میدیای باشوور تەور لەبەر لاقی خۆی دەدات

میدیای باشوور تەور لەبەر لاقی خۆی دەدات

ئەگەر بەراستی بەرخۆدانێکی وەها گەورە لە ئارادایە ئەدی بۆ لە شاخەکانی باکووری کوردستان دەنگی فیشەکێک نابیسترێت؟

ئەو هێرشانەی کە تورکیە لە نیسانی ئەمساڵ (2022) بە بیانووی حوزووری پەکەکەوە بۆ سەر باشووری کوردستان دەستیپێکردوون و ناوی “پەنجە ـ کلیل”ی لەسەر داناوە، هیشتا بەردەوامە. هەر دوولایەن (تورکیە و پەکەکە) پەیتا پەیتا زانیاری لەسەر هێرشەکە بڵاو دەکەنەوە. ئەگەر ئێمە لە ئامارانە ورد ببینەوە کە تورکیە وپەکەکە رۆژانە بڵاوی دەکەنەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو شەڕە گوماناویەدا گیانیان لەدەستداوە دەگاتە زیاتر لە 3000 کەس.

ئەو کەسانەی کە تۆزقاڵێک شارەزاییان لە بواری سیاسی، کۆمەڵناسی و سەربازیدا هەبێت، کاتێک سەیری ئامارەکانی تورکیە و پەکەکە دەکەن یەکسەر تێدەگەن کە ئەو ژمارانەی ئەو دوو لایەنە لەسەر زیانە گیانیەکانی یەکتر و هتد… بڵاوی دەکەنەوە، فڕیان بە راستیەوە نیە. تورکیە و پەکەکە ئاماری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی لایەنگرەکانی خۆیان فریو بدەن و لە میدیاکاندا خۆیان بە براوە و سەرکەوتوو پیشان بدەن.

بەتایبەتی دەتوانی بڵێین کە پەکەکە بەهۆی ئەوەی کە لەمساڵانەی دواییدا لە باکووری کوردستان تووشی شکستی گەورە هاتووە، بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی درۆ و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، لە فریودان و بەلاڕێدا بردنی رای گشتی کورداندا سەرکەوتوو بووە. لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە پەکەکە سەدا 60ی توانای خۆی بۆ شەڕی راگەیاندن و شەڕی رەوانی تەرخان کردووە. واتە پەکەکە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە لە شەڕی میدیاییدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

لاوازیی هەڵوێستی راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان

ئەوە روونە کە پەکەکە و تورکیە شەڕی پروپاگاندایی دەکەن، بەڵام بەداخەوە راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆپی ـ پەیست کردنی ئەو هەواڵانەی کە پەکەکە و دەوڵەتی تورک بڵاویان دەکەنەوە، کەوتوونە خزمەت ئەو دوو لایەنە و رای گشتیی کورد لە واقعییەتی رووداوەکان ئاگادار ناکەنەوە. هەرکات گوللـەیەک لە شوێنێک دەتەقێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا یەکسەر وەکوو هەواڵی بەپەلە بڵاو دەکرێتەوە و لەناکاو بە مانشتهایەکی وەکوو “گریلاکانی پەکەکە لە بارەگایەکی تورکیەیان دا” یان “دوو گریلا گیانیان لەدەستدا” سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان دەتەنێت.

بەداخەوە میدیاکانی باشوور ناتوانن واقعییەتی پێکدادانەکان و ئامانجە راستەقینەکانی ئەو شەڕە ئاشکرا بکەن. هەر بۆیە ئەو خەڵکەی کە لەناوچەی پێکدانانەکاندا ناژین، بڕوا بەو هەواڵانە دەکەن کە لە ئەساسدا بۆ پروپاگاندا بڵاو دەکرێنەوە و تێیاندا چەند کورتە ڤیدیۆیەکی پێکدادانێک بڵاو دەکرێنەوە ودەنگی چەند رۆکێتێکیان لەسەر دادەنرێت و وەکوو مەیدانی شەڕێکی راستەقینە وێنا دەکرێت.

