کاڵکانی تورک، مرۆڤێکی مەرمووزە و دەستی لە تیرۆر کردن و کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و بەرپرسانی پەکەکەدا هەبووە.
ماهر حەسەن
واقعییەتی حوزووری دوران کاڵکانی تورک لە ریزی پەکەکەدا چیە؟! لەبەرچی ئۆجەلان ئەوەندە خۆی بە کاڵکان دەسپارد؟ دوران کاڵکانی تورک لە کۆنفرانسی دامەرزاندنی پەکەکەدا بەشدار بووە. سەرەڕای ئەوەی کە کەسێکی تورکە و هیچ زانیارییەکی روون لەسەر بنەماڵەکەی و رابردووی لەبەردەستدا نیە، هیچ بەڵگەیەکیش نیە کە بیسەلمینێت کاڵکان پیشتر کاری بۆ دەوڵەتی تورک نەکردووە. لەگەڵ ئەوەی هیچکات لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا نەبووە بەڵام دیسانیش بۆتە فەرماندەیەکی باڵای پەکەکە و هەرچیەک بڵێت دەبێ جێبەجێ بکرێت.
کاڵکان لە 27ی مانگی 11ی ساڵی 1978دا لە گوندی “فێسێ” لە کۆنفرانسی دامەرزاندنی پەکەکەدا بەشدار بووە و وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوە و لەگەڵ “کەسیرا یڵدرم” (کچی یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی میتی تورکیە و هاوسەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لەژێر بەرپرسایەتی “مەزڵووم دۆغان”دا لە بەشی راگەیاندنی پەکەکەدا دەستی بە کار کردووە. پاش کوژرانی “محەممەد قەرە سۆنگەر” لە لایەن یەکیەتی نیشتمانیەوە لە رێکەوتی 1ی گوڵانی سالی 1983دا، دوران کاڵکانی تورک بەرپرسایەتی بەشی سەربازیی کۆنسەی پەکەکەی پێدراوە. لەو رێکەوتەوە هەتا ئێستا کاڵکان بەرپرسی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”یە. پرسیارێکی جەوهەری لێرەدا دروست دەبێت کەوا لەبەرچی کەسانێکی وەکوو “باهۆز ئەرداڵ” یان “نوورەدین سۆفی” بەرپرسایەتی باڵی سەربازیی پەکەکەیان وەرنەگرت؟ دیارە ئەو دوو فەرماندەیەی پەکەکە لەلایەن خۆدی ئەو حیزبەوە تیرۆر کراون.
لەبەرچی من گوتم “نوورەدین” بەدەست پەکەکە تیرۆر کراوە، لەکاتێکدا کە ناوبراو لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە کراوەتە ئامانج؟! ئەگەر پەکەکە دەستی لە کوژرانی “نوورەدین سۆفی”دا نەبووبێت، ئەدی هۆکاری چیە کە بنەماڵەکەی نوورەدین پاش کوژرانی رۆڵەکەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە” کە لقی پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستاندا، بە پەلەپەل هەڵاتن؟! راستیەکەی ئەوەیە کە “نوورەدین”ی کوڕیان هاوشێوەی زۆر کادری دیکەی ئەو حیزبە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا کە لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکەوە پلانی بۆ دانرابوو. هۆکارەکەشی بۆ شاردنەوە و پەردەپۆش کردنی ئەو نهێنیانە بوو کە نوورەدین و کادرەکانی هاوشێوەی لە پەیوەندیەکانی نیوان کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و بەتایبەتیش تورکیە، ئاگاداری بوون.
ئێمە لەم بابەتەماندا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسیارە دەکەین کە لەکاتێکدا باهۆز و نوورەدین زۆر لە دوران کاڵکان دڵسۆزتر بوون و شەڕی زۆرتریشیان کردبوو، نەبوون بە بەرپرسی باڵی سەربازیی پەکەکە بەڵام ئەو کاڵکانە تورکە لەوشوێنە هەستیارە دادەنرێت و بەرپرسایەتی شوێنێکی وەها گرنگی پێدەردرێت کە دەتوانێت زۆر بڕیاری چارەنوسساز دەربکات؟
کاڵکان لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2005دا بەرپرسی بەشی میدیای پەکەکەش بووە هەتا ئەوکاتەی کە “مستەفا قەرەسوو” وەکوو بەرپرسی میدیای ئەو حیزبە دیاری کراوە. مستەفا قەرەسوو لە کۆتایی دەیەی 1980دا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە دەستنیشان دەکرێت و بەرلەوەش ئەندامی حیزبیکی چەپی تورکیە بووە. لەداهاتوودا بەسەرهاتی راستەقینەی “قەرەسوو”ش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەم.
دوران کاڵکان کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە و شان بەشان لەگەڵ ئۆجەلان بووە، کەسێکی مەرمووزە و رابردوویەکی شاراوەی هەیە. عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی پەکەکە سەبارەت بە دوران کاڵکان گوتوویەتی: “کەس نازانێت کێیە، لەکوێیەوە هاتووە، چکارەیە و هۆکاری چیە کە توانیویەتی لەناو پەکەکەدا ئەو بەرپرسایەتییە هەرە گرنگ و هەستیارە وەربگرێت”.
