هەڵاوسان لە تورکیە گەیشتە بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردوو

بەهای لیرەی تورکی ریکۆردی نوێی لە داڕمان تۆمارکرد

رێژەی هەڵاوسان لە تورکیە لە مانگی ئاداردا بۆ 61.14% بەرزبووەتەوە، لە 2021 لیرە 44%ی بەهاکەی لەدەستدا.

رێژی هەڵاوسان لە تورکیە بۆ بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و کەرەستە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان بەهۆی قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها لێکەوتەکانی داڕمانی بەهای لیرە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیە لە مانگی ئاداردا بۆ 61.14% بەرزبووەتەوە.

لە تورکیە، هەڵاوسان لە بواری گواستنەوە 99.12% و لە کاڵا خۆراکییەکان و خواردنەوە نا کحولییەکان 70.33% و نرخی کەرەستەکانی خانوو 69.26%بەرزبوونەتەوە.

لە هەمان کاتدا بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی تورکیە، کورتهێنانی تەرازووی بازرگانی وڵاتەکە بە رێژەی 76.7% لە سەر بنەمای ساڵانە لە مانگی ئاداردا بۆ 8.24 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. کە هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی تێچووی هاوردەی وزە بە رێژەی 156% دەگەڕێتەوە.

لە تورکیە رێژەی هەڵاوسان لە پاییزی رابردووەوە لە هەڵکشانە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە 2021 لیرەی تورکیە 44%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەستدا. ئێستاش بەهۆی هێرشی رووسیە بۆسەر ئۆکراین، نرخی کەرەستە خاوەکان گران بوون، ئەوەش هەڕەشەیەکە لەسەر پرۆگرامی نوێی ئابووری ئانکارا کە ئامانج لێی بە دیهێنانی زیادەی تەرازووی بازرگانییە.

پوستێن ھەمان بەش