پژاک دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ تازە هەواڵی گیانلەدەستدانی هەڵمەت هەڵەبجەی ڕاگەیاندووە و دەڵێ میلیتانێکی ئاپۆیی بوو.
پەکەکە گەنجێکی دیکەی باشووری کوردستانی بەکوشتن داوە و دوای ئەوەی کە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک شاربۆوە، ئەمڕۆ دەڵێت ئێمە میلیتانی ئاپۆیی خۆمان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی تەباخی 2025، پژاک، باڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە، ناسنامەی یەکێک لە گەریلاکانی بە کۆدناوی “هەڵمەت هەڵەبجە” ئاشکرا کرد، کە لە ڕێکەوتی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 2023دا لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیا بۆ سەر چیای ئاسۆس لە باشووری کوردستان گیانی لەدەستداوە.
پژاک دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ ئەمڕۆ تازە هەواڵی گیانلەدەستدانی هەڵمەتی ڕاگەیاندووە و دەڵێت ئێمە میلیتانێکی ئاپۆییمان لەدەستداوە.
ئەم گەنجە خەڵکی باشووری کوردستان ناوی تەواوی “شاهد سیروان”ـە و لە هەڵەبجە لە دایک بووە.
ڕێکخراوی پەکەکە ڕۆژانە وێنەی کچان و کوڕانی لاوی کورد لە میدیاکانی خۆیدا بڵاودەکاتەوە، کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بەدەست چەکدارانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکی بەکوشتن داون و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی بۆ ماوەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەکانیان و رای گشتی شاردۆتەوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەست پێگەی “دارکامازی” گەیشتوون، هێشتا بە هەزاران گەنجی کورد هەن کە پەکەکە لە ڕابردوودا بە کوشتنی داون و هێشتا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان دەشارێتەوە و ئاشکرای ناکات.