دوران کاڵکان لە رێکەوتی 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 1954دا لە گوندی “گوزەلم”ی ناوچەی “توفانبەیلی” سەر بە “ئەدەنە” لەدایک بووە و بە رەچەڵەک تورکە. لەساڵی 1975 و لەو سەردەمەی کە لە زانکۆی ئاناکاردا خوێندکار بووە، چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەوێت و بەر لە راگەیاندنی پەکەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستاندا چالاکیی تەشکیلاتی بۆ ئەو حیزبە ئەنجام دەدات.
کاڵکان لە گۆڤاری “سەرخوەبوون”دا وتاری نیزامیی بڵاو دەکردەوە. لە ساڵی 1986دا و پاش کۆنگرەی سێهەمی پەکەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەو حیزبەوە دەنێردرێتە ئورووپا. لە کۆتاییەکانی دەیەی 1980 و سەرەتای ساڵانی 1990دا لە ئاڵمان بەرپرسی بەشی ماڵیی پەکەکە بووە. لەو سەردەمەدا و لە ساڵی 1988دا لە “دۆسۆلدۆرف”ی ئاڵمان، دەستگیر دەکرێت. لە ساڵی 1993دا رۆیشتە دیمشق و دواتر رەوانەی باشووری کوردستان کرا. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕیوەبەریی پەکەکە بووە و دواتر وەکوو ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە دەستنیشان کرا.
دوران کاڵکانی تورک، چۆناوچۆن مەزڵووم دۆغان و هاوڕێیەکانی بەگرتن دەدات؟
پاش کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە لە شاری “روحا”، دوران کاڵکان بە بێ ئەوەی کە هاوڕێیەکانی ئاگادا بکاتەوە، بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە وکۆمەڵێک نامیلکەی پەکەکەی لە ناو ئوتۆمبێلەکەی “مەزڵووم دۆغان”، “ئایسەل گۆرک کایا” و “یڵدرم مارکت”دا دەشارێتەوە، بە بێ ئەوەی کە لەگەڵ هیچکام لە هاوڕێیەکانیدا باسی بکات. ئەو ئوتۆمبێلەی کە کاڵکانی تێدا بوو لە پێشەوەی ئوتۆمبێلەکەی مەزڵووم دۆغانەوە دەڕۆیشت. مەزلووم دۆغان و هاوڕێیەکانی بەدوای کاڵکاندا دەڕۆیشتن و وابڕیار بوو کە ئەگەر لە رێگادا هەر مەترسی و شک و گومانێک هەبوو، دوران کاڵکان، مەزڵووم دۆغانی لێ ئاگادار بکات. لەسەر رێگای “مێردین ـ روحا”دا مەفرەزەی پۆلیسی تورک هەبوون و سەرەڕای ئەوەی کە دوران کاڵکان لە پێشەوەی مەزڵووم دەرۆیشت و بینی کە مەفرەزەی پۆلیسی لێیە، بەڵام مەزڵووم و هاوڕیێەکانی ئاگادار نەکردەوە و پۆلیسەکانی تورکیە پاش پشکنینی ئوتۆمبێلەکەی مەزڵووم دۆغان دەستیان بەسەر ئەو بەڵگەنامانەدا گرت کە کاڵکان بە دزیەوە لە ماشێنەکەی مەزڵووم و هاوڕێیەکانیدا داینابوون. لە رێکەوتی 27ی نۆڤەمبەری 1979دا مەزڵووم دۆغان و هاوڕێیەکانی لەسەر ئەو بەڵگەنامانە دەستگیر کران و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بڕیاری زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا.
“سەلیم چرۆکایا”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە سەبارەت بە مەزڵووم دۆغان و کاڵکان لە فەیسبووکەکەی خۆیدا وتارێکی بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی:
“مەزڵووم دۆغان بەر لە رووداوە سەربازیەکەی 12ی ئەیلوولی سالی 1982، پلانی داڕشتبوو کە لە زیندان هەڵبێت و پەکەکەی لە پلانەکەی خۆی ئاگادار کردبۆوە و لە نامەیەکدا نووسیبووی کە ئەو لەو حەوتوویەدا خۆی لەناو یەکێک لەو حاویانەدا دەشارێتەوە کە لە زیندانەکدا دەگوازرێنەوە. بەڵام پلانەکەی سەری نەگرت چوونکە ئەو دوو کەسەی کە لەلایەن پەکەکەوە بۆ هاوکاری کردنی مەزڵووم دۆغان دەستنیشان کرابوون، ئامادە نەبوون لە کاتی دیاریکراودا لەو شوێنەی کە دەبوا حازر بن و هەر بۆیە دۆغان نەیتوانی رزگاری بێت و پاش ئەوەی کە چەکدارانی تورک حاویەکەیان بەتاڵ کردبوو بە مەزڵووم دۆغانیان زانیبوو و جارێکی دیکە دەستگیریان کرد و گەڕاندیانەوە بۆ ناو زیندان”.