ئەوانەی کە رەخنە لە پەکەکە دەگرن و هەوڵ دەدەن کە تاڕادەیەک ئامارە راستەقینەکانی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیە لە هەرێمی کوردستاندا بڵاو بکەنەوە، دەکەونە بەر هێرشی هەر دوو لایەنەکە. بەتایبەتی پەکەکە لەو بوارەدا شەڕێکی رەوانی و فشارێکی دەروونی لەسەر میدیای کوردی دروست دەکات. پەکەکە شکستەکانی خۆی دەشارێتەوە و هەر هەوڵێکیش بۆ ئاشکرا کردنی درۆیەکانی بە خیانەت دادەنێت.

لە راستیدا ئەرکی میدیای کوردی تەنها ئەوە نیە کە ژمارەی کوژراو ـ بریندارەکانی ئەو شەڕە و ڤیدیۆی پیکدادانەکان بڵاو بکاتەوە، بەڵکوو ئەرکی سەرەکییان ئەوەیە کە ئامانج و مەبەستە راستەقینەکانی پشت ئەو شەڕە گوماناویە ئاشکرا بکەن.

پووچەڵ کردنەوەی پروپاگاندا رەشەکانی پەکەکە

هەتا ئێستا میدیای هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕی نێوان پەکەکە و ئەرتەشی تورک لە ناو خاکی هەرێمدا ئاشکرا بکات. با واز لەوەش بهێنین، تەنانەت نەیتوانیوە وەکوو پێویست راڤەی ئەوە بکات کە راوەستاندنی هێرشەکانی تورکیە، ئەرکی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکوو بەپێی یاسا و لە راستیدا ئەرکی دەوڵەتی بەغدایە. میدیای هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە رای گشتیی کورد لەو راستیە تێبگەیەنن کە تورکیە ئەو هێرشانە لەسەر بنەمای چ پەیمانهایەک ئەنجام دەدات.

ئەمەش وایکردووە کە گۆڕەپانەکە بۆ میدیای پەکەکە چۆڵ بکەن. میدیای پەکەکە بەردەوام ئیدیعا دەکات کە هەرێمی کوردستان لە هێرشەکانی تورکیەدا بەشدارە و وێکڕا هێرش دەکەنە سەر پەکەکە و گۆیا پێشمەرگە دژ بە گریلا شەڕ دەکات. میدیای هەرێمی کوردستان هیشتا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەو چەواشەکاریەی پەکەکە بداتەوە.

با نمونەیەکی ساکار باس بکەین: لەمدواییانەدا میدیای پەکەکە نووسیبووی کە ئەرتەشی تورک لە باشووری کوردستانەوە هاتۆتە چیایەک بەناوی “گرێ هەکاری” کە لە سەنتەری شاری ئامێدیەوە دەبیندرێت. واتە بەپێی میدیای پەکەکە، چەکدارانی تورک هاتوونەتە ناوەندی شاری ئامێدی و لەوێیەوە پەڕیونەتەوە بۆ هەرێمی نهێلێ. ئەگەر ئەوە راست بایە خۆ دەبوو هەموو خەڵکی ئامێدی و نهێلێ ئەوەیان بینیبا. ئەو کوردانەی کە بەدوادوچوون بۆ میدیای پەکەکە دەکەن و بەتایبەتیش خەڵکی باکووری کوردستان، بروا بەو درۆیەی پەکەکە دەکەن و پێیانوایە کە راستە. بەڵام لە واقعییەتدا هیچ شتێکی وەها رووی نەداوە و راستیەکەی ئەوەیە کە تورکیە بەو فڕۆکانەی کە لە دیاربەکرەوە هێنابوونی پەلاماری “گرێ هەکاری” دابوو. بەو هێلیکۆپتەرانەوە کە لە ناوچەی “چەلێ”ـەوە هەڵیستاندبوون، هێزەکانی گواستبوونەوە بۆ ناوچەی نهێلێ. ئەگەر پەیامنێرێک سەردانی ناوچەی ئامێدی و نهێلی بکات و لە خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بپرسێت “ئەرێ ئێوە هیچکات ئەرتەشی تورکتان بینیوە کە بەم ناوچەیەدا دەرباز ببن و بڕۆن بەرەو سەری مەتین؟”، ئەوکات درۆکانی پەکەکە ئاشکرا دەبوون و چەواشەکاریەکانی پووچەڵ دەکرانەوە. بەڵام بەداخەوە هیچکام لە میدیا و رۆژنامەوانەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە نین ئەو کارە بکەن.

سەرلەنوێ خۆیان رێکبخەنەوە

میدیای هەرێمی کوردستان ئەگەرچی توانیبیتی لەبواری تەکنیکیەوە پێشکەوتوو بێت بەڵام لە بواری ناوەرۆکی هەواڵ و زانیاریەکاندا و ئاشکرا کردنی درۆ و چەواشەکاریەکان و دۆزینەوەی وەڵامی راستەقینە بۆ پرسە راستەقینەکان، هێشتا زۆر لاوازە. بۆ چارەسەر کردنی ئەو کەموکووڕیانە، پێویستە میدیای کوردی سەرلەنوێ و لەسەربنەمای بارودۆخی نوێ، پێداچوونەوەیەک بەخۆیدا بکاتەوە، خۆی رێکبخاتەوە، خۆی پەروەردە بکات و گۆڕانکاریی لەخۆیدا دروست بکات. ئەوە قبووڵە کە نییەتێکی پاکیان هەیە بەڵام پەروەردە کردن و گۆڕانکاریش بە ئەندازەی نییەتی پاک پێویستن.

لە شیلادزێ و کانی ماسی چ جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان پەکەکە و هێزەکانی ئەرتەشی تورکدا هەیە؟

ئەگەر بەراستی بەرخۆدانێکی وەها گەورە لە ئارادایە ئەدی بۆ لە شاخەکانی باکووری کوردستان دەنگی فیشەکێک نابیسترێت؟ قەرەیەلان لەو قسانەی کە لە 1ی گوڵاندا لە ئاژانسی “ANF”ی پەکەکەدا بڵاو کرانەوە، گوتی: “هیرشی ئێمە بۆ سەر بنکەکانی تورکیە لە شیلادزێ، هێرشی ئاگادارکردنەوە بوون”.

قەرەیەلان گوتی: “مەبەستی ئاگادارکردنەوەکەش ئەوە بوو تا ئەو هێزانەی داگیرکەران کە پێشتر لە باشوور جێگیر کرابوون، خۆیان تێکەڵ بەم هێرشە نوێیەی تورکیە نەکەن. ئەگەر ئەوانیش تێکەڵ بەو شەڕە ببن ئەوکات دەبنە ئامانجی هێرشی هێزەکانمان. ئەو دەرفەتەمان لەبەردەستدایە و من پێموایە کە پەیامەکەم گەیشتۆتە شوێنی پەیوەندیدار”. قەرەیەلان کە ئەو قسانەی لە رێگای دەزگای بێسیمەوە کردن، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پەیامێکی بە هێزەکانی تورکیە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا نارد. ئەوەش مانای ئەوەیە کە پەکەکە لە باشووری کوردستاندا لەگەڵ بەشێک لە هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکیەدا شەڕ دەکات، بەڵام لەگەل بەشەکەی دیکەی شەڕ ناکات. بۆ نموونە لە شیلادزێ لەگەڵ هێزەکانی تورکیەدا شەڕیان نەکرد، چوونکە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر هەبوو و تەنانەت دیدار و رێکەوتنیشیان هەیە. پەکەکە و هێزەکانی تورکیە لە شیلادزێ، پەیمانی شەڕ نەکردنیان لەنێواندا هەبوو. دیارە ئەو پەیمانە پاش هێرشەکانی ئەمدواییانە بۆ سەر زاپ، تێکچوو.

پوستێن ھەمان بەش