چەکدارەکانی ئێران منداڵێکی 16 ساڵانی کوردیان شەهید کرد

چەکدارەکانی ئێران منداڵێکی 16 ساڵانی کوردیان شەهید کرد

“کۆمار دەرئۆفتادە کوڕی حەسەن، ڕۆژی یەکشەممە، 30 ئۆکتۆبەر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا”

هێزە ئەمنیەکانی رێژیمی ئێران چەند شەو لەوەپێش لە شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستاندا، خەڵکی راپەڕیوی ئەو شارەیان دایە بە ر دەستڕێژی راستەوخۆی گوللـە و لە ئەنجامدا منداڵێکی 16 ساڵانی کورد بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

لە حەوتەمین حەوتووی راپەڕینەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە رێژیمی ئیسلامیی تاران کە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵانی شاری سەقز بەدەست هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەستیپێکردووە، راپەڕینی خەڵک لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا بەردەوامییان هەبوو.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە: “کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەوتکەرەکان بریندار کرابوو، شەوی ڕابردوو دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، “کۆمار دەرئۆفتادە کوڕی حەسەن، ڕۆژی یەکشەممە، 30/10/2022 لە نەخۆشخانەی خومەینی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمی ئەو مێرمنداڵە هەر ئەو شەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە”.

هەنگاو لە زمانی سەرچاوەکانیەوە رایگەیاندوە: “کۆماری دەرئۆفتادە، شەوی شەممە، 29/10/2022، لە کەمەربەندی کۆنەخانێ و نزیک گۆڕەپانی “محەممەد هەوراز” تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە”.

هەنگاو بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی یەکێک لە شایەتحاڵان ڕاگەیاندووە: “لەو شوێنەی کە کۆماری بریندار کرا هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەوز و سپی جۆری سەمەند کە بێ ڕەقم بوون، لە مەودایەکی 3 مەترییەوە بە چەکی تاپڕ بەرەوڕووی کۆمار تەقەیان کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە”.

تەرمی کۆمار دەرئۆفتادە ئەمڕۆ لە گوندی زێوکە زێدی باوکی بە خاک ئەسپێردرا و باوکی لە کاتی ناشتنەکەیدا گوتی: “ئەو کوڕەی من لە 25ی گەلاوێژ، [16ی ئاب] لەدایک بوو بۆیە ناوم لێنا کۆمار و ئێستاش خۆشبەختم کە لە رێگای رزگاری و ئازادی خاکەکەیدا شەهید بووە. جەرگ سووتان زۆر ناخۆشە بەڵام سەربەرزم کە شەهید بووە با کوڕەکەی منیش فیدای ئەو خاکە بێت و بە فیدای ئازادی بێت. ئەمانە هەموومان دەکووژن و روحم بە یەک کەسمان ناکەن”.

چەند رۆژ بەر لە شەهیدبوونەکەی، کۆمار لە پێگەی خۆی لە ئینستاگرامدا نوسیبووی:

“ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناڤینین، بەشێکمان لەشەڕدا دەکووژرێین، بەشێکمان لەزینداندا، بەشێکمان لەسەر شەقامەکاندا دەمرن، بەشێکمان لەدەریاکاندا نوقم دەبن، تەنانەت شاخە بەرزەکانیش تۆڵەی تینۆیەتی خۆیان لەئیمە دەستێنن، چوونکە بەشی ئێمە مردنە”.

ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە دوو مێرمنداڵی دیکە لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمار بوون، یەکێکیان هەر ئەو کاتە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە کە: “لە بەرخۆدانی شەوی شەممەی شاری پیرانشار، لانی کەم هاووڵاتییەکی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە ساردخانەی نەخۆشخانەی خومەینی ڕاگیراوە. بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە”.

شایانی باسە شەوی رابردوو لە درێژەی راپەڕینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە رێژیمی ئیسلامیی تاراندا، جەماوەرێکی زۆر لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، دێگولان و مەریوان سەر بە پارێزگای سنە و هەروەها سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و بۆکان سەر بە پاریزگای ورمێ، روانسەر لە پارێزگای کرماشان و ئاودانان لە پارێزگای ئیلام رژاونەتە سەر شەقامەکان و دژ بە رێژیمی ئێران راپەڕین.

لە شاری سنە ئەمڕۆش راپەڕین بەردەوامی هەبوو و لە گەڕەکی ویلاشاری ئەو شارە ئاڵۆزی لەنێوان خەڵکی راپەڕیو و چەکدارەکانی رێژیمی ئێران روویدا.

هەر لە شاری سنە هێزە ئەمنیەکانی ئێران هەوڵیاندا یەکێک لە کچە خوێندکارەکان لە داخلی خوێندکارانی کچی زانکۆی “کوردستان”ی ئەو شارە دەستبەسەر بکەن بەڵام خوێندکارانی دیکەی زانکۆکە بەر دەرگای داخلیەکەیان گرتووە و رێگایان نەدا کە هێزە ئەمنیەکان ئەو خوێندکارە دەستبەسەر بکەن.

پوستێن ھەمان بەش