جەمیل بایک: پەکەکە هەرگیز زیانی بە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەگەیاندووە

جەمیل بایک: پەکەکە هەرگیز زیانی بە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەگەیاندووە

هاوکاری کردن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، شێوازێکی نوێی جاشایەتییە و پێویستە سەرجەم چین و تویژەکانی کوردستان بەرەنگاری ببنەوە.

گوتارێکی جەمیل بایک بەڕێوەبەری پەکەکە، لە ئاژانسی ANFی پەکەکەدا بڵاوکرایەوە. لەو بەیاننامەیەدا جەمیل بایک داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە نابێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا پێکەوە دژی پەکەکە مامەڵە بکەن. بایک لە وتارەکەیدا چەندین جار ستایشی دەوڵەتی عێراقی کرد و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی عێراقی وەبیرهێنایەوە. بایک بەرگریی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق کرد و ئەو بڕیارانەی کە دژی کورد و کوردستان بوون، بە بڕیاری “دیموکراتیزەکردنی کوردستان” ناوبرد.

وتارەکەی جەمیل بایک لە ڕاستیدا بابەتێک بوو کە تیایدا پەکەکە پابەندبوونی خۆی بە عێراقەوە نوێکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوانیش شانبەشانی عێراق بەشداری شەڕی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. لە ڕاستیدا دەتوانین ئەمە بە مانیفێستی عێراقچیەتی و دوژمنایەتی پەکەکە لەگەڵ پەدەکە ناوببەین. چونکە لە بنەڕەتدا تەواوی وتارەکەی بایک دەقێکە کە هێڵە سەرەکییەکانی شەڕی پەکەکە دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری دەکات و هۆکارە هاوبەشەکان و خواستە هاوبەشەکانی کارکردن لەگەڵ عێراق دەخاتە ڕوو.

بایک: هەمیشە سیاسەتێکی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەبووە

بەڕاستی نووسینەکەی جەمیل بایک بەڵگەنامەیەکی گرینگە کە عێراقچیەتی پەکەکە دەسەلمێنێت. لەو وتارەیدا بایک چەندین جار بە پانەوە ستایشی عێراقی کردووە.

بایک دەڵی: “ئەگەر عێراق هاوکاری تورکیا بکات، دەکەوێتە خزمەت ڕەوایەتی دان بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە و شەرەف و حەیسیەتی عێراق گورزێکی گەورەی لێدەکەوێت”.

ئەم قسانەی بایک بە دوور لە شاردنەوەی لایەنی دژە کوردستانی و کۆلۆنیالیستی خۆی، دەوڵەتی عێراقی وەکوو وڵاتێکی شکۆمەند و دادپەروەر و دیموکراسی پێناسە دەکات. عێراق کە لە مێژوودا گۆڕستانی گەلان جووڵاوەتەوە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد و مەسیحی و گەلانی دیکە، بەڵام بەداخەوە لە روانگەی جەمیل بایکەوە، عێراق دەوڵەتێکی دادپەروەر و ئازادیپەروەرە. ئەم شێوازە لە ڕاستیدا پێناسە و سیمای جاشایەتی پەکەکە بۆ عێراق نیشان دەدات.

هەڵوێستی پەکەکە لە عێراق نیشانەی بزووتنەوەیەکی نوێی جاشایەتییە

پەکەکە لە ساڵی 2013 بەملاوە بەتەواوی بۆتە پاشکۆی ئێران و وەکوو هێزێکی میلیشیایی شیعەی ژێر فەرمانی ئێران لە عێراقدا دەجووڵێتەوە. خەسارێکی گەورە کە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد بە کۆمەڵگای کوردی دەگەیەنن ئەوەیە دژ بە “هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کە شێوازێکی نوێی جاشایەتییە”، هەڵوێست ناگرن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ​​ئەمڕۆ شێوازێکی مۆدێرن لە جاشایەتی سەریهەڵداوە کە ناوەندەکەی شاری سلێمانی باشووری کوردستانە و پەکەکە بە سەرکردایەتی جەمیل بایکیش بەشێکە لەو جاشایەتیە نوێیە. بەشداری پەکەکە لەم جاشایەتیە مودێرنەدا لە جاشایەتیی هێزەکانی باشووری کوردستان مەترسیدارترە، چونکە پەکەکە ڕق و نفرەت لە دژی کۆلۆنیالیزمی عێراق لادەبات و جاشایەتی وەکوو کارێکی ڕەوا و بێ زیان پێناسە دەکات.

