روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: لانیکەم 5 هاووڵاتیی سڤیل لە زیندانەکانی رێژیمی سووریەدا لەژێر ئەشکەنجە کوژراون.
لە ماوەی مانگی ڕابردودا بەهۆی لانیکەم 344 کەس بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریەدا کوژراون کە 137 کەسیان سڤیل بوون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری قوربانیانی مانگی رابردووی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریە ئاشکرا کرد و بەپێی ئامارەکە لە مانگی ئۆکتۆبردا لانیکەم 137 کەسی سڤیل لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ناو سووریە و رۆژئاوای کوردستاندا کوژراون کە 19 کەسیان منداڵ و 17 کەسیشیان ژن بوون.
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەکە، لە ماوەی ئەو مانگەدا 77 چەکداری رێژیمی سووریە کوژراون و 12 شەڕڤانی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە”ش گیانیان لەدەستداوە و کوژراوەکانی دیکەش سەر بە گرووپ و میلیشیا جۆراوجۆرەکان بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە کە 5 هاووڵاتیی سڤیل لە زیندان و گرتنگەکانی رێژیمی سووریەدا لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
ڕوانگەی سوری داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات تا زەخت بخەنە سەر رێژیمی سووریە بۆ ئەوەی کە رێز لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بگرێت و زیندانیە سیاسیەکان ئازاد بکات و چارەنووسی رفێندراوەکانیش ئاشکرا بکات.