کام ئەندامانەی پەکەکە لە ئیمرالی چاویان بە ئۆجەلان کەوت؟

کام ئەندامانەی پەکەکە لە ئیمرالی چاویان بە ئۆجەلان کەوت؟

ئەم تۆڕی پەیوەندییە نهێنییانەی کە 15 ساڵە بەردەوامە، جگە لە زیان و شکست هیچی دیکەی بۆ کورد نەکردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵەکانی تایبەت بە دیداری “پارتی دەم” لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالی، لە ڕیزی پێشەوەی میدیای تورک و کورددا جێگیان گرتووە. مەسەلەی ئیمرالی کە وەک پۆزیسیۆنێک دەخرێتەڕوو کە چارەنووسی کوردستان دەگۆڕێت، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە. پێڤاژۆی ئیمراڵیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چۆنیەتی بەکارھێنانی لەسەر کوردان، یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە ئەو کەسانەی دەیانهەوێ لێکۆڵینەوە لە سۆسیۆلۆژی و سیاسەتی کورد بکەن، پێویستە ڕاوەستەی لەسەر بکەن.

لە 25 ساڵی ڕابردوودا کورد بە دوای ئۆجەلان لە ئیمرالی و ئەو چەمکانەی کە لە ئیمرالیەوە بەرهەم دەهێنرێن، پاڵی پێوە دەنرێت. تەوەری سەرەکی کە لە ئیمرالیەوە بەسەر کورداندا دەسەپێت ئەوەیە: “پاڵەوانێک زیندانی کراوە، دوژمنان بە زنجیر بەستوویانەتەوە و ئەگەر زنجیرەکانی بپسێنێت، دونیا ڕزگار دەکات و هەموو شتێک ئازاد دەبێت”. ئەم سیناریۆیە هەم بۆ دەوڵەتی تورک و هەم بۆ پەکەکە و ئۆجەلانیش سوودبەخشە. کورد لە ڕێگەی پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت؛ پەکەکە لە ڕێگای ئۆجەلانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ئۆجەلانیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. بە واتایەکی تر لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئۆجەلان و پەکەکەوە کورد کۆنتڕۆڵ دەکات.

دۆخێکی هاوسەنگ لە نێوان “دەوڵەتی تورک – ئیمرالی – پەکەکە”دا هەیە. بۆیە کەس نایهەوێت ئەم دۆخە هاوسەنگە تێکبدات. ئەو دۆخەی کە پێی دەوترێت “سیستەمی ئیمرالی”، لە ڕاستیدا بارودۆخی کۆنتڕۆڵکردنی کوردانە. ئەو دۆخەی کە پێی دەوترێت “گۆشەگیریی ئیمرالی”، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئیستغلالکردن و بۆ ئەوە دروستکراوە کە کورد لە ڕووی سۆزدارییەوە لە ئۆجەلان دانەبڕێن. هەرگیز لە ئیمرالیدا هیچ گۆشەگیری (تەجرید)ێک لە ئارادا نەبووە و کۆبوونەوەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان بەبێ پچڕان بەردەوام بوون. لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەوە خەڵکی باکووری کوردستان بە دەنگۆهایەکی وەکوو “ئۆجەلان نەخۆشە، لە ژێر گۆشەگیری (تەجرید)دایە، بە زۆر قژیان تاشیوە، بە مادەی کیمیایی ژەهراوی کراوە و هتد…” فریو دەدرێن و خەڵک دەهێندرێنە سەر شەقامەکان. بەڵام هەر ڕێک لەوکاتانەدا کە خەڵک ئەو چالاکییانەی ئەنجامدەدا، ئۆجەلان ڕۆژانە دەردەوەی دەبینی و لەگەڵ پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا کۆدەبوویەوە و دیداری دەکرد. تەنانەت لەگەڵ کادیرەکانی پەکەکەش دیداری دەکرد.

یووکسەل گەنچ و سەبری ئۆک، میوانانی هەمیشەیی ئیمرالی

بۆ نموونە یەکێک لەو کۆبوونەوانەی کە هیچکات بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا نەکرا، دیداری ساڵی 2006 بوو کە تێیدا ژمارەیەک لە کادیرانی پەکەکە لە ئیمرالی سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو.

ئاکەپە دوای ئەوەی کە دەسەڵاتی بەدەستەوە گت، ویستی بە شەڕ لەگەڵ دەزگاکانی ئەرگەنەکۆن و کەمالیستەکانی ناو دەوڵەت و ئەرتەشی تورکیا، هەژموونی خۆی بسەپێنێت. یەکێک لە مەیدانەکانی بنیاتنانی ئەم هەژموونیە ئیمرالی بوو. ئاکەپە، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە زیاتر لە سوپای تورکیا پێشەنگایەتی دەکات و نەرمترە، بڕیاریدا ئەو کادیرانەی پەکەکە کە دەوڵەت بۆخۆی دەستنیشانی کردوون، رەوانەی ئیمرالی بکات.

