ئایا پەکەکە قۆناغی دووەمی شەڕی دژ بە پێشمەرگە دەستپێکردووە؟

پێویستە پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و تورکیە زیاتر ئاشکرا بکرێن و بەوشێوەیە دەکرێ کە سووکایەتی و هێرشە ناڕەواکانی پەکەکە رابگیرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە 6ی حوزەیراندا ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەڕەشە لە ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هەڕەشەی ئەوە کراوە کە ” شەڕ لە تەواوی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکەنەوە”. لە ڕاستیدا لە ڕیزێکی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەپەگەدا نیشان دەدات لە مانگی حوزەیران بەملاوە قۆناغی دووەمی هێرشەکانیان بۆسەر هێزی پێشمەرگە دەستپێکردووە.

هەپەگە وەکوو باڵی سەربازی پەکەکە، ماوەیەکە شەڕی شاراوە لە دژی هێزەکانی پیشمەرگە بەڕێوە دەبات. لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا 13 پێشمەرگە لەلایەن پەکەکەوە شەهید کراون و بە دەیان پێشمەرگەش بریندار بوون. هەروەها مین لەسەر ڕێگای پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل دادەنرێن، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شوێنی پێشمەرگە کەشف دەکەن و لە 30ی گوڵانەوە 2 هێرشی جیاوازیان لە دژی سەنگەری پیشمەرگە لە “گاپنێرک”ی دەڤەری بەرواری ئەنجام داوە. راگەیەندراوەکەی هەپەگە نیشانەی ئەوەیە کە قۆناغی دووەمی هێرشی پەکەکە لە دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەستیپێکردووە و بە جێگەی هێرشی شاراوە هێرشی ئاشکرا و جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.

بارەگای هێزەکانی پەکەکە لە کوێیە؟

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئێدعای ئەوە کرا کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی “مەتینا” لە دژی هێزە بەکرێگیراوەکانی تورکیە شەڕی دژوار ڕوودەدات و دەوڵەتی تورک دەیهەوێت باشووری مەتینا داگیر بکات. هەروەها هاتووە: کە سەری مەتین، یانی “بەشێک لە لووتکەی چیای مەتین لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئێمەدایە”.

بەڵام، ڕەوشی پڕاکتیکی لەبەرەی شەڕ ئەوە پشتڕاست ناکاتەوە. لە هیچ لووتکەیەکی مەتین هێزی پەکەکە بوونی نیە. لە هەندێک لووتکەدا هێزی پێشمەرگە و  لە تەپۆلکەکانی دەوروبەری “زاپ”یش هێزە چەکدارەکانی تورکیە جێگیر کراون. هێزی پێشمەرگە دوای ساڵی 2020 بۆ رێگری کردن لە پێشڕەوی ئەرتەشی تورک لە هەرێمەکە هێزی خۆی جێگیر کرد. بە تایبەتی لە ساڵی 2021دا هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پەکەکە و ئەرتەشی تورک لە شارەکان دوور بخەنەوە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد.

لە شەوی 25 -26 ی گوڵاندا ئەرتەشی تورک بە دابەزاندنی سەرباز بۆ چیای مەتین و گردی هەکاری، گردی FM و گردی جوودیان گرت. ئیدی هیچ لووتکەیەکی مەتین لە دەستی پەکەکەدا نەمان. ئێمە دەتوانین بڵێین جگە لە چەند یەکینەی بچووکی پەکەکە، هیچ هێزێکی دیکەی گریلا لە ناوچەکەدا نەماون. پەکەکە هەرێمەکەی بە تەواوی رادەستی ئەرتەشی تورک کردووە.

پەکەکە دەیهەوێت لە چیاکانی پشتی گوهەرز، پشتی سەرگەل و لووتکەی باکوولکێ جێگیر ببێت

لە بواری سەربازیدا، ئەوە بەو واتایە دێت کە هیچ شتێکی ئەوتۆ لە هێڵی مەتین، زاپ و ئاڤاشین وەکوو پشت جەبهەی پەکەکە نەماوە. دەیهەوێت بەرەی تازە بۆ خۆی بکاتەوە. ستراتژییە بنەڕەتییەکانی ئەوەیە کە لە ئێستادا شەڕ بگەیەنێتە هێڵی نێوان ئامێدی و دێرەلووک. لەسەر لووتکەی “باکوولکێ” ی نزیک شاری ئامێدی جێگیر دەبن. پەکەکە ساڵی 1997یش لەو لوتکەوە شاری “ئامێدی” هاوەن باران کرد. ئەوەش بەو واتایە دێت کە دەیهەوێ ناوەندی شاری ئامێدی ببێتە ناوەندی شەڕ. هەڵبەت بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ناتوانن ڕێگە بەو بارودۆخە بدەن. ناوەندی شاری ئامێدی بۆ پەکەکە بەجێ ناهێڵدرێت.

