پەکەکە دەیهەوێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەرتەشی تورک راکێشی دەڤەری بارزان و چیای شیرین بکات.
دەوڵەتی تورک لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان لەسەر هێڵی زاپ ـ مەتین ـ ئاڤاشین زنجیرە هێرشێکی بە ناوی “پەنجە ـ کلیل” دەستپێکردووە. بە هۆی ئەو درۆ و پڕوپاگەندانەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورک و پەکەکەوە دەکرێن، هەم کوردان و هەمیش ڕای گشتی ناتوانن بە باشی لە واقعییەتی ئەو زنجیرە هێرشە تێبگەن کە لە 18ی نیساندا دەستی پێکردووە.
ئەگەر ئێمە کۆدی بنەڕەتی ئارمانج، کاریگەری و گەشەسەندنە ئیحتماڵیەکانی ئەو هێرشانە لە ژێر چەند ناونیشانێکدا ڕیز بکەین، دەبینرێت کە بە ڕاستی ئەو هێرشانە دەرئەنجامی زۆر گرینگیان لێدەکەوێتەوە.
ئەو هێرشە سەرەکیترینی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە دەولەتی تورک لەژێر ناوی پەنجەدا لە ساڵی 2019 بەدواوە دەستی پێکردوون. پێش هەموو شتێک بەهۆی ئەو هێرشانەوە، جوگرافیای هەرە گرینگی کوردستان کە لە چەلێ هەتا پشتی شێلادزێ درێژ دەبێتەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراوەتە دوو بەش. ئەو بەشەی ناوچەی بادینان کە پەکەکە پێی دەڵێت هەرێمی پاراستنی میدیا، لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە هاتۆتە دەر و کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکیە.
دەوڵەتی تورک تا ئێستا کوێی داگیر کردووە؟
لە هیرشەکەی دەوڵەتی تورک لە شەوی 18ی نیسانەوە زۆر ناوچەی ستراتژیکی ناوچەی زاپ ـ ئاڤاشین کەوتنە دەستی دەوڵەتی تورک. ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر دەکرێن لە دوو هێڵ پێکهاتووە کە پێکەوە گرێدراون. ئەرتەشی تورک لە ماوەی 3 کاتژمێردا سەربازی بەهەموو ناوچەکەدا بڵاو کردەوە. پەکەکە لەو ناوچانە هیچ دژ کردەوەیەکی پیشان نەدا.
هێڵی یەکەم لەو ریزە: لە چیای ڕەش کە بە هەوایی 5کم لە سنووری چەلێیەوە دوورە، گرێ مەرینا (گرێ جەهەنەم)، زێنییا بێزنۆ، گرێ ڕووبار، سەرێ وێلە (گرێ شۆرەش) و هەتا کورەژار پێک دێت.
هێڵی دووەمیش دەکەوێتە ناوچەکانی نێوان زاپ و ئاڤاشین. ئەرتەشی تورک لە زۆزانی “خەرەگۆل” دەرکەوت و بەرەو “سارکا بێبۆ” خۆی گەیاندە ملەی هۆرە. لەوێوە هێرشەکان بەرەو دوکەرا مازی، سەرێ شاجا و گەلییێ چەمێجی چوون. دواتر هێرشەکان “لووتکەی سینیا”ی گرتەوە کە پێی دەڵین ئەشکەوتی بریندار. ناوی ئەشکەوتی بریندار لە ئەشکەوتی گوندی سینیا دێت. پەدەکە ساڵی 1992 بریندارەکانی خۆی لەو ئەشکەوتەدا جێگیرکردبوو. دوژمن شەوی یەکەم لە “گرێ سینیا” بە هەلیکۆپتەر سەربازی دابەزاند. لەهەمان کاتیشدا سەرباز لە داوێنەکانەوە هەڵکشان بەوەر “لووتکەی سینیا و ملەی هۆرە”. ئەو ناوچەیە کاریگەریەکی زۆری لەسەر جوغرافیای نێوان زاپ و ئاڤاشیندا هەیە. سەربازانی تورک لە گرێ “ماهر میرزۆ، بانییا مازی، هەتا زێنییا گوندی شاجا” جێگیر کراون.
