درامای بێ کۆتایی پەکەکە؛ “ئاخرین ساڵ”

ئەو شەڕەی کە پەکەکە 45 ساڵ پێش لە ئانکارا دەستی پێکرد، لە ئێستادا هێناویەتیە بەرواری باڵا، زاپ و حەفتەنین.

دووران کاڵکان دیمانەیەکی دیکەی لەگەڵ کەناڵی “میدیا هابەر”، تلویزیۆنی ئوروپای پەکەکەدا ئەنجام داوە. گوێگرتن لە قسەکانی کاڵکان، سەبر و تەحەموولێکی زۆری پێویستە. لە راستیدا نەک تەنیا بۆ گوێگرتن لە دووران کاڵکان بەڵکو گوێگرتن لە سەرجەم سەرۆکەکانی پەکەکە، تەحەموولێکی گەورەی پێویستە، لەبەر ئەوەی 95٪ی قسەکانیان دووبارەیە و بۆ ڕووداوێکی تازە تەنیا 5٪ی هەڵسەنگاندنەکانیان تازەن.

ڕۆژەڤی پەکەکە چوار خاڵە و قەد ناگۆردرێت

بەڕاستی دەزانم ئەگەر مرۆڤ ساڵێ جارێک گوێ لە چاوپیکەوتنی بەرپرسێکی پەکەکە بگرێت، وەکوو ئەوە وایە کە گوێی لە هەموو ڕاگەیەندراوەکانی ئەو ساڵەی پەکەکە گرتبێت، لەبەر ئەوەی بابەتە سەرەکیەکان دیاریکراون.

  • سەرۆک ئاپۆ بەرگرییەکی گەورەی کرد و نیشاندیدا کە دەیهەوێت تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕزگار بکات. پێویستە ئێمە بە شێوەیەکی فیزیکی ئۆجەلان ئازاد بکەین.

  • گریلا بەرگرییەکی بەهێز دەکەن، دەوڵەتی تورک ناتوانێت هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت.

  • دەمانهەوێت فاشیزمی ئاکەپە ـ مەهەپە هەڵبوەشێنینەوە.

  • ئەمساڵ دەبێتە ساڵی چارەنووسی قەدەری ئێمە، دەبێتە ساڵی کۆتایی.

ئەگەر ئێوە گوێ لە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم دە ساڵەی کۆتایی جەمیل بایک، دووران کاڵکان یان هەر بەرپرسێکی دیکەی پەکەکە بگرن، وشەکانیان لە دەوری ئەو چوار شتەی کە من باسم لێوە کرد دەسووڕێنەوە. ئەو چوار شتە وەکوو خۆی بەڵام لە مۆدێلی جیا جیادا باسی لێوە دەکەن و وەکوو کەشفێکی تازە قسەی لەسەر دەکەن.

بەڵام لەو خاڵانەدا نابێ خاڵی چوارەم لەبەر چاو نەگیرێت. لەبەر ئەوەی لەناو هەموو ڕاگەیەندراوەکاندا گوتاری هەرە گەورەی پەکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ساڵی سەرکەوتن، ساڵی فیناڵ، ساڵی سەرفرازی و هتد.

بۆ تورکەکان ئاڵقەی “کۆڵانەکانی پشتەوە”، بۆ کوردانیش “ساڵی سەرکەوتنی پەکەکە”

لە ساڵی 1990 و بەدواوە پەکەکە هەموو ساڵێک دەڵێت: “ئەم ساڵ دەبێتە ساڵی سەرکەوتن”. قسەکانی پەکەکە لەسەر ئەو ساڵی سەرکەوتنە وەکوو درامایەکی بێ کۆتاییە. 30 ساڵە لەو درامایە دەڕوانین. یەک پەکەکەییش دەرناکەوێت و ناپرسێت ئایا ئەو سەرکەوتنەی کە ئێمە ساڵی پار بەدەستمان خست چی بوو؟

لە ڕاستیدا درامای “ساڵی سەرکەوتن”ی پەکەکە بە درامای “کۆڵانەکانی پشتەوە”ی تلویزیۆنی تورک دەچن. ئەو درامایە جارێک لە باشووری کوردستان دۆبلاژ کراوە. ماوەی 17 ساڵ بەردەوام بوو. دووبارە کردنەوە و درێژییەک کە بینەر بێزار دەکات. دووبارە کردنەوە و هەڵخەڵەتاندنی پەکەکەش لەو درامایەی تورکەکان خراپترە.

