ئەو 4 گریلایە سەرجەمیان منداڵن و بێگومان لە تەمەنێکی کەمتریشدا بوون کە چەکدار کراون.
پەکەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ناسنامەی 4 مندالی دیکەی کوردی ئاشکرا کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە خواکورک گیانیان لەدەستداوە و هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە 82 چەکداری تورکیەش کوژراون.
هەپەگە باڵی سەربازیی پەکەکە، رۆژی چوارشەممە 18/5/2022 راگەیاندراوێکی دەربارەی شەڕی نێوان ئەو حیزبە و تورکیە بڵاو کردەوە و تێیدا ناسنامەی 4 گریلای ئاشکرا کردووە کە لە ئەنجامی هێرشی تورکیە لە ناوچەی خواکورک شەهید بوون.
هەپەگە وەکوو هەمیشە سەرجەم زانیاریە کەسیەکانی ئەو گریلایانە بڵاو کردۆتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ساڵی لەدایکبوونی ئەو گریلایانە نەکردووە و بەمشێوەیە دەیهەوێ خۆی لەو تاوان و جینایەتەکانی چەکدار کردنی منداڵان بدزێتەوە.
ئەو 4 گریلایەی کە هەپەگە هەواڵی گیان لەدەستدانەکەیانی بڵاو کردۆتەوە، سەرجەمیان منداڵن و بێگومان لە تەمەنێکی کەمتریشدا بوون کە چەکدار کراون.
هەپەگە لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی شەهید بوونی ئەو 4 گریلایە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە 16 ئەم مانگەوە هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی راگەیاندراوەکەی، گریلاکانی پەکەکە 82 چەکداری تورکیەیان لە زاپ و خواکورکدا کوشتوون.!!