ڕەشنووسی توێژینەوەیەک لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کیشەی ژنان -1

ڕەشنووسی توێژینەوەیەک لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کیشەی ژنان

بەشی یەکەم: پەکەکە مێژووی ژن چەواشە دەکات

عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنان و تێڕوانینی بەرامبەر بە ژنان، بابەتێکە کە شایەنی ئەوەیە لەزۆر لایەن و گۆشەنیگاوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کەم لەسەر ئەم بابەتە کراوە و ئەوانەش کە کراون لە ڕاستی و قووڵایی بابەتەکەوە دوورن. ئەم لێکۆڵینەوەیەی کە ئێئستە لە بەردەستی ئێوەدایە، لە ڕاستیدا کارێکی بنەڕەتی نییە کە بتوانێ نرخاندنی تەواو بۆ کێشەی ئۆجەلان و ژنان بکات، بەڵکوو زیاتر ڕەشنووسێکە لەسەر ئەم بابەتە. لەم ڕەشنووسەدا بە تایبەتی هەندێک زانیاری و ئەرشیف کۆکراونەتەوە و بۆ ئەوەی زانیارییە مێژووییانە نەفەوتن و ناوەکان لەبیر نەکرێن و ڕووداوەکان نەشاردرێنەوە، دەخرێتە بەر دیدی خوینەران. چونکە لێکۆڵینەوە بۆ تێگەیشتن لەمێژوو، لە بنەڕەتدا لێکۆڵینەوە لە ئەرشیف و تۆمارکردن و لێکدانەوەو شرۆڤەکردنیەتی.

ئەرشیفی مێژوویی پەکەکە بەتایبەتی دوای ساڵانی نەوەدەکان و حەفتاکان بەگشتی، زۆربەی ئەو زانیاری و ئەرشیفانەی کە ڕووی ڕاستەقینەی ئۆجەلان و پەکەکەیان ئاشکرا دەکرد، یان لەناوبران یانیش بە چەواشەکاریەوە بڵاوکرانەوە. چەواشەکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە ژنان لە پەکەکەدا لەوەش زیاترە. لە ڕاستیدا زۆر زانیاری مێژوویی لەلایەن پەکەکەیەوە شاردراوەتەوە. پرۆسەی مێژوویی لەلایەن پەکەکەوە وەک پێکهاتەیەکی ئایینی ـ عیرفانی کە تێیدا ئۆجەلان و ئەوانەی ژیانیان لەدەستداوە، بە پیرۆز دادەنرێن، خەیاڵی کراوە و وەکوو مێژووی ژنانی پەکەکە دەخرێنە بەردەم خەڵک. کەس چیرۆک و چارەنووسی ئەو کەسانە نازانێت کە کوژراون، کەس ئاگای لە بەسەرهاتی ئەو بەڕێوەبەرە پیاوانە نیە کەوا بێسەروشوێن کراون، کەس چیرۆکی ئەو ژنانەی کە لە ماڵی ئۆجەلاندا ژیاون و ئەو ژنانەی کە ئۆجەلان بە فریشتە وەسفی کردوون، نازانێت.

دەوڵەتی تورکیا جاروبار هێندێ شتی لەبارەی ژیانی ئۆجەلان لەگەڵ ژنان و مەسەلەی ژنان لە ناو پەکەکەدا، نووسیوە. لەو نووسراوانەی دەوڵەتی تورکدا “ژنانی ناو پەکەکە وەکوو کەسانێکی هەژار و قوربانی باس کراون کە هەمیشە دەستدرێژییان دەکرێتە سەر”. بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ئەم شێوازە دەربڕینە، زیاتر بە قازانجی پەکەکەیە و بەهێزتری دەکات.

هەردوو شێوازی گێڕانەوەکە گوزارشت لە ڕاستییەکان ناکەن، مێژووی ڕووداوەکە، کەس و کاریگەرییەکان و ئەنجامەکانی ئاشکرا ناکەن. بۆیە لە واقیعدا کۆمەڵگەی کوردی زانیاری دروستی لەسەر ئەم بابەتە نییە. توێژینەوەکەی ئێمە بە ئامانجی ڕوونکردنەوەی ئەم ڕاستییەیە.

بۆ کۆکردنەوەی ئەم زانیاریانە، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ 11 ژن کردووە کە لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 1999 لەگەڵ ئۆجەلان ماونەتەوە. جگە لەوەش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەندێک ڕووداوی گشتی، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ 15 پیاویشدا کردووە. دیارە ئەو کەسانەی لەگەڵ ئێمە کۆبونەوە و قسەیان بۆ کردووین، بەهۆی هەڕەشەکانی پەکەکەوە نایانهەوێ ناوەکانیان ئاشکرا بکرێ.

پوختەی ڕوانگەی پەکەکە لەسەر ژن چییە؟

هەرکەسێک لەسەر پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ ژنان بنووسێت، یەکسەر وەکوو سیخوڕ، خائین، دوژمن و هتد… ناودەبرێت. بۆیە تۆ ئەرگر ئۆجەلانت قبووڵ بێت، بۆت نیە بەهیچ شێوەیەک باسی ئەم بابەتە بکەیت. تەنها پرسیاری ئەوە کە “بۆچی ئۆجەلان لە ماڵەکەیدا لە دیمەشق، لەگەڵ ژناندا دەژیا؟”، دەبێتە هۆی ئەوەی لە لایەن پەکەکەەوە بە دوژمن بناسرێیت. کاتێک کە پەکەکە لە وانە و کۆڕەکانیدا باسی ئیسلام دەکات، دەڵێت: “محەممەد لەگەڵ عائیشەی تەمەن 9 ساڵان هاوسەرگیری کردووە و ئەمە بێ ئەخلاقییە”. بەڵام کاتێک تۆ بڵێی “ئۆجەلان بۆچی لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ ژناندا دەژیا؟” یەکسەر وەبەر ڕق و نەفرەت دەکەویت. هەربۆیە پەکەکە ـ ئۆجەلان لە مەسەلەی ژندا لە ئایینەکان توندوتیژترە و شک، لێپرسین و گومانکردن لە سەر پەیوەندیەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ژناندا، دەبێتە هۆی کوژرانی مرۆڤ.

