دوران کاڵکان هەڕەشەی بە ئۆکراین کردنی هەرێمی کوردستان دەکات

دوران کاڵکان هەڕەشەی بە ئۆکراین کردنی هەرێمی کوردستان دەکات

“پەکەکە دەیهەوێ لە رێگای ئەنجامدانی هێندیک چالاکیی سەربازیەوە لەناو شارەکان، ئارامی و ئابووری کوردستان بکاتە ئامانج و ئاڵۆزی و ئاژاوە ساز بکات”.

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ “مەدیا خەبەر” کەناڵی تلویزیۆنی پەکەکە لە ئورووپا، هەڕەشەی لە باشووری کوردستان و هێزی پێشمەرگە کرد.

وەک دەزانرێت لە ساڵی 1995دا بە فەرمانی کاڵکان لەماوەی دوو رۆژدا 5 گوندی دەڤەری بارزان لە باشووری کوردستان سووتێندران. دروشمەکەی کاڵکان ئەمە بوو “وکوو چۆن نێرۆن رۆمای سووتاند، ئێمەش دەسووتێنین”.

کاڵکان لە قسەکانیدا گوتی ئەوان دەتوانن هەرێمی کوردستان وەکوو ئۆکراین لێ بکەن. کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان شەڕەکە بەرفراوان دەکەن و سەرانسەر باشووری کورددستان دەگرێتەوە.

کاڵکان لە بەشیک لە هەڤپەیڤینەکەیدا گوتی:

“پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكاری ئەرتەشی توركیە دەکات. لە دۆخیکی لەو جۆرەدا شەڕ تەنیا لە حەفتانین و خواکورک و ئەو شوێنانە نابێت، بەڵکوو لە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە و تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە، زەرەرمەندی سەرەکیش خەڵکی باشووری کوردستان دەبێت. بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین کە شەڕ چ مانایەکی هەیە، با سەیری بارودۆخی ئۆکراین بکەین. پێویستە خەڵکی باشوور ئەم راستیانە ببینێت”.

ئاژانسی ANFی پەکەکە قسەکانی کاڵکانی سانسۆر کرد

ئەو هەڕەشەیەی کاڵکان کە دەیهەوێ هەرێمی کوردستان وەکوو ئۆکراین لێبکات، لەلایەن ئاژانسی هەواڵی پەکەکە “ANF”ـەوە سانسۆر کرا. ANF چەند بەشێکی قسەکانی کاڵکانی سڕیوەتەوە. بۆ نموونە بەشێک کە کاڵکان دەڵێت: “ئیدی شەڕ تەنها لە سەنگەرەکاندا نابێت، بەڵکوو هەموو شوێنێکی تورکیە و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە”، لە ANFدا بڵاو نەکراوەتەوە و سانسۆر کراوە.

بەشێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە قسەکانی کاڵکاندا ئەو بەشەیە کە کاڵکان تێیدا تاریفی تورکیە دەکات و داوایەک ئاراستەی نەتەوەپەرستانی عەرەب دەکات.

ANF ئەو رستەیەشی لە قسەکانی کاڵکاندا دەرهاویشتووە. بەشێکی دیکە لەو قسانەی کاڵکان کە لەلایەن ANFـەوە سانسۆر کراوە ئەو بەشەیە کە گوتبووی: “لە هێرشەکاندا شکستمان خواردووە”.

کاڵکان: زۆربەی باشووری کوردستان داگیر کراوە

کاڵکان لە قسەکانی خۆیدا گوتی: “ئەوەی کە سەددام کردی، رێژیمی ئەردۆغانیش دەیکات. لە حەفتانین و لە برادۆست دەیکات. ئەگەر ئێمە ناوی عەشیرەتەکان بڵێین، لە بەرواری دەیکات، لە رێکان دەیکات، تورکیە ئەو ناوچانەی داگیر کردووە و بەشێکی هەرە گرنگی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە”.

پەکەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێت کە لە ساڵی 2018 بەملاوە تورکیە لە سەرجەم هێرشەکانیدا سەرکەوتوو بووە. لەکاتیکدایە کە ناوچەکانی رێکان و بەرواری لە سەرەتای ساڵانی 1990 بەملاوە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدا بوون بەڵام پەکەکە بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ قبووڵی کرد کە ئەو ناوچانە کەوتوونەتە دەست ئەرتەشی تورک. میدیای پەکەکە ANF، ئەو بەشەی قسەکانی کاڵکانیشی سڕیوەتەوە.

