کوردستان “زین”ـە بەڵام ئێمە نەبووینەتە “مەم”

کوردستان"زین"ـە بەڵام ئێمە نەبووینەتە"مەم"

نەتەوەپەرستیی ئێمە بۆ رزگاریی نەتەوە بندەستەکەمان و خاکە داگیرکراوەکەمانە، بۆیە حەڵاڵە و بەهیچ شێوەیەک نژادپەرستی نیە.

نووری چەلیک

نیشتمانپەروەری چیە؟ ئێمەی کورد چەندە نەتەوەپەرستین و چەندە لە گرینگیی نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرستیی تێگەیشتووین؟ ئەمانەو زۆر پرسیاری دیکەی هاوشێوەیان یان بێ وەڵام ماونەتەوە، یانیش لە گۆشەنیگای ئیدئۆلۆژی، رێباز و بەرژەوەندیی حیزب و رێکخراوەکاندا وەڵام دراونەتەوە. بەڵام ئەوە کە ئێمە چی لەو وەڵامانە تێەگەیشتووین، چەندە لەگەڵ ئەو وەڵامانەدا بە راستگۆیی ماوینەتەوە و چەندە ئەرکی خۆمان لەو پەیوەندییەدا بەڕێوە بردووە، جێگای شک و گومانە.

نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری بریتیە لە خۆشەویستی بۆ نەتەوە و دڵبەستن بە خاک و عیشق و ئەوینی بێگەرد بۆ نیشتمان. نەتەوەپەرستی و نیشتمانپەروەری حەز و خۆشویستنێکی کاتی و تێپەڕ نیە، بەڵکوو ئەوینێکی قووڵ و بێسنوورە. سەیر بکەن هەروەک چۆن “مەم” خۆی بۆ ئەوینی “زین” تەرخان کرد، هەروەک چۆن “فەرهاد” بۆ “شیرین”ی خۆشەویستی چیای بێستوونی کون کرد، هەروەک چۆن “مەجنوون” لە پێناو عیشقی “لەلیا”دا رێگای بیابانی گرتە بەر و هەروەک چۆن “سیابەند” بۆ “خەج”ـەکەی گیانی بەخت کرد، نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرستییش پێویستە وەکوو ئەو ئەویندارانە، لە عیشق و ئەوینێکی تایبەتی و بێسنوورەوە بۆ نەتەوە، وڵات و زمان و کلتووری نەتەوەکەوە سەرچاوە بگرێت.

میللەت و نەتەوە بە کۆمەڵە کەسێک دەگوترێت کە بە زمان، خاک، رەچەڵەک، نیشتمان، مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە کۆمەڵگەیەک پێکدەهێن. کەسانی نەتەوەپەرست و نیشتمانپەروەر، ئایدیا، هۆشیاری و هەستی خۆیان لە کۆمەڵگەکەیان وەردەگرن. هەربۆیە کەسانێک نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەرستن کە وەکوو چۆن نینۆک بە گۆشتەوە بەستراوە و ئەگەر لە گۆشت داببڕیت دەمرێت، ئەوانیش دەبێ بە کۆمەڵگە و نیشتمانەکەیانەوە گرێدراو بن و بەرگری لە بەها و بەرژەوەندیەکانی وڵات و نەتەوەکەیان بکەن، عاشقی بن و خاوەندراێتیی لێبکەن. واتە دەبێ ئەوینداری نیشتمان و ئەرزشە نەتەوەییەکانی کۆمەڵگەکەیان بن و بۆ کوردستان ببن بە “مەم”، ببن بە فەرهاد، ببن بە مەجنوون و ببن بە سیابەند. ئەگەر ئەوینی نەتەوە و نیشتمان لە هەست و نەست و هەڵوێستەکانیاندا رەنگ نەداتەوە و رەگ و ریشە دانەکوتێت و لقوپۆپ نەهاوێت، نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرستی لە هزر و هۆش و جەستەیاندا دروست نابێت و کامڵ نابێت. نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرستیی ناتەواو و نەمەیی، دەبیتە هۆی دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە ئەرزش و بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکانی و هۆشمەندی و هەستی دوور لە کۆمەڵگەی کوردی لەناخی مرۆڤی کورددا دەخوڵقێنێت و تاکەکان دەخاتە ئامێزی هۆشمەندیی ساختەی داگیرکەران و دەیانخاتە باوەشی هەست و ئیدئۆلۆژیی لایەنی بیانی.

