بەنگینی چەند ڕوو

بەنگینی چەند ڕوو

“بەنگینی چەند ڕوو” نە دڵی بۆ خەڵکی رۆژئاوا دەسووتێت و نە زۆریشی کەیف بە پەکەکە دێت و نە بەو ڕادەیەش رقی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو ئەو کارانە تەنها وەکوو خۆشیرینییەک بۆ پەکەکە دەکات.

سمکۆ عەبدولعەزیز

بەنگین عەفرینی گۆرانیبێژێکی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو کەسە لە راستیدا هاوشێوەی دەڵقەکی ناو سیرکەکانە. دەڵقەکی ناو سیرک هەر رۆژەو لە شوێنیک یاری دەکات و رۆڵی یاری کردن و شوێنەکەی بەردەوام دەگۆڕدرێت. پەندێکی کوردیش لەو بارەوە هەیە کە دەڵێت “هەر رۆژەو لەسەر گوریسێک نمایش دەکات”. ئەو پەندە کوردیە لەسەر ئەو کەسانە گوتراوە کە هیچکات لەسەر بیر و هزر و رەفتار و رێبازێک بەردەوام نابن و بەیانیان شتیک دەڵێن و نیوەڕۆ با دەدەنەوە و شتیکی دیکە دەڵێن و ئێوارە و شەوانەش شتێکی دیکەی پێچەوانەی ئەوە دەڵێن کە بەیانی و نیوەڕۆ باسیان کردبوو. بەو جۆرە کەسانەی دەڵێن لەهەر لایەکەوە بای بێت شەن دەکات یان پێیان دەڵێن هەر رۆژەو لەسەر گوریسێک نمایش دەکات. بەنگین عەفرینی لەو جۆرە کەسانەیە.

بەنگین عەفرینی بەر لەوەی بڕواتە ئورووپا و ببێتە پەنابەر، لە رۆژئاوای کوردستاندا بەردەوام گۆرانیی بە بەژن و باڵای حافز ئەسەد و حیزبی بەعسدا دەگوت و لە ئاهەنگەکانی حیزبی بەعسی سووریەدا خۆی کردبووە گاڵتەجاڕ بۆ ئەوەی بتوانێت بڕە پارەیەکی دەست بکەوێت. لە راستیدا بەنگین بە پارەی حیزبی بەعس و هاوکاریی بەعسیەکان توانی خۆی بگەیەنێتە ئورووپا. کە گەشتە ئورووپاش داوای مافی پەنابەرێتی کرد و گوتی لە دەست وەحشیگەریەکانی بەعس هەڵاتووم. سەرئەنجام لە ئورووپا مافی پەنابەرێتیی وەرگرت و لە ریستۆرانتەکاندا بوو بە قاپ شۆر و لە دیلان و ئاهەنگی کوردەکانیشدا گۆرانیی دەگوت. جارێکیان کەناڵی “مەد تیڤی” پەکەکە دەعوەتیان کرد بۆ بەرنامەیەک و لەوێ گۆرانیەکی بەباڵای ئاپۆدا گوت. ناوی گۆرانیەکەی “تۆ سەرۆکی، تۆ رێبەری” بوو. لە راستیدا ئەو گۆرانیەی پێشتر بۆ حافز ئەسەد گوتبوو و ئەمجارە تەنها ناوەکەی حافز ئەسەدی گۆڕیبوو بۆ ئاپۆ. پاش ئەو گۆرانیە وەکوو ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە “مەد تیڤی” پەکەکەدا دەرکەوت رۆژانە چوار جار لەسەر شاشەی مەد تیڤی پیشان دەدرا.

