رێژیمی کەمالیست و ئایین

رێژیمی کەمالیست و ئایین

کەمالیستەکان هێندێک جار بەناوی دیموکراسیەوە و هێندیک جاریش بەناوی دین و ئایینەوە کوردەکان هەڵدەخەڵەتێنن.

سیراج ئۆگوز

کاتێک کە کۆماری کەمالیست دامەزرا، لەگۆڕ بزووتنەوەی نەتەوەیی تورک و بەمەبەستی سەروەری و سەردەستەیی تورکەکان، رێژیمی تورکیە لەسەر ئەساسی چوار یاسای نوێ بنیات نرا.

ئەو یاسایانەش بریتین لە: یەک دەوڵەت، یەک میللەت، یەک ئاڵا و یەک زمان. بناخەی دەوڵەتی کەمالیست لەسەر ئەساسی ئەو 4 بنەمایە دانرا. لە دامەزرانی کۆماری تورکیەوە هەتا ئەمڕۆ، سەرجەم حیزب و لایەن و ریکخراوەکان ئەو 4 یاسایە دەپارێزن و رێگا نادەن هیچ گۆڕانکارییەکیان تیدا بکرێت و بە هەموو توانایانەوە بەرگریی لێدەکەن.

لەلایەکی دیکەوە دامەزرێنەرانی کۆماری کەمالیست، لە نێوان هەڤاڵەکانی خۆیاندا بە فێڵ و تەڵەکە دەجووڵانەوە و ئەو کەسانەی کە دژایەتی ئەرک و بەرنامەکانی ئەوانیان بکردبایە، بە رق و قین و هەستی تۆڵەسەندنەوە بەرەنگاریان دەبوونەوە و تۆمەتی خیانەت و ئاژاوەگێڕییان دەدانە پاڵ، یانیش بە کردەوەی خراپ و نایاسایی دیکە تۆمەتباراین دەکردن و لە مەیدان وەدەریان دەنان.

لەو رۆژەوە هەتا ئەمڕۆ، ئەوە بۆ سەد ساڵ دەڕوات کە میللەت و حیزبەکانی تورک ئەو کردەوە نایاساییانە ئەنجام دەدەن و بەوشێوەیە خۆیان بە سەربڵیند دادەنێن.

رێژیمی کەمالیست لە تورکیەدا بەمەبەستی موخالفەت و دژایەتی کردن، هەموو شتێک لە رێگای دامەزراوە شاراوەکانی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدات. هەربۆیە ماوەی سەد ساڵە کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی کەمالیزم ئەو کارە بەباشی ئەنجام دەدەن.

هەتا رۆژی ئەمڕۆ بەناوی چەپگرا و راستگەراوە دەیان کودیتای سەربازی و فاشیستی بەڕێوە چوون. کودیتا سەربازیەکان بێ پسانەوە بە ئامانجی بەردەوامیدان بە دەسەڵاتداریی رێژیمی کەمالیست بوون. لە سەرۆک وەزیرانەوە بگرە هەتا لاوێکی 17 ساڵە، بە سەدان کەس لەسێدارە دران. دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی کەمالیست بۆ مانەوە و بەردەوامیی رێژیمی کەمالیست، ئەوەی لە دەستیان هات درێخییان نەکرد.

یەکێک لەو دامەزراوانە، دامەزراوەی ئایینیە کە بەناوی دیانەتەوە کار دەکات. لەمڕۆدا بە سەدان مەلا و چالاکی مەزهەبی بوونیان هەیە. ئەگەرچی رەنگ و قسەکانیشیان بە رواڵەت جیاواز بن بەڵام سەرجەمیان لە خزمەت رێژیمی کەمالیستدا کار دەکەن.

ئەو لەشکرە مەزهەبیە، هەموو حەوتوویەک لە رۆژانی هەینیدا بەناوی رێژیمی کەمالیست و چەکدارەکانیەوە دوعا دەکەن و بەمەبەستی مانەوە و بەردەوم بوونی ریژیمی کەمالیست داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن. لە سەرجەم مزگەوتەکانی تورکیە و دەرەوەی تورکیەدا هەموو رۆژێک بە بێ جیاوازی و هەر رۆژە و پێنج کەڕەت ئەو دوعایە دەخوێندرێت.

