ئاگر لە هەرێمەکانی ئامەد بڵاوبۆتەوە و بە هەزاران دۆنم زەوی سووتاون

ئاگر لە هەرێمەکانی ئامەد بڵاوبۆتەوە و بە هەزاران دۆنم زەوی سووتاون

پارێزگاری ئامەد: “بە هەزاران دۆنم زەوی و دارستان بە تەواوی سووتاون”.

ئاگرێکی گەورە لە هەرێمەکانی کاراز، لجێ و هێنی دسەر با ئامەدی باکووری کوردستان کەوتۆتەوە و بە هۆی ئەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئاسمانەوە نەدراوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە و لە ئەنجامدا هەزاران دۆنم دارستان سووتاون و سێ کەسیش بریندار بوون کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئاگرەکە دوێنێ هەینی 15ی تەباخ لە گوندەوارەکانی قەزای کاراز بە هۆکارێکی نادیار کەوتەوە. بەهۆی ئەو بایەوە ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی سەند و لە ماوەیەکی کەمدا سنووری هەرێمەکانی لجێ و هێنێشی گرتەوە.

سەرا بۆجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد، سەردانی ناوچە سووتاوەکانیان کرد و تیمەکانی شارەوانی و دانیشتوانی ناوچەکە هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی کە ئاگرەکە بکووژێننەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئاسمانەوە و بە هێلیکۆپتەر نەدراوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند و هەوڵە زەمینییەکان بەس نەبوو بۆ ئەوەی کە ئاگرەکە دابمرکێنێتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ناحیەی لجێ تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە. هەروەها پارێزگاری ئامەد ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، سێ کەس کە بەهۆی دوکەڵەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش پشتڕاستکراوەتەوە کە بە هەزاران دۆنم زەوی و دارستان بە تەواوی سووتاون.

پوستێن ھەمان بەش