کاڵکان داوایەک ئاراستەی نەتەوەپەرستانی عەرەب دەکات

ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە “دوران کاڵکان”، لەکاتێکدا کە بە ئاشکرا دژایەتی بیری نەتەوەخوازی کورد و نیشتمانپەروەرانی کورد دەکات، لە قسەکانیدا داوایەکی ئاراستەی نەتەوەپەرستانی عەرەب کرد و گوتی پێویستە یەکگرتوو بن.

کاڵکان لە قسەکانیدا گوتی: ” ئەو دیوارە دەبینین کە لە سنووری سووریە و عێراقدا دروستکراوە، حکومەتی سووریە بێدەنگە، تەنها زیرەکن بۆ ئەوەی کە لە شێخ مەقسوود، کوردەکان گەمارۆ بدەن. با واز لەوانەش بهێنین، تۆ دەڵێی نیشتمانی عەرەب، هێندێک سیمی خاردار لەناو خاکی عەرەبەکاندا دادەنێت و وەکوو زیندان دەیکات بە دوو بەش. نەتەوەپەرستانی عەرەب لە کوێن؟ عەرەبەکان کەی یەک دەگرن؟ قەرار بوو سووریە و عێراق یەکگرتوو بن، ئەدی چی لێهات؟ لە ئێستادا هیچ نیشانەیەکی نەماوە”.

داهاتووی تورکیە گەشە

دوران کاڵکان پاش ئەوەی کە داوای لە نەتەوەپەرستانی عێراق و سووریە کرد بۆ ئەوەی یەک بگرن، ئەوجا رووی لە نەتەوەپەرستانی تورک کرد و لە هەڵسەنگاندنەکەیدا پرسی تورکیەی بە پرسێکی گشتی و دیموکراسی دانا و گوتی: “ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ژنان، لاوان و توێژەکانی دیکە، پێویستە بزووتنەوەیەکی هاوبەشی دیموکراتیک بەرینە پێش و ئالترناتیڤی هاوپەیمانەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی هەرە بەهێز بخوڵقینین. ئەگەر ئەوە پێکهات ئەوکات داهاتووی تورکیە گەش دەبێت و ئێمەش بەرچاومان روون دەبێت”.

کاڵکان لەساڵی 1995دا فەرمانی سووتاندنی گوندەکانی باشووری کوردستانی دابوو

کاڵکان لە قسەکانیدا تەنها هەڕەشەی لە کوردەکان و باشووری کوردستان کرد و روو لە نەتەوەپەرستانی سووریە و عێراق و تورکیە گوتی پێویستە وشیار بن. واتە داوای وشیار بوونی لە نەتەوەپەرستانی داگیرکەر دەکرد. کاڵکان لەکاتێکدا هەڕەشەی بە ئۆکراین کردنی باشووری کوردستانی دەکرد، کە لە ساڵی 1995دا فەرمانی بە سووتاندنی 5 گوندی مزووری سەروو ـ بارزانی و رێکانی کردبوو.

پاش ئەوەی کە لەمەیدانی شەڕدا هێزەکانی سەر بە پارتی و ئەدهەم بارزانی داویان لە پەکەکە کردبوو کە گوندەکان نەسووتێنن، بەڵام دیسان کاڵکان فەرمانی بە “عەلی پڵینگ” بەرپرسی یەکینەکانی ئەو ناوچانە کردبوو کە نەخشەی رۆم بەسەر ئەو گوندانەدا جێبەجێ بکات و هێزەکەی عەلی پڵینگیش گوندەکانی “سیدا، تێل، شنگێل، بابسێڤا و هیزان”ی سووتاندن و سەرجەم دەخڵ و دانەکەشیان سووتاند. کاڵکان لە کاتی دەرکردنی فەرمانی سووتاندنی ئەو گوندانەدا گوتبووی:

“نێرۆن چی بەسەر رۆمادا هێنا، ئێوەش بەسەر ئەو گوندانەیدا بهێنن و هیچ شتێکیان نەهێڵن”.

پاش ئەو رووداوە، لە ناو پەکەکەدا بە گاڵتە بە کاڵکانیان دەگوت “نێرۆن عەباس”.

قسەکانی کاڵکان لەسەر ئەوەی کە باشوور وەکوو ئۆکراین لێدەکەن لەو بارەوە گرنگە کە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەن و بەپێی شرۆڤەی چاودیرانی سیاسی؛ پەکەکە دەیهەوێ لە رێگای ئەنجامدانی هێندیک چالاکیی سەربازی، بەتایبەت لەناو شارەکانی هەولێر و دهۆک، ئارامی و دۆخی ئابووری کوردستان بکاتە ئامانج و ئاڵۆزی و ئاژاوە ساز بکات.

پوستێن ھەمان بەش