پاش ساڵی 2005 و کاتێک بارودۆخی باشووری کوردستان خۆش بوو، سەردانی باشووری کوردستانی کرد و لە ئاهەنگێکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەشداریی کرد. لەو مەراسیمەشدا جارێکی دیکە گۆرانیی “تۆ سەرۆکی، تۆ ریبەری”ی گوتەوە و ئەمجارە لەباتی ناوی ئاپۆ، ناوی رێبەری گەلی کورد “مەسعوود بارزانی”ی لەجێگای دانا. پاش ئەوەی کە ئاهەنگەکە کۆتایی پێهات لە رێگای ژمارەیەک لە کادرەکانی پەکەکەوە ئاگادار کرایەوە کە جارێکی دیکە بۆی نیە ئەو گۆرانیە بڵێتەوە کە ناوی رێبەری گەلی کورد “مەسعوود بارزانی” تیدا بێت. بەنگین لە وەڵامدا گوتی: “ئێوە لەبەرچی بەو گۆرانیە قەڵسن؟ من لە رێگای ئەو گۆرانیەوە جێگا و پیگەیەکی باشم لەناو پەکەکەدا بەدەستهێناوە”. پاشان بوو بە دەهۆڵ کوتی باشووری کوردستان و حیزبەکانی باشوور بڕێکی زۆر پارەیان پێدا تا گۆرانیان بەسەردا هەڵبڵێت. بەهۆی ئەو پارانەوە، دۆخێ ئابووریی باش بوو. دۆخەکەی ئەوەندە بەدڵ بوو کە دەیهەویست بە یەکجاریی لە باشووری کوردستان نیشتەجێ ببێت و لە کەناڵی “کوردستان تی ڤی”دا بەرنامەیەک پێشکەش بکات. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی کوردستان تی ڤی قبووڵیان نەکرد و بەو بەناچار گەڕایەوە ئورووپا.

پاش گەڕانەوەی بۆ ئورووپاش، بەهۆی رۆیشتنی بۆ باشوور و تاریف کردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە دەرکەوتنی ئەویان لە میدیاکانی خۆیاندا قەدەغە کرد و وەکوو کونەبەبوو پەرتەوازەی کۆڵانەکان بوو.

بەڵام هەروەکوو کوردان دەڵێن، ریوی خۆی بەتەڵەوە ناکات. پاش ئەوەی کە رۆژئاوای کوردستان نیمچە ئازادییەکی بەدەستهێنا، بە بیانووی سەردانی کردنی بنەماڵە و خزم و کەسەکانی، خۆی گەیاندەوە رۆژئاوای کوردستان و لەوێ رۆیشتە بنکەکانی پەکەکە، رەخنەی لە خۆی گرت و داوای لێبووردنی لە پەکەکە کرد. دیارە پەکەکە هێشتا رازی نەبوو، مەرجی پەکەکە ئەوە بوو کە پێویستە بەنگین لە پێش چاوی خەڵک رەخنە لە خۆی بگرێت و داوای لێبووردن بکات و بڵێ من هەڵەم کردووە. بەنگین بەو داخوازیەی پەکەکە رازی بوو و لە چەند ئاهەنگیکی رۆژئاوادا رەخنەی لە خۆی گرت و بە دەنگێکی بەرز گوتی من غەڵەتم کرد و داوای لێبووردن دەکەم.

دیارە دیسانیش پەکەکە هاوشێوەی پێشوو بایەخی پێ نەدا، بۆیە جارێکی دیکە گەڕایەوە ئورووپا و لە ژیانی کۆنەبەبوو ئاسای خۆی بەردەوام بوو. لە ساڵی 2020دا جارێکی دیکە رۆیشتەوە بۆ باشووری کوردستان و لە کەناڵی “وار تی ڤی” باشوردا بەرنامەیەکی هونەریی پێشکەش دەکرد بەڵام پاش ئەوەی لە میانەی بەرنامەکەدا کۆمەڵێک کاری ناشایستی ئەنجامدا، لەوێش دەرکرا.

لە ئێستادا و پاش ئەوەی کە بەهۆی پەلاماری گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پەکەکە و زیان گەیاندن بە پاسەوانەکانی دەروازەی سنووریی سێمالکا، دەروازەکە داخراوە، ئەو زاتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەستی کردووە بە هێرش کردن بۆ سەر حکوومەتی باشووری کوردستان. دیارە هەموو کەس باش دەزانێت کە “بەنگینی چەند ڕوو” نە دڵی بۆ خەڵکی رۆژئاوا دەسووتێت و نە زۆریشی کەیف بە پەکەکە دێت و نە بەو ڕادەیەش رقی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو ئەو کارانە وەکوو خۆشیرینییەک بۆ پەکەکە دەکات. بە کورتی بەنگین عەفرینی هاوشێوەی ئەو کەسەیە کە کاتێک ئاگر بەر دەبێتە ماڵی کەسێک، پڕ بە گەروو هاوار دەکات و دەڵێت راوەستن جارێ ئاگرەکە مەکووژێننەوە با من کەبابەکەی خۆمی لەسەر ببرژێنم.

پوستێن ھەمان بەش