پەکەکە لەو لووتکانەی کە دەهەوێ پێشمەرگە لێی بکشێنەوە، بەتەمایە چ بکات؟

پەکەکە لە بەهارەوە ئەو لووتکانەی کە هێزی پێشمەرگەی لێ جێگیر بوونە کردۆتە ڕۆژەڤی خۆی و دەیهەوێت پێشمەرگە لەو ناوچانە بچنە دەرەوە. لەبەر ئەوە  داوای هێڵی بەرواری باڵا و هێڵی ئامێدی – مەتین دەکات. ئەو کات پەکەکە دەیهەوێت لەو ناوچانە چی بکات؟ پەکەکە نەیتوانی هیچ لووتکەیەک بگرێت و بیپارێزێت. لووتکەی هەکاری، لووتکەی جوودی کە ماوەی 40 ساڵ لە دەستی پەکەکەدا بوو، لە شەوێکدا ڕادەستی ئەرتەشی داگیرکاری تورکیە کرا. بەڵام کاتێک کە هێزی پێشمەرگە ویستی بچێتە ئەو ناوچانە، پەکەکە ئەوەی کردە بیانووی شەڕ. ئەگەر پەکەکە جێگیربوونی پێشمەرگەی نەکردبایەتە هۆکاری شەڕ ئێستا ئەرتەشی تورک نەیدەتوانی بچێتە لوووتکەکانی “کورکو و بناڤی”.

ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە هەندێک لووتکەی مەتین و بەرواری باڵا نەمێنێت و بۆ پەکەکەی جێ بهێڵێت، پەکەکە ئەوانیش ڕادەستی تورکیە دەکات. لەبەر ئەوەی پاراستنی ناوچەکە بە هەڵکەندنی تونێل و هێشتنەوەی چەند لاوێک ناکرێت. لە کۆتاییدا ئەو ناوچانە دەکەونە دەستی دەوڵەتی تورک. بەڵام ئەگەر ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بن، ئەرتەشی تورکیە ناتوانێت بێتە ئەو ناوچانە. لە ئێستادا خەڵک و سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان بە جیددی لەسەر ئەوە کۆکن: “ئایا پەکەکە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە رادەستی سوپای تورک بکات، چی دەوێت”؟ ئارمانجی پەکەکە لە هێرش کردن بۆسەر بنکەی پێشمەرگە ئەوەیە کە پێش ئەرتەشی تورک بکەوێت تاوەکوو بە ئاسانی بچنە ناوچەکە.

پەکەکە دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە دەڤەری نهێلی بۆ ئەوەی خەڵکی ناوەندی شاری ئامێدی، دێرالووک و شێلادزێ ئاوارە بکات و نهێلێ و دەشتی زێ کۆنتڕۆڵ بکات. ڕێگای بارزان ـ سۆران دابخات. ئەو ناوچانەش وەک هەرێمی نێروە و ڕێکان بێ دانیشتوان بکات. ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا بە دەست کەوتوون ئەوەیە کە پەکەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەنگەر و خاڵەکانی چاودێری کردنی پێشمەرگەیان کەشف کردووە و دەیهەوێت لە داهاتوودا بەو فڕۆکانە هێرش ئەنجام بدات. هەروەها لەناو ئەو زانیارییانەدا هاتووە، کە پەکەکە پلانی هێرشی مووشەکی و کوشتنی بە ئەنقەستی داڕشتووە.

ستراتژی پەکەکە: “پیشمەرگەی کوردستان ئیستفزاز بکە و بڵێ شەڕی براکوژی”

ئارمانج لە هێرشی پەکەکە بۆسەر هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی ئاژاوەگێڕی لە هەرێم بە کاری تیرۆریستی ئەوەیە کە پیشمەرگە پەلکێشی شەڕ بکەن. ماوەیەکی زۆرە هێزەکانی پەکەکە و تورکیە ئیستفزازی زۆر دەکەن کە پیشمەرگە تێکەڵ بە شەڕ بکەن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێزی پێشمەرگە توانیویەتی بۆ ماوەیەکی درێژ بە خەتێکی هەستیار و هەماهەنگ لەسەر ئەو بابەتە، تێکەڵ بەشەڕ نەبێت.