ئایا باشووری کوردستان هاوکاری ئەو هێرشانە دەکات؟
زۆر گرینگە کە مرۆڤ ئەو دوو ناوچەیە بە وردی لە بواری پیوانە کردنی ئەو زانیاریانەی کە لە هەردوو لاویەنەوە (تورکیە و پەکەکە) خراوەتە ڕوو شرۆڤە بکات. لەبەر ئەوەی بە تایبەتی سەرچاوەکانی پەکەکە بە هەموو هێزێکیانەوە هەوڵ دەدەن بە بەهانەی ئەو هێرشانەوە هەرێمی کوردستان تاوانبار بکەن. لە راستیدا لە کورەژار بەپێچەوانی ئەوەی کە پەکەکە دەڵێت، هەلیکۆپتەر لە باشوورەوە نەڕۆیشتوون. هێزی بەشدار لە هێرشەکانی تورکیەدا هەموویان لە قەزای “چەلێ”ـەوە رەوانەی ناو خاکی باشووری کوردستان کراون. بە هیچ شێوەیەک هێزی باشووری کوردستان هاوکاری ئەو هێرشانەی نەکردووە. ناوچەکانی هێرشەکە لە رێگای زنجیرە شاخەکانەوە 15- 20 کم لە گوندی سەرێسێڤی (تەکەڤلەر) ئەرش (چایرل)ـەوە دوورە.
لە “سەرێ سێڤێ لاتێن کەوا” بە هەوایی هەتا چیای ڕەش 5 کم و لە تیرڕەسی چەکی قورسدایە. مەودای نێوان سەری خەرەگۆل هەتا ناڤسەرا سینیا بە هەوایی تەنها 7 – 10 کم دەبێت.
هەروەها ئەو بارەگا ستراتژیکەکانەی کە دەوڵەتی تورکیە لە ساڵی 2018ـەوە تێیاندا جێگیر بووە، لەو ناوچانەن. ئەرتەشی تورک لە “سەرێ دارێ” (زۆزانەکانی دۆسکی ژووروو) هەتا “بۆتییا” (مزووری ژووروو) بارەگای خۆی لێ جێگیر کردووە. سەرجەم لووتکەکانی سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان لە شەمزینان هەتا “قولەبانێ” لە دەست دەولەتی تورکدان. جێگیر بوونی تورکەکان لەو بەرزاییانە، ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ ئەرتەشی ئەو وڵاتە ئاسان کردووە.
هەربۆیە ئەو دەنگۆیەی کە باشووری کوردستان هاوکاریی هێرشەکانی تورکیە دەکات، لە بنەڕەتدا درۆیە و ئەگەر پەکەکە بۆخۆی توانای بەرگری کردنی هەبایە، کەی دەوڵەتی تورک دەیتوانی لە کورەژار، جەندرمە دابەزێنێت و جێگیریان بکات. ئەو هێرشەی تورکیە لە مەیدانی شەڕدا جۆرێکە و لە مەیدانی راگەیاندنیشدا جۆرێکی دیکەیە و جیاوازە. پەکەکە وەکوو هەمیشە بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شکستەکانی خۆی پێ پاساو بدات.
دەرئەنجامەکانی ئەو هێرشانە چی دەبن؟
دامەزراندنی بارەگا سەربازیەکانی تورکیە لەو ناوچانە، دەرئەنجامی سەربازی، سیاسی و مێژوویی لێدەکەوێتەوە.
یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەوەیە کە پەکەکە ئەو شوێنانەی خەتی زاگرۆس هەتا بۆتان کە لەساڵی 1982 بەملاوە تێیدا جێگیر ببوو، سەرجەمیانی رادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون. لە ئێستادا بە درێژایی خواکورک، ئاواشین، زاپ، مەتینا و حەفتەنیندا هیچ بەرزاییەکی ستراتژیکی زاگرۆس لە کۆنترۆڵی پەکەکەدا نەماوە. تەنها شوێنێکی بڵیند کە پەکەکەی لێمابێت، تەنها گارەیە.
هەروەها بەو هێرشانە هێڵی مەتینا و ئاواشین لێک دابڕان، دەوڵەتی تورک رێگاکانی سەر سنووری سەرجەم کۆنترۆڵ کردوون.
ئەوانەش هەموویان بێگومان دەرئەنجامی گرنگی سیاسی و مێژووییان بۆ سەر کوردستان دەبێت. ئەوانە هەموو کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی نێوان پارچەکانی دیکەی کوردستان دادەنێن. هاوکات کاریگەریشی لەسەر رێگاکانی بازرگانی کردن و گواستنەوەی وزە دادەنێت. بەڵام مژاری گرنگ ئەوەیە کە پەکەکە دەیهەوێ چی بکات.
لە ئێستا بەدواوە پەکەکە چی دەکات؟
پەکەکە لە ساڵی 2018 بەملاوە، هەرساڵە و ناوچەیەکی شاخاوی گرنگی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەرتەشی تورکیە بەجێهێشتووە. ئەو رەوشە بەتەواوی گوماناویە و هەر ساڵەش دووپات دەبێتەوە، ئەگەر پەکەکە بە راستی دەیهەویست ریگری لەو هێرشانە بکات، دەیتوانی ئەو ناوچە شاخاویانە رادەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکات، ئەوە دەیتوانی پێش بەو بارودۆخەی ئێستا بگرێت.
