پەکەکە ئەو کارانە بەپێی پەیمانی ستراتژیکی ساڵی 2011 ئەنجام دەدات کە لەگەڵ رێژیمی ئێراندا واژۆی کردووە.
چەند رۆژ لەوەپێش راگەیاندراوێک لەلایەن لقی رۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە واتە “پژاک”ـەوە بڵاو کردەوە. لایەنی گرینگی ئەو راگەیاندراوە ئەوەیە کە دەڵێت: “ئێمە ئاڵای کۆماری مەهاباد بەکار دەهێنین”. پرسی ئاڵا و سەرجەم ئەو روانگەکانی دیکە کەوا لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لە راستیدا پیشاندەر و سەلمێنەری خیانەت کردن لە خەڵکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەرهەمی سیاسەتی دژە کوردی پەکەکەیە.
پژاک کە لەسەرجەم کۆبوونەوە و کۆنگرەکانیدا، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە بەرز دەکاتەوە، لە پڕێکدا پێشەوا قازی محەممەدی وەبیر هاتۆتەوە.
پژاک لەوەتەی ساڵی 2003ـەوە کە دامەزراوە، لەسەرجەم کۆبوونەوە و کۆنگرەکانیدا لە ناو هۆڵی کۆبوونەوە و کۆنگرەکانیدا وێنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵدەواسێت و لە هیچ کام لە کۆنگرەکانیدا تاقە وێنەیەکی پێشەوا قازی محەممەدی دانەناوە، بەڵام لە پڕێکدا دێت و دەڵێ ئێمە دەبێ ئاڵای کۆماری کوردستان بەکار بهێنین.
هەروەها پژاک لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: “ئێمە لە دژی هەرجۆرە تێگەیشتنێکین دەربارەی ئاڵا و سیمبۆلەکان”. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر ئەو پژاکە وەکوو پاشکۆی پەکەکە بە سەدان سیمبۆل و وێنەی رەنگاوڕەنگی ئۆجەلانی لە ئورووپا، رۆژئاوا و لەناو هۆڵی کۆنگرەکانیدا لە چیا هەڵدەواسێت و بەرزیان دەکاتەوە. 5 ئەندامی “پژاک ـ کۆدار” لە رێپێوانیکدا لە ئورووپا بەشداری بکەن، لە دەستی هەرکامەیاندا 3 پلاکارد و ئاڵا و وێنەی ئۆجەلان هەیە و دروشم دەڵێنەوە. ئەگەرچی لە راستیدا زیاتر لەسەدا 90ی رێپێوانەکانی ئورووپا لە ئەندام و لایەنگرانی حدکا و کۆمەڵە و پاک پێکدێن بەڵام هیچکام لەو حیزبانە ئارمی حیزبەکانی خۆیان بەرز ناکەنەوە و تەنها ئەندامانی پژاکن کە ئاڵای حیزبەکەیان بەرز دەکەنەوە.
پژاک دەڵێت: “ئەوان کۆماری کوردستان کە لە مەهاباد دامەزرا دەکەنە نموونە بۆخۆیان”. ئەگەر وەها بێت با لە بابەتی سەربازییشدا کۆماری کوردستان بکاتە نموونە و ناوی هێزی سەربازیی کۆمار کە “هێزی پێشمەرگە” بوو، لەسەر بەشی سەربازیی خۆی دابنێت و ناوی یەرەکە بگۆڕێت بۆ هێزی پێشمەرگە.
دیارە کە بەیاننامەکەی پژاک بە رەخنەیەکی بچووک وەڵام نادرێتەوە چوونکە ئەو راگەیاندراوە لە راستیدا بەڵگەی خیانەتە و پێویستە راستییەکانی هەر پاراگرافێکی بە وردی ئاشکرا بکرێن.
راگەیاندراوەکەی پژاک، 3 ئامانجی سەرەکیی هەیە:
یەکەم: واتای ئەوە بوو کە پژاک و پەکەکە بڕوایان بە ئاڵای کوردستان نیە کەوا لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی ناسراوە و لەلایەن سەرجەم کوردانی جیهانەوە پەسند کراوە و لە راپەڕینەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بەکاردێت.
دووەم: لە راگەیاندراوەکەی پژاکدا داوای دیموکراتیزە کردنی ئێران دەکرێت، ئەوەش کۆپی داوکاری پەکەکەیە بۆ هەرکام لە تورکیە و سووریە. واتە شتیک بەناوی کوردایەتی و کوردستانیبوون لە فەلسەفە و روانگەی پەکەکە/پژاکدا بوونی نیە. بە واتایەکی دیکە ئامانجیان تەنها ئەوەیە کە رێژیمی ئێران رازی بکەن و کوردستانیبوون و مافە نەتەوەییەکانی کورد بە پیویست نازانن.
سێهەم: دووبارە جەختیان کردۆتەوە پژاک نیەتی رووخاندنی دەوڵەتی ئێران نیە و نایهەوێ رێژیم بگۆڕێت و هیچ پێشنیارێکیان بۆ شێوازێکی نوێی بەڕێوەبەریی نیە، تەنها جەخت دەکەنەوە کە ئەوان لە ئیتاعەت کردنی رێژیمی ئێران بەردەوام دەبن.
بەڕێوەبەرانی کارتۆنی
لەڕاستیدا هەڵیەکی گەورەیە کە مرۆڤ ئەو راگەیاندراوە وەکوو ئەوە هەڵبسەنگێنێت کە لەلایەن پژاکەوە نووسرابێت. پژاک بەواتای پەکەکە دێت. پاش راپەڕینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە هۆی کوژرانی “ژینا ئەمینی”ـەوە دەستیپیکردووە، بەشێک لە کادرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە هێنرانە سەر شاشەکان و لەژێر ناوی رێکخراوهایەکی وەکوو کۆدار، پژاک و هەرەکەدا لێدوانیان دا. گولان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار و ژمارەیەکی دیکە ئەگەرچی هێندێک سیفەتی وەکوو هاوسەرۆک، سەرۆک و بەڕێوەبەریشیان پێدرابێت، بەڵام لە راستیدا ئەوانە بەڕیوەبەری کارتۆنین و هیچ کاریگەرییەکیان نیە. گومانی تێدا نیە ئەو هێزەی کە پژاکی دروستکردووە و بەڕێوەی دەبات هەر پەکەکەیە.
ئەو راگەیاندراوە، بەیاننامەی ئیدئۆلۆژیستەکانی پەکەکە وەکوو جەمیل باییک، مستەفا قەرەسوو و بەسی هۆزاتە.
پەکەکە ئاڵای هەموو داگیرکەرانی کوردستان بەرز دەکاتەوە و تەنها ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکات
لە جیهاندا دوو هێز هەن کە ئاڵای کوردستان رەد دەکەنەوە و بەهەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن تاوەکوو ئاڵای کوردستان بەکار نەهێندرێ. ئەویش یەکیان پەکەکەیە و ئەوی دیکەشیان دەوڵەتی تورکە.
پەکەکە لە تورکیە ئاڵای تورکەکان بەرز دەکاتەوە. لە میتینگەکانی هەدەپەدا ئاڵای دەوڵەتی تورک و وێنەکانی مستەفا کەماڵ بەرز دەکرێنەوە. پەکەکە لە سووریە ئالای سووریە بەرز دەکاتەوە. ئاڵای سووریەی لەناو قامیشلۆدا هەڵواسیوە. پەکەکە لە شنگال ئاڵای عێراق بەکار دەهینێت و لەوێ بەشە سەربازیەکەی پەکەکە واتە شەڕڤانانی یەبەشە، ئاڵای عێراق لەسەر شانی خۆیان دادەنێن.
بۆ نموونە کەمپی مەخموور لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت و ساڵانێکە لەلایەن هەریمی کوردستانەوە پارێزراوە، بەڵام دیسانیش پەکەکە رێگا نادات لەوێ ئاڵای پیرۆز و رەنگینی کوردان بەکار بهێندرێت.
پەکەکە باش دەزانێت کە ئەو ئاڵایەی ئەوان رەدی دەکەنەوە، لەلایەن حیزب و سەرکردەکانی باکووری کوردستانەوە دانراوە.
پەکەکە نەک هەر تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا هەوڵی داوە کە ئاڵای خۆرنیشانی کوردان وەکوو ئاڵای پەدەکە بناسینێت و ئامانجی ئەوەیە کە لەناو کورداندا روانگەی هەڵە لەسەر ئاڵای کوردستان دروست بکات. پەکەکەش باش دەزانێت کە ئەو ئاڵایە گرێدراوی پەدەکە نیە و 26 ساڵ بەرلەوەی کە پارتی دابمەرزێت ئەو ئاڵا پیرۆز و رەنگینە وەکوو ئاڵای کوردان هەڵدراوە و بەکارهاتووە.
ئەو ئاڵای رەنگین و پیرۆزەی کوردستان کە لەلایەن پەکەکەوە رەد دەکرێتەوە، لەناو دڵی باکووری کوردستانەوە دروست بووە و هاتۆتەدەر. ئاڵای رەنگین بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1920دا لەلایەن “كۆمهلهیا تەشکلاتا ئیجتیماعی”ـەوە دانراوە و پەسند کراوە.
لەسەرهەڵدانی کۆچگەریدا لە ساڵانی (1921 ـ 1920)دا ئەو ئاڵا رنگینە لەلایەن عەلیشێر و نووری دێرسیمیەوە لە ئمرانیە بەرز کراوەتەوە.
لەکاتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا ئاڵای رەنگین لەسەر بینای حکوومەت لە وارتۆ هەڵدەدرێت و کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد (خۆییبوون)، ئاڵای رەنگینی وەکوو ئاڵای نەتەوەیی قبووڵ کردبوو.
خۆیبوون ئەو ئاڵایە لە لوبنانەوە دەهێنێتە چیای ئارارات و لە گوڵانی 1928دا بە بەشداریی سەرجەم بەرپرسانی سەرهەڵدان و بە بەشداریی خەڵکی ناوچەکە و بە ئامادەبوونی سەدان پێشمەرگەی چیای ئاگری کە بە یۆنیفۆرمی سەربازیەوە لە رێوڕەسمی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا بەشدار بوون، ئاڵاکە لەلایەن قارەمانی شۆڕش شێخ سەعید و هی ئاگری سەیدخان یووسف سیدۆوە هەڵدرا. ئاڵای رەنگین لە بینای قایمقامیەتی مەهاباد لە 17ی کانوونی 1945دا هەڵکرا.
ئەو ئاڵا مێژوویی و پیرۆزە لە سەدەی 20دا لە خەباتی نەتەوەیی کورددا شەکاوەتەوە و لە ئێستاشدا لە هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی و بە شانازیەوە هەڵدەکرێت و دەشەکێتەوە.
سەرەڕای ئەو راستییە میژووییانە، دوژمنایەتی پەکەکە لەگەڵ ئالای کوردستان پەیوەندیی بە بابەتەکانی هەبوون و دامەزرانی پەکەکەوە هەیە. دیارە هۆکاری دەروونی وستراتژیکیشی هەیە، هەربۆیە هەڵەیە کە ئەگەر کەسێک بێت و بۆ پەکەکەی شی بکاتەوە کەوا ئاڵای کوردستان لەکەیەوە هەیە و چۆن دروست بووە، یان بۆ پەکەکەی روون بکاتەوە کە لەبواری مێژوویی، سیاسی ودیپلۆماتیکدا ئاڵای کوردستان واتای چی دەگەیەنێت، چوونکە پەکەکە هەبوونی ئاڵای کوردستان بە واتای نەمانی خۆی دەزانێت و لەوپەڕی ئاگاییەوە دوژمنایەتی ئاڵای کوردستان دەکات.
ئەگەر پژاک دەڵێت ئێمە ئاڵای کوردستان بەکار ناهێنین بەهۆی ئەو سەندرۆمەیە کە پەکەکەیە بەرانبەر بە ئاڵای کوردستان هەیەتی.