لەو هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەدا سەرۆکی سیاسی کوردستان “مەسعوود بارزانی” ڕۆڵێکی مەزن و سەرەکیی هەبووە. بارزانی گوتی: “شەڕی براکوژی لەناو کورداندا حەرام دەکەم” و ئەوە بۆتە ڕێباز و خەتێکی سیاسی. تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنی شەڕی نێوان کوردان هیچ ڕاگەیەندراوێکی نەداوە. بەڵام بەڕێوەبەرانی پەکەکەبە بەردەوامی هەوڵ دەدەن هێرش بۆسەر هێزی پێشمەرگە ئاسایی بکەن. بەسێ هۆزات، لە 3ی تەباخدا گوتی: “ئەگەر پەکەکە و پەدەکە شەڕ بکەن ئەوە نابێتە شەڕی براکوژی” هەمان شت”مستەفا قەرەسوو”ش لە 20ی تەباخدا گوتی: “بەڕاستی شەڕ لە دژی پەدەکە بکرێت نابێتە شەڕی براکوژی.”

پەکەکە بە قسەکانی پارێزگاری دهۆک، پەست بووە

هەپەگە لە راگەیاندراوەکەیدا، نیگەرانیی خۆی لە لێدوانەکانی پارێزگاری دهۆک و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕیوە و لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا بە روونی باس لەو دوو لایەنە کراوە. هۆکاری نیگەرانیی پەکەکە وتارەکەی “عەلی تەتەر” پارێزگاری دهۆک بوو کە لە رۆژانی رابردوودا و لە ساڵوەگەڕی شەهید کرانی 5 پێشمەرگەی کوردستان بەدەست گریلاکانی پەکەکە، پێشکەشی کردبوو. عەلی تەتەر لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە “ئێمە بڕوامان بە شەڕ نیە، بەڵام ئەوان دێن پێشمەرگە، لاوان و منداڵانی ئێمە شەهید دەکەن، لەسەر رێگای هاتووچۆی خەڵکی ئاساییدا بۆمب دادەنێنەوە و دەستوەردان لە ژیانی خەڵک دەکەن”. پارێزگاری دهۆک داوای کردبوو کە پێویستە پەکەکە، شەڕی نێوان خۆی و تورکەکان لە باشووری کوردستان دووربخاتەوە.

عەلی تەتەر لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا رایگەیاند کە سیاسەتی پەکەکە پاراستنی سنوورەکانی سایکس ـ پیکۆیە

پەکەکە هەتا ئێستا لە ناوچەکانی ژێر بەرێوەبەریی “عەلی تەتەر”، پارێزگاری دهۆکدا، 12 پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کردووە و بەدەیان منداڵی بێ سەرپەرست کردوون. پەکەکە رۆژانە مین لەسەر رێگای هاتوچۆی خەڵکی دادەنێتەوە و لە ئێستاشدا دەیهەوێ لە ئامێدی و شیلادزێ شەڕ بکات، ئایا بەڕاستی پەکەکە چاوەڕێی ئەوەیە کە عەلی تەتەر سپاسیان بکات؟

پەکەکە هەتا ئێستا بە مەبەستی بچووک کردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانی زۆر راگەیاندراوی بڵاو کردۆتەوە و لە میدیاکانی خۆیدا باسی لێوە کردوون، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەزانێت ئەو کارانە بەمەبەستی ئیستیفزاز کردن بەڕێوە دەچن، بە ژیری و لەسەر بنەمای عەقڵانیەتێکی گەورە، بێدەنگیی هەڵبژاردووە. پەکەکە لە ئێستدا بەو چەند وەڵامە قەڵس بووە. لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە بێدەنگەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر چەواشەکاریەکانی پەکەکە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبە ئەوەندە لەخۆبایی بووە. بۆیە لە ئێستا بەولاوە پێویستە پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و تورکیە زیاتر ئاشکرا بکرێن. تەنها بەوشێوەیە دەکرێ کە سووکایەتی و هێرشە ناڕەواکانی بەردەوامی پەکەکە رابگرێت.

ئەو راگەیاندراوەی کە پەکەکە بەناوی هەپەگەوە بڵاوی کردۆتەوە، راگەیاندراوێکی میدیایی نیە، بەڵکوو نیشانەی پێلانداڕێژیەکی نوێی پەکەکەیە دژ بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پێویستە هەموو کەس لەو پەیوەندیەدا بە هەستیاری و وشیاریەوە بجووڵێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش