پەدەکە-سە: ڕێبازی بارزانی و پەدەکە مایەی شانازی ئێمەن

پەدەکە-سە: ڕێبازی بارزانی و پەدەکە مایەی شانازی ئێمەن

“پەدەکە لە پێناو داکۆکی کردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی هیوا و داخوازییەکانیاندا قوربانییەکی زۆری داوە”.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا (پەدەکە ـ سە) بە بۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ـەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی کرد. لەو پەیامەدا “پەدەکە ـ سە” جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی پەدەکە لە پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان کردۆتەوە و خەباتەکەی بە “مایەی شانازی بۆ هەموومان” وەسف کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 16ی ئاب، مەکتەبی سیاسی “پەدەکە ـ سە” لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و بە ڕێزەوە یادی دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بارزانی نەمر و شەهید ئیدریس بارزانیی، بەرز ڕاگرتووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سووریا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم یادە گەورەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، ئەمەش بۆتە هۆی “قۆناغێکی مێژوویی گەشاوە لە خەباتی گەلەکەماندا”. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە پەدەکە لە پێناو داکۆکی کردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی هیوا و داخوازییەکانیاندا قوربانییەکی زۆری داوە.

لە پەیامەکەدا ستایشی ڕۆڵی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە “بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقی فیدراڵی و پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد”دا کراوەتەوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەدەکە هەمیشە پابەندی بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری بووە.

هاوکات پیرۆزبایی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان کراوە و وەکوو مایەی شانازی وەسف کراون.

مەکتەبی سیاسی پەدەکە ـ سە لەکۆتایی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان و خزمەتکردنی گەلی کوردستان، بۆ پەدەکە خواستووە و دەڵێ: “ڕەحمەت بۆ شەهیدانی پاکڕەوانمان و سەربەرزی بۆ خەبات و تێکۆشانی بەردەوامتان”.

پوستێن ھەمان بەش