“ئاکیف یەڵماز”ی هاوڕێی مەزڵووم دۆغانیش دەستگیر کرا
چرۆکایا دەڵێت: “ئاکیف ئیەڵماز و شوکری چیچەک” پەشیمان ببوونەوە کە مەزڵووم دۆغان لە زیندان رزگار بکەن بەڵام وادەردەکەوێت کە کاڵکان پەشیمانی کردبێتنەوە. پەکەکە هیچکات روونی نەکردەوە کە ئایا کاڵکان بۆتە هۆکاری دەستگیر کرانی مەزڵووم دۆغان و هەر بەهۆی کاڵکانیشەوە پلانی هەڵاتنەکەی لە زیندان تووشی شکست بووە یان نا؟ هۆکاری چی بوو کە پەکەکە لەوبارەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام نەدا؟!
کاڵکان وەکوو کەسێکی هەرە نزیک لە ئۆجەلان دەردەکەوێت و زۆرێک لە سەرکردە و فەرماندەکانی پەکەکەی تیرۆر کردووە. یەکێک لەوانەی کە کاڵکان تیرۆری کردوون “مەحموود بەلگال”ـە کە لە وڵاتی “هۆلەند” کوژرا و تەرمەکەی پارچە پارچە کرا و خرایە ناو تەلیسێک و بەدەم ئاوی چۆمەوە درا.!
دوران کاڵکان لە کاتی هەوڵدان بۆ تیرۆری دوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە بە ناوەکانی “عەلی شەتەنەر” و “ئادیب” لە کێڵگەیەک بەناوی “لۆنگۆ ما” سەر بە دەڤەری “ئاڵپ” لە فەرانسە، دەستگیر کرا. (پەکەکە ئەو مەزرەعەیەی وەکوو نیمچە کەمپێک لە فەرانسە بەکار دەهێنا).
پاش ئەوەی کە “عەلی شەتەنەر” توانی لە کەمپی “لۆنگۆ ما” رزگاری ببێت، خۆی گەیاندە سوید و لەوێ سکاڵایەکی دژ بە پەکەکە تۆمار کرد و دواتر لە ئاڵمان دۆسیەک لەسە پەکەکە کرایەوە و لە ئەنجامدا دوران کاڵکان و ئەو کەسانەی کە لەگەڵیدا بوون، لە شاری “دۆسیلدۆرف”ی ئاڵمان دەستگیر کران. لەو کاتەدا “جەمیل ئەل ـ ئەسەد” برای “حافز ئەل ـ ئەسەد”ی سەرۆکی پێشووی رێژیمی سووریە، یەکێک لە پارێزەرەکانی دوران کاڵکان و “عەلی حەیدەر قەیتان” بوو کە لە ئاڵماندا زیندانی کرابوون. لە نیوەی دەیەی 1990دا گۆڤارێکی پەکەکە بەناوی “دەنگی کوردستان” وتارێکی “جەمیل ئەل ـ ئەسەد”ی لەسەر چالاکیەکانی بۆ پشتگیری کردن لە کاڵکان و حەیدەر قەیتان لە بەرانبەر دادگای ئاڵماندا بڵاو کردەوە.
پاش ئازاد کرانیان لە نیوەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ئەو دوو کەسە گەڕانەوە بۆ دیمشق و لەلایەن ئۆجەلانەوە پێشوازی و پیرۆزباییان لێکرا و دواتر رەوانەی قەندیل لە باشووری کوردستان کران.
پەکەکە دوران کاڵکانی تورکی لە ناو کوردەکاندا وەکوو سیاسەتوان، تیۆریسیەن، رۆشنبیر و نیشتمانپەروەرێکی بەبیروباوەڕ پیشان دەدات، ئەوە لە کاتێکدایە کە کاڵکان مرۆڤێکی مەرمووزە و دەستی لە تیرۆر کردن و کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و بەرپرسانی پەکەکەدا هەبووە. کاڵکان کاریگەری بەرچاوی لەسەر “پەیەدە” هەیە و هەڕەشەی لە “مەزڵووم عەبدی” و زۆرێکی دیکە لە کادرەکانی رۆژئاوای کوردستانی پەکەکە کردووە و جاسووسیان لەسەر دەکات. “ئالدار خەلیل، مەحموودە رەش، هەدیا و هتد…” بەشێک لەو کەسانەن کە خۆیان بە کاڵکانی تورک هەرزان فرۆش کردووە و بەوپەڕی وەحشیگەریەوە هەڕەشە لە رەخنەگرەکانیان دەکەن و چاویان لێ سوور دەکەنەوە. سەیر ئەوەیە کە دوران کاڵکانی تورک بەوپەڕی بێشەرمیەوە باشووری کوردستانی کردۆتە ئامانج وسووکایەتی بە حکوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و تۆمەتی خیانەت کردنیان بۆ هەڵدەبەستێت.!