ئایا پەکەکە بە جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بازرگانی مادەی هۆشبەر ڕادەگرێت؟

ئایا پەکەکە بە جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بازرگانی مادەی هۆشبەر ڕادەگرێت؟

گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال، بە ئاگاداریی ڕێبەرایەتی قەندیلی پەکەکە کۆبوونەتەوە.

پەکەکە کە ساڵانە نزیکەی 3 ملیار دۆلاری لە ڕێگەی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستدەکەوێت و لەئێستاشدا بۆ ئەوەی کە ئەو سەرچاوەی داهاتەی لەدەست دەرنەچێت، کەوتۆتە جموجووڵ و هەوڵ و تەقەلای بۆ دەدات. بەم دواییە پەنای بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بردووە بۆ ئەوەی ڕێگای پێبدەن لە چوارچێوەی بەرەی مقاومەدا بمێنێتەوە تا بتوانێ بازرگانی کردنەکەی بە ماددەی هۆشبەر لە سەر خەتی شنگال درێژە پێبدات.

پەکەکە و میحوەری مقاومە

لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2013، پەکەکە بەپێی ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ ئێران، بە پانەوە کەوتە ژێر کاریگەریی ڕژێمی تاران و سەرەڕای ئەوەی کە بە هاوکاریی ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هێڵی شنگالیشدا بەتایبەتی لە دوای قۆناخی تێکشکاندنی داعش، هاوشان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بوو بە بەشێک لە “میحوەری مقاومە” یان “محور المقاومە”ی ئێران. محوەری مقاومە لەو هێزانە پێکهاتووە کە کار بۆ بەرژەوەندی باڵای ئێران و جێبەجێکردنی ستراتژیی “هیلالی شیعی” دەکەن.

بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی دارایی پەکەکەیە و یەکێتی ئەورووپا لە ڕاپۆرتەکانی ساڵانی 2020 هەتا 2024دا، بە ڕوونی ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت: “پەکەکە ساڵانە نزیکەی 3 ملیار دۆلاری لە ڕێگای بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستدەکەوێت”.

کۆبوونەوەی لقوپۆپەکانی پەکەکە لە شنگال

پەکەکە لە هێڵی شنگال ئەو بازرگانییە بە هاوکاری و هەماهەنگیی حەشدی شەعبی بەڕێوە دەبات. لەم دواییانەشدا دوای بانگەوازی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک، پەکەکە هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی ئەم سەرچاوە گرنگە داراییەی بمێنێتەوە و کەوتوەتە هەوڵ و تەقەلا تا بتوانێت لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا بمێنێتەوە و درێژە بەم بازرگانییە بدات.

بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دوابەدوای لێدوانەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە دانانی چەک و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کە پێویستە هەموو گەریلاکانی پەکەکە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان یان لە عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان چەک دابنێن، گرووپەکانی پەکەکە لە شنگال نایانهەوێت ئەمە جێبەجێ بکەن. ئەوان دەیانهەوێت لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا خزمەتی خۆیان بە میحوەری مقاومە درێژە پێبدەن.

بانگەوازەکەی ئۆجەلان و ڕێککەوتننامەی شنگال

بەپێی زانیارییەکان، گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال، بە ئاگاداریی ڕێبەرایەتی قەندیلی پەکەکە کۆبوونەتەوە و لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئەگەر چەکەکانیان دابنێن، ئەوا ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ دەکرێت و زیاتر لە 300 هەزار ئاوارە دەگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت، ڕۆژانە نزیکەی 400 کیلۆ دەوا و دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە شنگالەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی و لقوپۆپەکانی پەکەکە لەم ڕێگایەوە پارەیەکی زۆریان دەستدەکەوێت.

سەرچاوەکانی ئێمە ئاشکراشیان کرد، بۆ ئەوەی ئەو پارەیە لەدەست نەدەن کە لەگەڵ هەندێک گروپی سەر بە میلیشیاکانی حەشد بەدەستی دەهێنن، داوای ناسنامەی ساختەی عێراقییان لە حەشدی شەعبی کردووە، هەروەها ویستوویانە بچنە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی بتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن و ڕێگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بگرن.

لە ڕێکەوتی 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2020دا، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کردووە و بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت پەکەکە و میلیشیاکانی سەر بە پەکەکە، لە شنگال بچنە دەرەوە، بەڵام ئەم ڕێککەوتننامەیە تائێستا جێبەجێ نەکراوە.

پوستێن ھەمان بەش