ئەگەر سەرنج بدەن، جەمیل بایک هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم بابەتە بەم قسانە دەردەبڕێت: “پەکەکە هێچ کاتێک زەرەری لە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەداوە. بەردەوام سیاسەتی دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی بە بنەما وەرگرتووە. بە تایبەت، ئەگەر ئەو بڕیارەی کە وابانگەشە دەکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارت بە پەکەکە گرتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا ئەو بڕیارە چەندە زەرەر لە پەکەکە دەدات، ئەوەندەش زەرەر لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق دەدات”.

جەردەڤانی لە بۆتان هەرچییەک بێت، پەکەکەش کە لە شنگال بۆتە حەشدی شەعبی، هەمان شتە

قسەکەی جەمیل بایک کە دەڵێت “چەندە زەرەر لە پەکەکە دەدات، ئەوەندەش زەرەر لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق دەدات”، دانپێدانانە بە ڕاستییەک. چونکە پەکەکە لایەنگر و بەهێزترین ئامرازە لە سیاسەتی حکومەتی ناوەندی عێراق بەرامبەر بە کورد. شەنگال نموونەیەکی زۆر باشە لەم ڕووەوە. ئەگەر پەکەکە لە ژێر دەمامکی کوردیدا لە شنگال جێگیر نەبوایە، نە حەشدی شەعبی و نە حکومەتی عێراق نەیاندەتوانی شەنگال لە کوردستان داببڕن و هێزی پێشمەرگە لە شەنگال دوور بخەنەوە. پەکەکە بۆ ئەوەی شنگال لە کوردستان جیا بکاتەوە، سیستەمێکی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە شنگال دامەزراند. ئەو شوێنانەی کە بەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا قەدەغە کرابوون، بۆ پەکەکە و حەشدی شەعبی ئازاد کراون و هەموویان لە ژێر یەک دەمامکدا دەجووڵێنەوە.

پێویستە ئەم دۆخەی شنگال بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا شی بکرێتەوە و باسی لەسەر بکرێت. هەر وەک ئەو جەردەڤانانەی کە سوێندیان بە “بوون و یەکپارچەیی دەوڵەتی تورک” خواردووە و چەکی داگیرکەرانیان لە باکوری کوردستان بەدەستەوە گرتووە، لەگەڵ هەمان ئەو جەردەڤانانەی کە چەکیان بۆ یەکگرتوویی عێراق هەڵگرتووە و شەر دەکەن بۆ ئەوەی شنگال لە کوردستان داببڕن و بیخەنەوە ژێر داگیرکاریی عێراق، هیچ جیاوازییەکیان نیە. بەکورتی ئەو جاشانەی کە بەرگری لە عێراق دەکەن، واتە پەکەکە، لەگەل ئەو جاشانەی کە لە باکووری کوردستاندا بەرگری لە تورکیا دەکەن، یەکێکن و هیچ جیاوازییەکیان نیە.