لە فیلمەکەدا کۆمیسەر ڕەزا هەیە، پیاوێک کە 17 ساڵە هەمان شت دەڵێتەوە. کەسانی ئاسایی دەمرن، هەڵدێن، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی ناگۆڕن. لەناو پەکەکەشدا ماوەی 40 ساڵە چەند سەر کۆمیسەرێک بوونیان هەیە، وەک ئۆجەلان، بایک، کاراسوو، کاڵکان وهتد.. کە ساڵانە هەمان شت بڵاو دەکەنەوە، یەک هەنگاو پێشکەوتن و گۆڕین نییە و هەموو کات هەمان سیناریۆ پپێشکەشی کوردان دەکەن.

چیرۆکی بۆ کۆتایی

پەکەکە ماوەی 45 ساڵە ئەم چیرۆکانە دەڵێتەوە: “ئێمە دەوڵەتی تورکمان تێکشکاند، ئەرتەشی تورکمان لەناو برد، ئەم ساڵ ساڵی سەرکەوتنە، ساڵی کۆتاییە، ئێمە بەرگری دەکەین، کەمێکی ماوە سەرکەوتنی کۆتایی بەدەست بێنین” و وادەکەن کە مرۆڤ هیوایەکی خەیاڵیی لەلا دروست بێت، بەڵام لە راستیدا تاقە سانیتیمیترێکیش سەرکەوتن بوونی نیە. بەڵام بەپێچەوانەوە شکست هەیە، خوێن هەیە، فرمێسک هەیە. سیاسەتێک کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا بڵاو دەکرێتەوە، کوردان تووشی شکستیکی گەورە دەکات.

دووران کاڵکان چیرۆکێکی ئاوا دەڵێت: هەبوو نەبوو ساڵانێکی زوو، گریلاکان لە ساڵێکدا هەزار و 454 چالاکیان ئەنجام دا و هەزار و 871 سەربازی تورکیان کوشت. لە کوێ کوشتیان؟ لە زاپ.

تۆ لە ئانکارا تورکت پێ نەشکێت ناتوانی لە زاپیش تێکیبشکێنیت

ئەو شەڕەی کە پەکەکە 45 ساڵ پێش لە ئانکارا دەستی پێکرد لە ئێستادا هێناویەتیە بەرواری باڵا، زاپ و حەفتەنین. ئێوە نەیتوانی لە ئانکارا تورک تێکبشکێنن، نەتانتوانی لە ئامەد تێکی بشکێنن و سەرکەوتوو نەبوون. لەو پەیوەندیەدا یاسایەکی ئاسانی بیرکاری هەیە. ئەو شەڕەی کە تۆ لە ئانکارا و ئامەد نەتتوانی تێیدا سەربکەویت ناتوانیت لە زاپ، ئاواشین، خواکوورک و حەفتەنینیش سەرکەوتنی تێدا بەدەست بێنیت.

دووران چیرۆکێک دەڵێت: “ئەرتەشی تورک ناتوانێت لە وشکانی پێشڕەوی بکات” دووران ئەفەندی تۆزێک جیددی بە، تۆزێک شەرم بکە. دەوڵەتی تورک بە ئوتوبوس سەرباز لە “بۆلویێ” ڕەوانەی تەواوی باکوور و هەرێمەکانی “پاراستنی میدیا” دەکا. لە حەفتەنینەوە هەتا خواکوورک یەک چالاکی لە دژی دوژمن ئەنجام نادرێت و هەموو ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەیەک لە پەکەکە ئەستێندراونەتەوە و هێشتا دووران کاڵکان باسی چ سەرکەوتنێکی وشکانی دەکات. ئایا بستێک زەوی لەدەستتاندا ماوە کە ئێوە بتوانن بڵێن ئێمە سەرکەوتووین. پرسیارێک: لە روانگەی پەکەکەوە سەرکەوتن چیە و ئیسباتی سەرکەوتن چین؟