پێشکەوتن و گەشەپێدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەنگیی پەکەکەی هەژاند
شێوازی ئەو سەرهەڵدانەی کە بەدوای کوژرانی “ژینا ئەمینی”، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپیکرد و بەخیراییەکی زۆر هەموو ئێرانیشی گرتەوە، کاریگەریی نەک هەر تەنها لەسەر ئێران بەڵکوو لەسەر ناوچەکە داناوە. ئەگەرچی تورکیە لەلایەک دڵخۆش بێت بەوەی کەوا رێژیمی ئێران ئاوا گیری خواردووە بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە بینی رۆڵی کوردان و گەشەسەندنی رۆحی نەتەوەیی و ئاستی شوناسخوازی کوردەکان بە یەکگرتوویی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ترس و خۆفێکی لە دڵی هەموو داگیرکەرانی کوردستاندا دروست کردووە.
بەهۆی راپەڕینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای کوژرانی وەحشیانەی “ژینا ئەمینی”، ئیستیقراری پەکەکەش بەتەواوی تێکچووە، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە لە قۆناخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە بەهاری عەرەبی دەستیپێکردووە، دلسۆزیی خۆی بۆ بەرژەوەندی و ستراتژی ئێران لەناوچەکە دەربڕی و لە راستیدا لەژێر فەرمان و سەروەریی رێژیمی ئێراندا دەجووڵێتەوە.
مستەفا قەرەسوو لە زستانی رابردوودا لە تاران بوو. رەزا ئاڵتوونیش بەبۆنەی نەخۆشیەوە لە تاران بوو و لە پایتەختی ئێران چارەسەریی پزیشکیی وەرگرت. جەمیل باییک لانیکەم ساڵێک دوو جار سەردانی تاران دەکات و دوکتورەکانی دەبینێت. جەمیل باییک و بەسێ هۆزات لە ناوچەکانی چوارتا، مێرگەپان و سەرگەڵوو لەژێر چاودێری ئێراندا دەژین. رێبەران و سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پایتەختی وڵاتە ئورووپاییەکانەوە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە تیرۆر دەکرێن، بەڵام ئێران بۆخۆی بەڕێوەبەرانی پەکەکە دەرمان دەکات، ئەو واقعیەتانە بەسن بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بە دڵنیاییەوە بڵێت پەکەکە بەشێک لە هێزی بەسیجی ئێرانە.
پەکەکە دەیهەوێ ئەو سەرنج و فۆکۆسە هەڵبوەشێنیتەوە کە کوردەکان دژ بە رێژیمی ئێران هەیانە
بۆئەوەش پەکەکە هەوڵ دەدات پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا ژەهراوی بکات، دەیهەوێ ئەو فۆکۆسەی کەلەسەر رێژیمی ئێران هەیە، لایبدات. پەکەکە بۆ ئەو مەبەستە دوو هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە. چالاکی 4ی ئۆکتۆبر لە مێرسین و 18ی ئۆکتۆبر لە چالاکی “بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی”. ئامانجی ئەو دوو هەنگاوەی پەکەکە ئەوەیە کە فۆکۆسی کوردان لەسەر رێژیمی ئێران بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە و رووداوەکانی ئێران لە رۆژەڤ دوور بخاتەوە.
راگەیاندنی پەکەکە هێرشە وەحشیانەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیل ناکەن بە هەواڵ و بڵاوی ناکەنەوە. لەهێرشە مووشەکیەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستاندا 26 مرۆڤی نیشتمانپەروەر گیانیان لەدەستدا بەڵام پەکەکە ئامادە نەبوو سەرەخۆشیەکیش بە حیزبە نەتەوەییەکانی رۆژهەڵات بڵێت.
پەکەکە ئەو کارانە بەپێی پەیمانی ستراتژیکی ساڵی 2011 ئەنجام دەدات کە لەگەڵ رێژیمی ئێراندا واژۆی کردووە.
کوردانی نیشتمانپەروەر و رەسەن کە دەیانهەوێ خزمەتی شۆڕشی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، دەبێت ئیفشای بکەن کەوا پەکەکە بەدوای چیەوەیە و چۆناوچۆن لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەژێر ناوی پژاکدا شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بکات و رێژیمی داگیرکەر و تیرۆریستی ئێران بپارێزێت.