هەروەک چۆن لە ساڵی 2013 لە کاتی دانوستانەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، جەردەڤانەکان بێزار ببوون و دەیانەویست پرۆسەکە تێکبدەن، پەکەکەش هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەگەڵ حکومەتی عێراق هەڵیدەگرێت، وەکوو هەوڵێک لە دژی خۆی دەیبینێت. هەروەک چۆن جەردەڤانەکان لە باکوور کرێ وەردەگرن و لەسەر شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە دەژین، پەکەکەش بۆ شەڕکردن لە دژی پەدەکە کرێ وەردەگرێت لەسەر شەڕکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەژی. لە ڕاستیدا جەمیل بایک لە وتارەکەیدا ئەوەندە بێباکانە بوو و گوتی “دەوڵەتی عێراق نابێت ڕێگە بە پەدەکە بدات بیرۆکراسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق بەکار بهێنێت”.

ئێمە جارێکی دیکە وەبیری دەهێنینەوە: پەکەکە پاسەوانی دەوڵەتی عێراقە، کاتێک ئێمە ئەمە دەڵێین دەڵێن گەنجەکان قارەمانانە شەڕ دەکەن و دەمرن، نابێ ئێوە شتی وا بڵێن. بەداخەوە پەکەکە کەڵکاژۆ لە ئازایەتی و قارەمانێتی ئەو گەنجانە وەردەگرێت بۆ ئەوەی پاسەوانی خۆی بۆ داگیرکەران بشارێتەوە و ڕەخنەگرەکانی بێدەنگ بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە ئەو کەسانەی باس لە شەهیدان دەکەن سەرەتا شەهیدانی کوردستان وەبیر جەمیل بایک و تاقمەکەی بهێننەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە باشووری کوردستان، بە هەزران مرۆڤ لە ڕێگای کۆمەڵکوژی و کاولکاریەوە بێسەروشوێن کراون و بە زیندوویی خراونەتە ژێر گڵەوە، کەچی جەمیل بایک ئەو مرۆڤانەی هەر وەبیر نایەتەوە وبەوپەڕی ڕووهەڵماڵراویەوە پشتگیری لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەکات کە بۆ گەمارۆدانی کوردستان دراون. ئەگەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ بکرێن، سبەی عەرەبێک دێت و دەبێتە بەڕێوەبەری هاتوچۆی دهۆک و کەسێکی شیعەی عێراقی دیکە دێت و دەبێتە بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر. دادگای فیدراڵی عێراق هەوڵی دوبارە داگیرکردنەوەی کوردستان دەدات. جەمیل بایک یەک بە یەک بڕیارەکان شرۆڤە دەکات و ئەم بڕیارانەی کە بۆ تێکشکاندن و کۆنترۆڵ کردنی ئیرادەی کورد دراون، وەکوو “هەوڵێک بۆ دیموکراتیزەکردنی کوردستان” ناودەبات.

مانیفێستی شەڕ دژی پەدەکە

هەڵسەنگاندنەکەی جەمیل بایک کە لەلایەن ANF بڵاوکراوەتەوە لە ڕاستیدا ڕێنمایی و تەعلیماتێکە کە بە کارمەند و چالاکەکانی پەکەکە دراوە. میدیا و بەشی پڕوپاگەندەی پەکەکە هەموویان دەبێ بەپێی ئەم وتارەی بایک چالاکییەکانیان ڕێکبخەن. هەر بۆیە دەکرێ ئەم نووسینەی جەمیل بایک وەکوو مانیفێستی شەڕ دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دابنرێت.