عەلی حەیدەر قەیتان لە کوێیە؟

دووران کالکان قەت شەرمی نەکرد، قەد یادێکی لە چەند فەرماندەیەکی وەکوو “بێریڤان زیلان و ئەحمەد ڕووبار” نەکردەوە کە ژیانیان لەدەست دابوو. “هەر یەکێک لەوان ماوەی 30 ساڵ لە چیا بوون”، بەڵام پێویست بوو کە دووران کاڵکان گوتبای کە چۆن دامەزرێنەری پەکەکە و هاوڕێی سەردەمی ئیدۆلۆژیک عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد) گیانی لەدەست داوە. هەر حیزبێک نەتوانێت مردنی دامەزرێنەری خۆی ئاشکرا بکات، بزانن کە کێشەیەکی جیددیی هەیە. فەرموو مەیدان بۆ تۆ: ئەگەر گریلا ئەوەندە لای تۆ بە قەدر و قیمەتە، لە سەرەتادا لە عەلی حەیدەر قەیتان دەست پێ بکە و هەموو کردەوەەکانی خۆتان ئاشکرا بکەن.

ئایا ئاخاوتنەکانی دووران کالکان دانپێدانانن یان نیشانەی بێ ئاگایین

ئەو مژارە سەرەکیەی کە دووران کالکان لە دراما پڕوپاگەندەکەیدا فۆکۆسی خستبووە سەر، ڕەوشی سووریە بوو. لەو بوارەدا کالکان رایگەیاند: “واباشە بەڕێوەبەرانی سووریە بیر لە دواڕۆژ بکەنەوە. قۆناخی هەرباش کە دەوڵەتی سووریەی لەسەر پێ هێشتۆتەوە، ئەو قۆناخە بوو کە لەگەڵ پەکەکەدا تێپەڕی کرد. دەبێت قەت لەبیری نەکەن و خۆیان نەکەنە ئامرازی دەستی دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتی کردنی کوردان.”

زۆر زەحمەتە کە مرۆڤ بڵێت کە ئەوە دانپێدانانە یان نیشانەی نائاگاییە. بە پێی کالکان، سووریە ماوەیەک “لەگەڵ کوردان بۆتە دۆست”. بەڵام لە ڕاستیدا دەوڵەتی سووریە نە هیچ جارێک بوونی کوردانی قبووڵ کردووە و نە هیچکات بە چاوی هاووڵاتی سەیری کوردانی کردووە. ئەوە کە دەولەتی سووریە لە لوکسترین گەڕەکی دیمشقدا ڤیلای پێشکەشی ئۆجەلانی کردووە، بەو واتایە نایەت کە سووریە دۆستی کوردانە. هەڵبەت ئەوە دانپێدانانێکە: “دوای ئەوەی کە لەگەڵ پەکەکە باش دەجوڵێنەوە ئێدی بۆ پەکەکە گرینگ نییە لەگەڵ کوردان چۆند هەڵسوکەوت دەکەن و دژ بە نەتەوەی کورد چی دەکەن با بیکەن.”

دووران کالکان و حیزبەکەی (پەکەکە) ئەگەرچی وەکوو درامای “کۆڵانەکانی پشتەوە”، زۆر چیرۆک لە قارەمانەتی خۆیان ساز بکەن و بیگێڕنەوە بەڵام دەبی بزانن کە ئیدی پەکەکە ناتوانێت ڕاستی خۆی بشارێتەوە. هەموو کەس دەبینێت کە “ساڵی کۆتایی” بوونی نیە و لەبەرامبەردا هەموو ساڵێک ژیانی سەدان ماڵ کۆتایی پێ دێت. لە ئەساسدا ژێرکەوتن و شکست هەیە و تێکهەڵچوونێک هەیە کە تەنیا دەوڵەتی تورک تێیدا سەردەکەوێت. ئێدی نە درامای “کۆڵانەکانی پشتەوە” دەتوانێت ئەکتەر بۆ خۆی پەیدا بکات و نە درامای “ئاخرین ساڵ”ی پەکەکەش دەتوانێت شەڕڤان بۆخۆی پەیدا بکات.

پوستێن ھەمان بەش