لە کۆتاییەکانی مانگی تەمووزی ساڵی 2006یشدا، ئاکەپە هەوڵیدا بە ناردنی پەیامی ڕاستەوخۆ بۆ پەکەکە، ئەم پرۆسەیە خێراتر بکات. ئاکەپە و پەکەکە لەسەر سێ ناو ڕێککەوتن: سەبری ئۆک، یووکسەل گەنچ و ئەحمەد تورک.

سەبری ئۆک سەرەتا سەردانی قەندیل دەکات و دواتر دەچێتە ئیمرالی. ئەم سێ کەسە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەوانەی ئیستەنبووڵ دەکرێن و دواتر بە هەلیکۆپتەر گواسترانەوە بۆ ئیمرالی و هەروەها دوای دیدارەکەش، گەڕێندرانەوە بۆ قەندیل.

ئەو شاندانە دواتر لە نێوان پەکەکە و ئیمرالیدا لە هاتوچۆی بەردەوامدا بوون. تەنانەت سەبری ئۆک وەک نوێنەری ئۆجەلان لە تورکیا دەستنیشان دەکرێت و ساڵانێکی زۆر چالاکییەکانی پەکەکە لە تورکیا بەڕێوەدەبات. سەبری ئۆک بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە خاڵی هاوبەشی نێوان “پەکەکە ـ قەندیل ـ ئیمرالی” دێتەئەژمار. دواتر هەمان ئەرک لە برۆکسلیش بەڕێوە دەبات. لە دوای ساڵی 2015ـەش لە ڕۆژئاڤا جێگیر بووە و هەمان ئەم ئەرکەی بەڕێوەبردووە.

یووکسەل گەنچیش یەکێکە لە ناوە سەرەکییەکانی گفتوگۆ و دیدارەکانی پەکەکە و قەندیل. یووکسەل، کە لە ساڵی 1997دا پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە، لە ناو پەکەکەدا کۆدناوی “ژیان ئەلبستان” بەکاردەهێنێت. لە ساڵی 1999دا لە ئەندامانی یەکەم گرووپی ئاشتی بوو کە پەکەکە ڕەوانەی تورکیای کردنەوە. دواتر لە چالاکییە ستراتیژییەکانی پەکەکەدا لە تورکیا وەک بەڕێوەبەرێک مایەوە. بۆ نموونە بوو بە ڕێکخەری گشتی چالاکییە میدیایی و بڵاوکراوەکان. یووکسەل بە جێخستنی خۆی وەک ڕۆشنبیرێک کە دوورە لە پەکەکەوە، ویستوویەتی پەیوەندییەکانی هەم لەگەڵ دەوڵەت و هەمیش لەگەڵ پەکەکە بپارێزێت. کاتێک لە ساڵی 2012 کە دەستبەسەر کرا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پۆزیسیۆنی خۆی وەبیرهێنایەوە و گوتی “هەرگیز ئەو دیدارانەم نەشاردوونەتەوە کە لەپێناو ئاشتی و چارەسەریدا ئەنجامم داون”. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ئازاد کرا. لە ئێستادا یووکسەل گەنچ وەکو ڕێکخەری سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی (سامەر) لە ئامەد، ئەرکدار کراوە. ئەم دوو ناوە، واتە سەبری ئۆک و یووکسەل گەنچ، چەندین جار سەردانی “ئیمرالی”یان کردووە.

ئاشکرابوونی ئەمانە وەکوو زانیاری تەکنیکی زۆر گرنگە. چونکە خەڵک بە بێبەشکردن لەم زانیاریانە مانپولە دەکرێن.

ئەو تێڕوانینەی کە “لە ئیمرالی گۆشەگیری (تەجرید) هەیە و ئەگەر ئۆجەلان ـ دەوڵەت ـ پەکەکە کۆببنەوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن” ڕاست نییە. چونکە کۆبوونەوەکانی نێوان ئیمرالی ـ قەندیل ـ دەوڵەت هەرگیز ڕانەوەستاوە. تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەفدێک بە سەرۆکایەتی توولای حاتمۆگولاری هاوسەرۆکی “دەم پارتی” چووە سلێمانی و نامەیەکی ئیمرالییان بۆ پەکەکە برد و نامەیەکی کەجەکەشیان بۆ ئیمرالی هێنا. ئەم تۆڕی پەیوەندییە نهێنییانەی کە 15 ساڵە بەردەوامە، جگە لە زیان و شکست هیچی دیکەی بۆ کورد نەکردووە. چارەسەری ڕاستەقینە بە دیدارە شاراوەکانی برۆکسێل، ئەنقەرە، ئیمرالی و سلێمانی بەدی نایەت. ئەو دیدار و دانوستانانە بۆ ئایندەی گەل و چارەسەری کێشەی کورد نییە، ئەو کۆبوونەوانە تەنیا و تەنیا بۆ بەردەوامیدانن بە مانەوەی پەکەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکن.

پوستێن ھەمان بەش