هەربۆیە ماوەی سەد ساڵە رێژیمی کەمالیست بەهێزە و بەردەوامە.

لەبەرئەوەیە کە ئەرتەشێک بە سەدان هەزار مەلا و بانگخواز، بەناوی دینەوە پشتی رێژیمی کەمالیستیان گرتووە.

هەر بەم هۆیەوە بوو کە چەندین ساڵ پێش گەورەپیاوان و مەلایانی کورد دەیانگوت با کوردەکان لە مزگەوتی تورکەکان و لە پشت سەر مەلایانی تورک نوێژ نەخوێنن، خودا ئەو نوێژەی کە لە پشت سەر تورکەکان بێت قبووڵی ناکات. مەلایەکانی پێشووی کوردیش بەردەوام مۆژگاری کوردانیان دەکرد و دەیانگوت لە پشت سەر تورکەکان نوێژ مەخوێنن.

کۆماری کەمالیست بەناوی دین و ئایینەوە زەربەی قورس و کارەساتی مرۆیی و هیرش و پەلاماری وەحشیانەیان بەسەر نەتەوەی کورددا هێناوە، بەڵام هیچکات نەتەوەی کورد سەریان بۆ  ئەو یاسا فاشیستیانەی تورکەکان دانەنەواندووە و بەڵێیان بۆی نەکرد.

لە سەرهەڵدانی شێخ سەعید، لە ساڵی 1925ـەوە هەتا رۆژی ئەمڕۆ کوردەکان بە بێ ترس دژایەتی رێژیمی کەمالیست دەکەن.

سەد ساڵە کەمالیستەکان بە فێڵ و فریو و بە ئەزموونی خۆیان لەباری سیاسیەوە، هەروەها بە زەخت و زۆر توانیویانە ماف و ئازادیەکانی کوردان زەوت بکەن. لەبواری ئایینی و سیاسیەوە لەناو کوردەکانە دژایەتی و دووبەرەکێیان ساز کردووە و ئەوڕۆکە دەسەڵاتی رێژیمی کەمالیست بەردەوامیی هەیە.

دەسەڵاتدارانی تورک بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن، هەموو کات بە رق و بوغز و هەستی تۆڵەسەندنەوە دەجووڵێنەوە. کاتێک کە دەسەڵاتدارانی تورک دەکەونە تەنگانەوە، ئەرتەشی ئایینی و کەمالیستی ئامادەیە و بە کودیتای سەربازی یانیش بە زەبروزەنگ، رێژیمی کەمالیست بە زۆر بەسەر میللەتی کورددا بسەپێنن….

ئەمڕۆکە نە حیزبەکان و نە زۆربەی سیاسەتوانەکانی کوردیش، ئەو واقعیەتە نابینن و باسی لێوە ناکەن. تەنانەت زۆربەی حیزبە کوردیەکانیش لەگەڵ حیزبە کەمالیستەکاندا نزیکایەتی دەکەن. ساڵانێکە کە زۆر حیزبی کوردی بەناوی کوردانەوە لەگەڵ حیزبەکانی رێژیمی کەمالیستدا پەیوەندی دادەمەرزینن، دەکەونە ناو هاوپەیمانی و هاوکارییان دەکەن.

بەداخەوە ساڵانێکە کە رێژیمی کەمالیست، بەدەست حیزب و دامەزراوە کوردیەکانەوە وەکوو یاریی مشک و پشیلە، یاری بە میللەتی کورد دەکەن. کەمالیستەکان هێندێک جار بەناوی دیموکراسیەوە و هێندیک جاریش بەناوی دین و ئایینەوە کوردەکان هەڵدەخەڵەتێنن.

دەوڵەتی کەمالیست سۆسیۆلۆژیی میللەتی کوردی باش ناسیوە، هەربۆیە بەپێی بارودۆخی دونیا، بە تاکتیک و فێڵبازیەوە یاریی بە کوردەکان دەکات.

ئەمڕۆکەش رێژیمی کەمالیست، لەناو کورداندا نیفاق و دووبەرەکێی دروست کردووە و بە کەیفی خۆی کوردان ئیدارە دەکات.

پوستێن ھەمان بەش