جۆزێف گۆبێڵز و میدیای پەکەکە ـ بەشی یەکەم

جۆزێف گۆبێڵز و میدیای پەکەکە ـ بەشی یەکەم

ئۆجەلان ناتوانێت بە کوردیەکی رەوان قسە بکات، نازانێ بۆخۆی جلی کوردی لەبەر بکات و لە هەموو ژیانیدا شەوێک گریلا نەبووە و لە چیادا نەماوەتەوە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

جۆزیف گۆبێڵز، وەزیری راگەیاندنی ئاڵمانی نازی گوتبووی: “میدیایەکی بێ ویژدانم پێ بدەن، من کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆتان پێ دەدەم”. یان لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: “درۆ بکە، درۆ بکە، درۆ بکە، هەتا ئەوکاتەی کە خەڵکی ئەو درۆیە وەکوو هەقیقەت قبووڵ دەکەن”.

زۆربەی کادرەکانی پەکەکە و بەتایبەت کادرە باڵاکانی ئەو حیزبە، لەسەر بنەمای ئەو روانگەیە پەروەردە کراون و ئەو کۆنسێپتەیان کردۆتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ شاردنەوەی واقعییەتی پەکەکە و رێبەرەکەی. میدیای پەکەکە بۆتە ئامرازێک بۆ هەڵبەستن و بڵاو کردنەوەی درۆ.

میدیای پەکەکە خۆی بە زانا و گەلی کورد بە گێل دادەنێت

لەڕاستیدا کاتێک یەکەم هەنگاوەکانی شەڕی چەکداری لە باکووری کوردستان دەستی پێکرد، خەڵک بڕوای تەواویان بە دروشمەکانی پەکەکە هەبوو و ئامادە بوون خۆیان فیدا بکەن. فیداکاریی خەڵکی کوردستان گەیشتە ئاستیک کە لەپێناو ئازادیدا ئامادە بوون ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن.

بەڵام کوردەکان دەڵێن: “پەتی درۆ کورتە”، ئەو قسەیە پڕ بەباڵای پەکەکەیە. لە جیهاندا شۆڕش چەندە درێژە بکێشێت بەو رادەیە خەڵکەکە زیاتر خولیای دەبن و خۆیانی پێوە گرێ دەدەن، بەڵام لە باکووری کوردستاندا ئەوە پێچەوانە بوو. چەندە تەمەنی پارتی کرێکاران درێژتر دەبێت خەڵکیش بەو رادەیە زیاتر لەو حیزبە دوور دەکەونەوە. هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی خەڵک لە پەکەکە بۆ ئاشکرا بوونی درۆکانی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە.

خەڵکی کورد بۆیان دەرکەوتووە کە پەکەکە و بەتایبەت رێبەرەکەی ئەوانیان بە دروشم و قسەی نەتەوەیی هەڵخەڵەتاندوون. نەتەوەی کورد بۆی دەرکەوتووە کە پەکەکە بە رادەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیانی بە دۆزی رەوای کوردان گەیاندووە و خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردی بەرەو پەرش و بڵاویی زیاتر بردووە. لێرەدا پەندی “گورگێک لە پێستی مەڕدا” وەبیر مرۆڤ دێتەوە.

لە رێکەوتی 4ی نیسان کە دەبێتە رۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلان، من بەدواداچوونم بۆ چەند میدیایەکی پەکەکە کرد. بە روونی بۆم دەرکەوت کە بەوبۆنەوە میدیای پەکەکە بووەتە درۆزنترین میدیای جیهان. من وام بینی کە ئەوان ئۆجەلانیان گەیاندۆتە ئاستی خودا و هێندێ جار ئاستی ئۆجەلانیان لە ئاستی خواوەندیش بەرزتر کردبۆوە. هەر ئەوە مابوو کە بڵێن: “خواوەند بۆ بەڕێوەبردنی دونیا، کەلک لە زانست و زانیاریەکانی ئۆجەلان وەردەگرێت”.!!

دیسان من وام بیر کردەوە کە سەرکردەکانی میژووی کورد وەکوو “شێخ عوبه‌یدوللایێ نه‌هرى، شیخ سه‌عیدێ پیران و سمكۆیێ شكاك، قازى محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا بارزانى”، هەموویان پەشیمانن کە ئەوان شۆرشیان کردووە و هیچ ئەنجامیکیان بۆ نەتەوەی کورد بەدەست نەهێناوە!!.

دیسان من بینیم کە “دوکتور قاسملوو، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و زۆر سەرکردەی دیکەی  کورد” پەشیمانن لەوەی کەوا بەدوای رێگاکەی ئۆجەلاندا نەرۆیشتن!!.

من بینیم کە “خانی، جزیری، پیرەمێرد، نالی و بەدرخان و هتد…” نەیانتوانیوە هاوشێوەی ئۆجەلان خزمەت بە فەرهەنگ و زمانی کوردی بکەن.

هەروەک هەموو لایەک دەزانن:

ـ ئۆجەلان ناتوانێت بە کوردیەکی پەتی و پاراو قسە بکات.

ـ نازانێ بۆخۆی جلی کوردی لەبەر بکات، “ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە میدیای پەکەکە پیشانی دەدات و تێیدا ئۆجەلان دەردەکەوێت کە چۆخە و رانکی شینی لەبەر کردووە، واقعیەتەکەی ئەوەیە کە ئەو چۆخە و رانکە شینانە کەسێک بۆ ئۆجەلانی کڕیبوو و لەگەڵ خۆی بۆی بردبووە شام و لەوێ لە ئاپارتمانەکەی ئۆجەلاندا لەبەری کردبوو و پشتوێنەکەشی بۆ بەستبوو دەسماڵەکەشی بۆ چاک کردبوو و تەنها بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەبەری کردبوو و چەند وێنەیەکی پێیانەوە گرتبوو.” ئەوە لە ساڵی 1992دا روویدابوو.

ـ نازانێت تفەنگیش بتەقینێت.

ـ لە هەموو ژیانی خۆیدا شەوێک گریلا نەبووە و لە چیادا نەماوەتەوە.

ـ کاتیک کە ئاوی دەخواردەوە پەرداخەکەی بە دەسماڵ کاغەزی دەگرت، لەبەر ئەوەی لە نزیکترین کادرەکانی پەکەکەش بەگومان بوو.

پوستێن ھەمان بەش