جەمیل بایک ڕایگەیاند کە وەک هەمیشە هاوکارییەکی ستراتیژی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەدا هەیە. تەنانەت زۆر بێ حورمەتانە دەڵێ: “پەدەکە جلی پێشمەرگە دەکاتە بەر سەربازی داگیرکەری تورکیا و هەرکاتێکیش پێویستی کرد جلی سوپای داگیرکەر دەکاتە بەر پێشمەرگە. واتە، پەدەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری ئەم شەڕەیە”. ئەم قسانەی جەمیل بایک لە ڕووی کردارییەوە فڕیان بە ڕاستیەوە نییە. پێشمەرگە لە هیچ شوێنێک جلوبەرگی سوپای تورکیای لەبەر نەکردووە. نە جەمیل بایک و نە هیچکەسێکی دیکە ناتوانێت ئەمە بسەلمێنێت چوونکە درۆیەکی ڕووتە و هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە. بەڵام ئەوە کە گەریلا و ئەندامانی پەکەکە جلوبەرگی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوژمنی کوردان لەبەر دەکەن کە هەولێری پایتەختی کوردستان بوردومان دەکەن و ئەوەی کە پەکەکەییەکان ئاڵای عێراق بەرز دەکەنەوە و ئارم و لۆگۆی میلیشیا شیعەکان و عێراق لەسەر شانیان دەدەن، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بە دەیان بەڵگە و فیلمی لەسەر بڵاو بۆتەوە. پەکەکە ئاڵای عێراق و ئاڵای حەشدی شەعبی بە شانی ئەو گەنجانە هەڵواسیوە کە بە ئامانجی ڕزگارکردنی کوردستان لە ماردین و مووش و جۆلەمێرگەوە تێکەڵ بە گەریلا بوون و ئەمەش بە ئاشکرا دەبیندرێت و سەلمێنراوە.

جەمیل بایک لەسەر ئەوەی کە مەعاش و مووچەی خەڵک نادرێت، هەڵدەستێت و ڕەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت، ئایا پەکەکە لە مێژووی خۆیدا یەک بۆری نەوتی تورکیای تەقاندۆتەوە؟ نەخێر، بەڵام چەندین جار بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستانی تەقاندۆتەوە و تەنها لە یەک تەقینەوەدا لە ماوەی 11 ڕۆژدا 120 ملیۆن دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاند، ئەوسا خێرە ئەم حیزبە دەڵێ نیگەرانی دواکەوتنی مووچەی خەڵکی باشووری کوردستانین. دیارە نەدانی مووچە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە کۆلۆنیالییە کە حکومەتی عێراق بەسەر کوردستاندا سەپاندوویەتی. بەداخەوە ناچارین ئەو جەمیل بایکەی کە هەوڵ دەدات سیاسەتی دەوڵەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کورد بە ڕەوا دابنێت و  پاساوی بۆ بهێنێتەوە، وەکوو جەمیل بایکی سەرۆکی جاشەکان ببینین کە هەوڵ دەدات ئەرکی جاشایەتی خۆی بەجێ بگەیەنێت. لەکۆتایی قسەکانیدا جەمیل بایک گوتی “پێویستە هەڵوێست لەدژی پەدەکە هەبێت”. لەسەر ئەم ڕێنماییەی بایک بەم نزیکانە خۆپیشاندانی جەماوەری دژی پەدەکە بەڕێوەدەچێت. ئەگەر عێراق و ئێران دەست لە دوژمنایەتی کردنی پارتی دێموکراتی کوردستان و بارزانی و پێشمەرگە هەڵبگرن، پەکەکە دەستی لێهەڵناگرێت. پەیوەندی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی عێراق زۆر کۆنە. بەڵام وەک بە تایبەتی گوتمان لە ساڵی 2013 بەملاوە واتە ماوەی 11 ساڵە کە پەکەکە لەسەر شەڕکردن دژ بە پەدەکە لە سلێمانی دەژی. پەکەکە نایەوێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات.

ئێمە بانگەوازەکەی جەمیل بایک سەرڕاست دەکەین و داوا دەکەین کە: “سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، نووسەران، گەنجان، ژنان و هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی باشووری کوردستان لە دژی هەموو جۆرە جاشایەتییەک هەڵویستیان هەبێت و تێبکۆشن. شۆڕشی باشووری کوردستان قیبلەی هەموو نەتەوەی کوردە، لەم ڕۆژە سەختانەدا، با خەبات لە دژی ئەم بزووتنەوە نوێیەی جاشایەتی پەرە پێبدەین و ئایندەی ئازادی کورد وکوردستان مسۆگەر بکەین”.

پوستێن ھەمان بەش