پەکەکە پیلانەکانی خۆی دژ بە باشووری کوردستان ئیفشا کرد

پێویستە پەکەکە باش بزانێت کە خەڵک وشیارن و ئیدی هەر کەسێک کە تۆزقاڵێک مێشکی کار بکات، بە درۆیەکانی پەکەکە هەڵناخەڵەتێت.
ئەوە دەمێکە لە دەسپێکی بەهاری هەموو ساڵێکدا، میدیای پەکەکە و رێکخستنەکانی ئەو حیزبە، دەست بە هەڵبەستن و بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان و ساز کردنی هەواڵی نائەخلاقانە دەکەن. میدیای پەکەکە بەشێوەیەکی غەیر ئەخلاقی و بە دوور لە عورف و کلتووری کوردان، بە بڵاو کردنەوەی درۆ و دەلەسە، دەیهەوێ زەمینە بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە و قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی باشووری کوردستان ساز بکات. هەربۆیەش نە پەکەکە و نە میدیاکەشی ئامادە نین لە درۆ و بوختانەکانیان پاشگەز ببنەوە.
لە دوایین هەوڵی پەکەکەدا، جەمیل باییک لە دوو ڤیدیۆدا کە بۆ رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە “فرانکفۆرت”ی ئاڵمان و “قەندیل”دا ئامادەی کردبوون، رایگەیاند کە “تورکیە بە هاوکاریی پەدەکە، دەیهەوێ هێرش بکاتە سەر گریلاکانی پەکەکە”. ئەو درۆیەی باییک ساڵانە دووپات دەبێتەوە، بەڵام ئەمسال زیاتر لە ساڵانی رابردوو باسی لێوە دەکرێت. ئەوەش مەترسیداربوونی ئەو درۆیە و ویستی پەکەکە بۆ پەلاماردانی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و زەربە لێدان لە دەسکەوەتە نەتەوەییەکانی کوردستان زیاتر روون دەکاتەوە. ماوەیەک دواتر کەجەکەش هەمان درۆی بڵاو کردەوە و لە راگەیاندراوێکدا جەختی لەسەر لێدوانەکەی “جەمیل باییک”ی هاوسەرۆکی خۆی کردەوە. دواتریش ئاژانسی فەرمیی پەکەکە ANF، کە جگە لە درۆ و دەلەسەکانی پەکەکە هیچ بابەتێکی دیکە بڵاو ناکاتەوە، لە هەواڵێکی ساختەدا و سەرلەنوێ ئەو درۆیەی بڵاو کردەوە. شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە پەکەکە سەرجەم میدیای خۆی خستۆتەکار بۆ ئەوەی زەمینەیەکی باش بۆ هێرش کردنی پەکەکە بۆ سەر باشووری کوردستان ئامادە بکات.
پەکەکە بەم درۆیانەوە چی دەوێت؟
پەکەکە بەر لە ئەنجامدانی هەر کارێک لەرێگای میدیا و قەڵەم بەدەستەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بە بڵاو کردنەوەی هێندێک درۆ و دەلەسە، زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی کار و بەرنامەکەی دەڕەخسێنێت. پەکەکە بەر لە ئەنجامدانی کارەکە دەیهەوێ بزانێ کە کاردانەوەی خەڵک چی دەبێت و ئەگەر بزانێت کە خەڵک بروایان بەو درۆیانەی پەکەکە کردووە ئەوا پەکەکە بە بێ یەک و دوو کارەکەی ئەنجام دەدات، تەنانەت ئەگەر بزانێت ئەو کارەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرجەم کوردستان لە خویندا نوقم ببێت. ئەوەی کە پیلانە قێزەونەکانی ئەمساڵی پەکەکە لەوەی ساڵانی رابردووی جودا دەکاتەوە، ئەوەیە کە پەکەکە بە ئاشکرا باس لە هێرش کردنە سەر باشووری کوردستان دەکات و دەیهەوێ ئەو سیناریۆیەش کە بۆ دەسپێکی هێرشەکە دایڕشتووە، بخاتە گیرفان پارتیەوە.
ANF چی گوت؟
ANF لە هەواڵەکەیدا رایگەیاند: “ئەوە ماوەیەکە هەم میدیاکانی باشووری کوردستان و هەمیش سەرچاوە ناوچەیی و خۆجێیەکان رایدەگەیەنن کە ئەرتەشی تورک بە هاوکاری و بەشداری پەدەکە، لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشێکی نوێ بەمەبەستی داگیر کردنی ناوچەکانی گریلا دەستپێدەکات”. ANF بۆ جەخت کردنەوە لەسەر ئەو درۆیەی خۆی، راگەیاندراوەکەی “کەجەکە” و چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوی میدیای باشووری وەکوو ژێدەر و سەرچاوەی خۆی باس کردووە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی لە ناوی سەرچاوەکانی خۆی و ئەو میدیایانەی باشوور نەکردووە کە زانیاری و هەواڵێکی لەو شیوەیەیان بڵاو کردۆتەوە. بۆچی؟! لەبەر ئەوەی کە جگە لە میدیاکانی سەر پەکەکە هیچکام لە میدیا دیار و ناسراوەکانی باشووری کوردستان، هەواڵ و زانیاریەکی لەوشێوەیەیان بڵاو نەکردۆتەوە. هەموو کەس دەتوانێ سەیری میدیاکانی باشوور بکات بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە میدیای باشوور زانیاری لەوشێوەیەیان بڵاو نەکردۆتەوە و پەکەکە بە عالەمی ئاشکرا درۆ دەکات.
بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە میدیاکانی دیکەی پەکەکە بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە و درۆیە، ماڵپەڕی “ANF”یان کردۆتە سەرچاوە بۆخۆیان، لەحاڵێکدا کە هەموو کەس دەزانێت ANF میدیای فەرمیی پەکەکەیە و راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیلەوە بەڕێوە دەبرێت.
ANF لە هەواڵەکەی خۆیدا گوتوویەتی: “لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا 3 ئەفسەری بەرپرسیاری پێشمەرگە دەکووژرێن. یەکێک لەو سێ کەسە ئەفسەری پاراستنە کە لەسەر کەیسی پەکەکە کار دەکات، ئەفسەری دووەمیش یەکێک لە بەرپرسانی هێزەکانی زێرەڤانیە”. ئایا بەڕاستی کەسی سێهەم کێیە کەوا سەرچاوەکانی ANF باسیان لێوە نەکردووە؟ چۆنە کە باسیان لە پلەی دوو کەس کردووە بەڵام پلە و پایەی کەسی سێهەم نازانن؟ ئایا چۆن دەبێت ئەو کەسەی کە لەناو پارتیدا ئەو هەواڵانەی بە ANF داوە ئاگای لەوە هەیە کە 3 کەس لە تەقینەوەیەکدا دەکووژرێن و پلە و پایەی 2 کەسیان دەزانێ بەڵام زانیاریی لەسەر کەسی سێهەم نیە؟! جگە لە مێشکی پووچ و بۆگەنیوو و خیانەتکارانەی ANF نەبێت، چ کەسێکی ژیر و عاقڵ ئامادەیە بڕوا بەو درۆیە شاخدارە دەکات؟! بە کورتی ئەو سەرچاوانەی کە ANF باسیان لێوە دەکات، جگە لە کەجەکە و جەمیل باییک هیچ کەسێکی دیکە نیە.
راستیەکە چیە؟
هەروەک شرۆڤەکارانی سیاسی باسیان لێوە کردووە، پەکەکە دەیهەوێ بەو درۆیانە رەوایی بە کردەوە پرۆڤاکسیۆن و هێرشە ناڕەواکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بدات کە بڕیاریداوە لەم بەهاردا ئەنجامیان بدات. چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە لە راستیدا ئەوە پیلانی خودی پەکەکەیە و دەیهەوێ لەم بەهارەدا پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بدات و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باشوری کوردستان تیرۆر بکات. هەر بۆیە سەرەتا دەیهەوێ لە رێگای بڵاو کردنەوەی چەند درۆ و دەلەسەیەکەوە رووی رەشی خۆی سپی بکات و تاوانی ئەنجامدانی کارەکانیشی بخاتە ئەستۆی پەدەکە. واچاوەڕوان دەکرێت کە پەکەکە هاوشێوەی تیرۆر کردنی “غازی ساڵح ئالیخان”، بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سنووریی “سەرزێڕ”، ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باشووری کوردستان تیرۆر بکات و دواتریش بڵێت ئەوا پارتی تیرۆری کردوون. هەر بۆ ئەو مەبەستەشە کە سەرجەم میدیاکانی خۆی تەخان کردووە و رایسپاردوون کە ئەو درۆیە بەردەوام دووپات بکەنەوە تاوکوو بتوانێت زەمینەیەکی باش بۆ هێرشی پەکەکە ساز بکەن و لەکاتی تیرۆرکرانی بەرپرسانی باشووری کوردستاندا، پەکەکە خۆی وەکوو بێتاوان پیشان بدات.
بەپێی هەواڵە چەواشەکارانەکەی ANF، “پارتی ئەو پلانەی هەیە کە:
1ـ کوشتنی چەند پێشمەرگەیەکی خۆی (پەدەکە)
2ـ تەقاندنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی باشووری کوردستان بۆ تورکیە
3ـ تەقاندنەوەی ئوتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی کانی ماسی”.
دیارە هەموو کەس دەتوانێت بە وەبیرهێنانەوەی رووداوەکانی ساڵی رابردوو، درۆیەکانی پەکەکەی بۆ دەرکەوێت. لە ساڵی رابردوودا پەکەکە هەم پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کرد، هەم بۆڕی نەوتی باشووری کوردستانی تەقاندەوە و بۆخۆشی بەرپرسایەتیەکەی گرتە ئەستۆ، هەمیش ئوتۆمبێل و ماشێنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە مەتین و ناوچەکانی دیکەدا تەقاندەوە.
بە کورتی پەکەکە لە رێگای بڵاو کردنەوەی ئەو درۆیانە لە ANFدا دەیهەوێ ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کەوا پلانی بۆ داناوە کە ئەمساڵ لە باشووری کوردستاندا ئەنجامیان بدات، لێڵ و ئاڵۆزیان بکات بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە ئەنجامدانیان بدزێتەوە و بە خەیاڵی خۆی کارێک بکات کە گەلی کورد کەمتر رەخنەی لێبگرن و شەرمەزاری بکەن. بەڵام پێویستە پەکەکە باش بزانێت “کون ژ پاتە مەزنترە” و خەڵک وشیارن و ئیدی هەر کەسێک کە تۆزقاڵێک مێشکی کار بکات، بە درۆیەکانی پەکەکە هەڵناخەڵەتێت.