بەڵگەی سەلمێنەری ئەو راستیەش، ئەو رووداوانەن کە لە مەتینا و حەفتەنین روویاندا. سەرەڕای سەرجەم فشارە میدیاییەکانی پەکەکە، هێزەکانی پێشمەرکە و هێزە کوردەکانی سەر بە پاسەوانانی سنووری عێراق، لە هیندێک شوێن جێگیر بوون. ئەگەر پێشمەرگە لە دەیان شوێنی وەکوو باتووفا لە حەفتەنین و کەلا قومری و سەری مەتین کۆنترۆڵ نەکرابان، بە ئەگەرێکی زۆر ئەمساڵ ئەو لووتکانە سەرجەمیان لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە داگیر دەکران، بەڵام جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە، مەترسیەکانی داگیر کرانی بەشێک لەو ناوچانەی رەواندۆتەوە.
زەحمەتە پەکەکە ببێتە خاوەن ئەو هێزە کە بتوانێت ئەرتەشی تورک لەو بەرزاییانە وەدەر بنێت. ئەرتەشی تورک لە ساڵی 2018 بەملاوە بە دەیان بارەگای دامەرزاندووە و پەکەکە نەیتوانیوە یەک بست لەو خاکە داگیرکراوانە لە تورکەکان وەربگرێتەوە. دیارە بەهۆی ئەو شەبەکەی توونێلانەوە کە پەکەکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە سەر زنارەکانی گەلیی زاپەوە بە قووڵایی 20 کم دروستی کردوون، جاروبار چەند گولـلەیەک بە دوژمنەوە دەنێت، بەڵام ئەو تەقە تاک و تروکانە زۆر لاوازترن لەوەی کە بتوانن داگیرکەرانی تورک لەو شوێنانە وەدەر بنێن. دەوڵەتی تورک خەریکە لەسەرجەم ئەو ناوچانەدا بەتەواوی جێگیر دەبێت و ئەوە بۆ جوغرافیای کوردستان دەرئەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە پەکەکە لەو جوغرافیایەدا دەکەوێتە تەنگ و چەڵەمەیەکی گەورەوە. لە ئێستادا جگە لە گارە، پەکەکە هیچ شوینێکی دیکەی نیە کە بتوانێت بە راحەتی تێیدا هاتووچۆ بکات. بۆئەوەی خۆی لەو چەقبەستووی و گێرخواردنە رزگار بکات، هەوڵ دەدات لە هێڵی تازە لە باشووری کوردستان جێگیر ببێت. بەڵام بەهۆی پەکەکەوە سەرجەم ناوچە شاخاوی و کوێستانیەکانی هەرێمەکانی بادینان ـ برادۆست لە دەست داون و لەلایەن تورکیەوە داگیر کراون، پەکەکە هەوڵ دەدات لە شاخەکان دابەزێت و بەرەو پێدەشتەکان دێت.
ئەوە لە چەند ناوچەیەک ئەنجام دەدرێت.
ئارمانجی پەکەکە: دەڤەری بارزان و وەلات ژێری
ناوچەکانی بارزان و وەلات ژێری لەو ناوچانەیە کە پەکەکە بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵکەکەوە نەیتوانیەوە تێیاندا بمینێتەوە. یەکێک لەو هۆکارانە کە پەکەکە ئەوەندە پەلاماری بنەماڵەی بارزانی دەدات، هەر ئەوەیە. لە ماوەکانی رابردوودا پەکەکە هەوڵی دەدا خۆی بخزێنێتە ناو هەرێمەکانی نزارێ لە چیای شیرین. هەوڵ دەدات ئەو ناوچەیەی کە بەناوی وەلاتێ ژێری دەناسرێت و گوندەکانی سەر بە عەشیرەتی مزیری سەروون وەکوو گوندەکانی تێل، شنگێل، داوتکا، بابسێڤا و هیزان، جێگیر ببێت. ئەوەش بەو مانایە دێت کە پەکەکە دەیهەوێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەرتەشی تورک راکێشی دەڤەری بارزان و چیای شیرین بکات.
ئەو خاڵانەی دیکە کە پەکەکە دەیهەوێت تێیاندا جێگیر ببێت، ئەمانەن: خەتی سێکوچکەی بارزان ـ ئاکرێ ـ خەلیفان، هەر بۆیەشە کە جموجوولەکانی پەکەکە لەو ناوچانە پەرەیان سەندووە.