لە 18ی ئایاری 1977دا تیرۆر کرا. ڕێک 6 ڕۆژ دوای کوژرانی حەقی قەرار، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هۆڵی ئاهەنگی بووک گواستنەوە لە پارکی گێنچلیک لە ئەنقەرە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسیرە یڵدرم کرد.

   بابەتێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئۆجەلان دەیگوت: “پەکەکەمان بە یادی حەقی قەرار دامەزراند، ئەو وەک ڕۆحی شاراوەی من بوو”، بەڵام هەر ئەم ئۆجەلانە لەکاتێکدا کە تا هێشتا تەرمی حەقی قەرار نەنێژرابوو، چووە سەر مێزی مارەبڕین دانیشێت و بۆ هاوسەرگیریی خۆی لەگەڵ کەسیرا ئاهەنگی گێڕا و شایی کرد.

چۆن دەبێت لە کێشەی کەسیرە تێبگەین؟

ئۆجەلان هەمیشە دەڵێت “لە کەسایەتی کەسیرەدا لە هەموو ژنان تێگەیشتم و دامەزراوەی بنەماڵەم چارەسەر کرد”. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە، ئێمە دەتوانین ڕووی ڕاستەقینەی ئۆجەلان و ڕەفتار و کەسایەتیەکەی لە پەیوەندیی کەسیرە و ئۆجەلاندا بە ڕوونی ببینین.

یەکەم ژن کە پەیوەندی بە پەکەکەوە کرد کەسیرە بوو، بەڵام ئەویش جێی گومان و کێشەساز بوو. بۆ ئەوەی مرۆڤ لەوە تێبگات کە ئایا بەڕاست ئۆجەلان و دەوڵەت هەر لە یەکەم ڕۆژەوە پێکەوە بوون، پێویستە بە باشی لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکەی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرە بکات. هەروەها کاتێک سەیری پەیوەندیی کەسیرە دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئۆجەلان دەتوانێت هەموو کەسێک بۆ خۆی بەکاربهێنێت. ئەو کەسەی کە بەڕاستی کەسیری خۆشدەویست عەلی حەیدەر قەیتان بوو. ئۆجەلان ئەمە باش دەزانێت، بەڵام دیسانیش قەیتان لەنێوان خۆی و کەسیرەدا دەکات بە پۆستە نامەبەر. لە ساڵی 1997دا ئۆجەلان لە عەلی حەیدەر قەیتان دەپرسێت: “ئایا تۆ هێشتا لێم توڕەیت، چونکە کەسیرێم لێ وەرگرتیت؟” عیسمەت کلچ دەزگیرانی کەسیرە بوو و ئۆجەلان کوشتی. لەبەرئەوەی حەقی قەرار لە دژی هاوسەرگیریی ئۆجەلان بوو لەگەڵ کەسیرە، کوژرا و هێشتا تەرمەکەی هەر لەسەر زەوی بوو کە کەسیرە و ئۆجەلان جلی بووک و زاوایان لەبەر کرد و ئاهەنگیان گێڕا و شایی و داوەتیان کرد. ئەم دۆخە بەشێک لە حەقیقەتی ئۆجەلان دەخاتە بەر چاومان.

وەک دەبینرێت پەیوەندی نێوان یەکەمین ژنی ناو پەکەکە (کەسیرە) لەگەڵ ئۆجەلاندا، نە لە یاسای کۆمەڵایەتی و نە لە یاسای گەلێری و نە لە یاسای شۆڕشگێڕیدا هیچ جێگەیەکی نییە. ئەم پەیوەندییە ناشەرعیە ڕێگەی لەبەردەم تاکڕەوی ئۆجەلان خۆشکرد بۆ ئەوەی ئۆجەلان ببێتە شەخسی یەکەم و کۆتایی. کەسیرە بۆ ماوەی دە ساڵ بەبێ پچڕان هەوڵیدا ئەو پیاوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ کردبوو بکات بە سەرۆکی پەکەکە. بەڵام دوای ئەوەی کە ژمارەی ژنان زیاتر بوون، کەسیرەش بەجۆرێک پشتگوێ خرا.

بەشی سێیەم: زیادبوونی ژمارەی ژنان لە ناو پەکەکەدا، پراکتیکەکانی لۆلان و بیقاع

پوستێن ھەمان بەش