کاتێک سەرنج دەدەینە نەتەوە یان کەمایەتیە نەتەوەییەکانی دیکە، دەبینین کەوا لە چەپگرا و راستگەراکانیانەوە بگرە هەتا باوەرمەندە ئایینیەکان و ئەوانەشیان کە بڕوایان بە ئایین نیە، هەموویان نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەرستن. ئەگەرچی لە رواڵەت و لە قسەکردندا باس لە مرۆڤدۆستی دەکەن و خۆیان وەکوو پارێزەری مافەکانی مرۆڤ پیشان دەدەن بەڵام کاتێک کە هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانیان دروست دەبێت، کراسی مرۆڤ دۆستی وەلا دەنێن و رووی راستەقینەی خۆیان ئاشکرا دەکەن. تەنانەت زۆرجار نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرستیەکەیان سنووری خۆی دەبەزینێت و دەگاتە ئاستی نیژادپەرستی و فاشیزم. ئەگەرچی نژادپەرستی بەرزترین ئاستی نەتەوەپەرورییش بێت بەڵام هەموو شت لەسەر بنەمای بارودۆخی نەتەوەی سەردەست و بندەست گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. نەتەوەپەرستیی مییللەتی سەردەست وەکوو نیژادپەرستی و فاشیزم دێتە ئەژمار بەڵام نەتەوەپەروەری لەناو نەتەوە ژێردەست و داگیرکراوەکاندا لەپێناو رزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەیاندا مافێکی رەوایە و قەد ناچێتە چوارچێوەی نیژادپەرستیەوە. لانیکەم ئەمە لە روانگەی چەپەکانیشەوە هەروایە.

رەحمەتی “مووسا عنتر” زۆر بەڕوونی باسی لەم مەسەلەیە کردووە و دەڵێ: “من نەتەوەپەرستێکی کوردم، نەتەوەپەرستیی من وەکوو نەتەوەپەرستیی نازیەکان و فاشیستەکان، بەچاوێکی بچووک لە نیژادە بچووکەکان ناڕوانێت و نایهەوێ باڵادەستیی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت. ئامانجی نەتەوەپەرستیی من تەنها ئازادیی نەتەوە بندەست و پەرێشانەکەمە”.

سەرەڕای ئەوەی کە ئامانجی نەتەوە بندەستەکان تەنها ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەیانە و زۆربەی کوردان و حیزبە سیاسیەکانیشی بە باشی لەوە تێگەیشتوون، بەڵام دیسانیش کوردەکان خۆیان لە نەتەوەپەرتی بەدوور دەگرن و ئەگەر بشیانهەوێ نیشتمانپەروەری بکەن ئەوا لە سەر ئەو رێباز و روانگەوە لە نەتەوەپەروەری نزیک دەبنەوە کە داگیرکەرانی کوردستان بۆیان دەستنیشان کردووە. بۆ نموونە داگیرکەرانی کوردستان دەڵێن “ئێمە هەموومان موسڵمانین و برای یەکترین و نەتەوەپەرستی حەرامە” و بە زۆر حیلە و بیانووی دیکەوە دژایەتی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کوردان دەکەن و کوردەکان لە نەتەوەپەرستی و نیشتمانپەروەری دوور دەخەنەوە. هەربۆیە بە سیاسی و غەیر سیاسیەکانمانەوە زۆربەی زۆری ئێمە وەکوو کوردانی باکووری کوردستان، لەژێر کاریگەریی هێرشە فیکریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکداین و هەروەکوو چۆن دەڵێن جن لە ئاسن دەترسێت، ئێمەش بەو شێوەیە لە نەتەوەپەرستی ونیشتمانپەروەری دەترسین و خۆمان لێ بەدوور دەگرین. ئەوە بۆتەهۆکاری ئەوەی کە ئێمەی کورد نەتەوەکەی خۆمان نەناسین، لە ئەرزش و بەها نەتەوەییەکانمان دوور دەکەوینەوە و بە کراسی ئەنترناسیۆنالیزم و ئۆممەت پەروەری، ئینکاری نەتەوە، نیشتمان و دۆزی رەوای گەلەکەمان و مافە بەرحەقە نەتەوەییەکانمان دەکەین.

بە کورتی و کرمانجی؛ نەتەوەپەرستیی ئێمە بۆ رزگاریی نەتەوە بندەستەکەمان و خاکە داگیرکراوەکەمانە، نەتەوەپەرستی چەندە بۆ نەتەوە سەردەستەکان حەڵاڵ بێت ئەوە چەند قات بۆ ئێمە حەڵاڵترە. هەروەکوو چۆن عیشق و ئەوینی “مەم” و “زین” ئەوینێکی قووڵ و پاقژ بوو، پێویستە نەتەوەپەرستیی ئێمەی کوردیش بۆ کورد و کوردستان ئەوەندە قووڵ و پاک و بێگەرد بێت.

پوستێن ھەمان بەش