حزووری پەکەکە لە گوندی هرۆرێ بیانووی بۆ تورکەکان دروست کردووە تا پەلاماری بدەن و ئامانجیش چۆڵ کردنی تەواوی گوندەکەیە.
چەکدارەکانی ئەرتەشی تورکیە دوێنێ تەقەی ھەڕەمەکیی لە گوندی ھرۆرێی دەڤەری بەرواری باڵا سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان کردووە.
تەقەکردنەکە سەر لە ئێوارەی دوێنێ شەممە 3/9/2022. بە چەکی دۆشکە کراوە و چەند گولـلهیهک بهر ماڵی گوندنشینێک بەناوی (حاجی عەبدوڵڵا) کەوتووه.
ئازاد ھرۆرێ، موختاری گوندەکە، بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی راگەیاندووە، تەقەکردنەکە ھیچ زیانی گیانیی نەبووه، بەڵام ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.
ماوەیهک بهر له ئێستا شەڕوپێکدادانی توند لەنێوان گریلاکانی پەکەکە و ھێزەکانی تورکیە لە دهوروبەری گوندی ھرۆرێ روویدا و دواتر ئەرتەشی توریە بەو بیانووەوە خاڵە سەربازییەکانی لە ناوچەکە زیاد کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست “دارکا مازی” کەوتوون لە ئێستاشدا گریلاکانی پەکەکە لە دەوروبەر و تەنانەت لەناو گوندی هرۆرێیشدا خۆیان حەشار داوە و ئەوەش بۆتە بیانوویەک بۆ تورکەکان تاوەکوو بە هەڕەمەکی سەرجەم گوندەکە بدەنە بەر دەستڕێژی دۆشکە و ئامانجەکەش ئەوەیە کە گوندەکە بەتەواوی چۆڵ بکرێت.