پوختەی مێژووی ژن کە پەکەکە باسی دەکات بەم شێوەیەیە: “پێش پەکەکە ژنی کورد هەمان بەهای ئاژەڵی هەبوو، لە هیچ شوێنێکی جیهان ناویان نەبوو، ژن لە ناو کۆیلایەتییەکی گەورەدا گیری خواردبوو. ژنانی کورد ڕزگاریی خۆیان لە پەکەکە دۆزیەوە، بە ناسینی ئۆجەلان ڕۆشنبیر بوون و ئۆجەلانیش ژنانی ڕزگار کرد”. ئەمە پوختەی لێدوانەکەی پەکەکەیە سەبارەت بە ژنان.

ئەم لیدوانانی پەکەک جگە لە پڕوپاگەندە، هیچ ڕاستییەکی مێژوویی تێدا نیە. ژنانی کورد هەمیشە لە ژنانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی زیاتریان هەبووە. هەروەها زانراوە کە ژنانی کوردستان پێش دروستبوونی پەکەکە هاتوونەتە ناو شەڕ و سیاسەتەوە. یەکەم ژنەکان کە چەکیان هەڵگرت، پەکەکەیی نەبوون. ژنانی کورد لە هەموو بڕگە مێژووییەکاندا ئەرک و بەرپرسایەتی و هەلوێستیان هەبووە و ژنانی کورد پەیوەندییان بە کۆماری چیای ئاراراتەوە کردووە. جگە لەوەش بەرلەوەی پەکەکە دروست ببێت، ژنان وەکوو پێشمەرگە لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون و ڕۆڵیان هەبووە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی پێشمەرگەی ژن لە ڕۆژهەڵات نزیک بوو لە ژمارەی پیاوان. پەکەکە وەکوو هەمیشە دەیهەوێت بە نکۆڵیکردن لە هەموو مێژووی کورد، بڵێت خەباتی ژنانی کوردستان دوای دامەزرانی پەکەکە دەستیپێکردووە.

جەمیل بایک: ژنان ڕیبەر ئاپۆیان شێت و هار کرد

بابەتی هەرە بنەڕەتی کە پەکەکە زۆری پێ حەساسە، بابەتی تایبەت بە پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ ژنانە. ئێمە تەنیا ئەوە دەزانین کە ئۆجەلان لە دیمەشق لە سێ ماڵدا لەگەڵ ژناندا دەژیا هەر ماوە ناماوەیەکیش ئەو ژنانەی گۆڕیون. هەموو داتاکان ئەوە دەردەخەن کە پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ ئەم ژنانەدا لە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی ئاسایی قووڵتر بووە. پەکەکە لە بەرانبەر ئەم بابەتەدا کاردانەوەی زۆر توندی هەیە. دیارە گومانی تێدا نیە کە ڕەوشەکە ئەوەندە ئاسایی نیە. بەر لە هەر کەسێک بەشێک لە بەڕێوەبرانی پەکەکە وەکوو جەمیل بایک، ڕەزا ئاڵتون، عەلی حەیدەر قەیتان و دوران کاڵکان لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە ئۆجەلان چۆناوچۆن لەگەڵ ئەو ژنانەدا ژیاوە.

دوای گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا، جەمیل بایک لە ساڵی 2000دا بە هەڤاڵانی دەوروبەری خۆی گوتبوو: “ژنان سەرۆکیان شێت و هار کردبوو”. لە ڕاستیدا ئەم سەرکردانەی پەکەکە زۆر باش دەیانزانی ئۆجەلان چۆن لەگەڵ ژناندا دەژی و ئۆجەلان چۆن ژنان وەکوو سیخوڕ لە ڕێکخراوەکەدا بەکاردەهێنێت. خودی جەمیل بایک خۆی دوای ڕۆیشتنی ئۆجەلان بۆ ئیمرالی، واتە لە ساڵانی نێوان 1999 بۆ 2007، شەڕی دژ بە ژنانی ئۆجەلان ڕاگەیاند. ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە لەگەڵ ڕۆیشتنی ئۆجەلان ڕێکخراوەکەیان بەجێهێشت و ئەوانی دیکەش تەسلیمی پەکەکەی جەمیل بایک بوون.

بە واتایەکی دیکە تەنانەت سەرکردە دێرینەکانی پەکەکەش نەیانتوانیبوو ژیانی ئۆجەلان لەگەڵ ژنان بەم شێوەیە قبووڵ بکەن.

ڕەوشێکی وەها ڕوون و ئاشکرا لە گۆڕێدایە، بەڵام ئەم کەسانە داوامان لێدەکەن تێکەڵ بە خەتی ئۆجەلان ببین و خاوەندارێتی لە فەلسەفەکەی بکەین. هاوکات داوا دەکرێت کە هەموو ژنان ئۆجەلان وەکوو ڕێبەری ئازادی قبووڵ بکەن.

پوستێن ھەمان بەش