7 ساڵ بەسەر رزگار کردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعشدا تێپەڕ دەبێت

“هەنگاوی یەكەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی و ئەو میلیشیانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بهێنن”.
ئەمڕۆ حەوتەمین ساڵیادی رزگاركردنی شنگالە، كە بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هەڵمەتێكی قارەمانانە، دوای یەك ساڵ لە داگیركردنی ناوچەكە، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە 13/11/2015دا رزگار كرا.
تیرۆریستانی داعش، لە 3ـی ئابی 2014 هێرشیان كردە سەر ناوچەی شنگال، كە شارێكی كوردستانییە و زۆرینەی خەڵكەكەی كوردی ئێزدین و سەر بە ئیدارەی پارێزگای نەینەوایە و داگیریان كرد و جێنۆسایدیان دەرهەق بە خەڵكی ئەو ناوچەیە پەیڕەو كرد، ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە پیاو و ژن و گەنج و منداڵیان دەستگیر كرد و لەو ژمارەیەدا زۆریان لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا زیندەبەچاڵ كردن و كچ و ئافرەتەكانیشیان بردن و كڕینی فرۆشتنیان پێوە كردن. ئەوەی مایەوە و نەكەوتە بەردەستیان بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان كۆچیان كرد و تا ئێستاش ژمارەی هەرە زۆری ئەو ئاوارانە لە كەمپەكاندا لە هەرێمی كوردستان لەژێر خێوەت ژیان بەسەر دەبەن.
دوای داگیركردن و جینۆسایدكردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانەوە، سەرۆك بارزانی، بەڵێنی بە هاووڵاتییانی كوردی ئێزدی دا، كە شنگال رزگار دەكات و تۆڵەی شەهیدان لە تیرۆریستانی داعش دەكاتەوە.
رۆژی 13ی 11ی 2015، دوای ساڵێك لە داگیركردنی شنگال، لە ئۆپراسیۆنێكی دوو رۆژیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، كە ژمارەیان حەوت هەزار و 500 پێشمەرگەی قارەمان بوو، لەژێر سەركردایەتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، بە هاوكاریی هاوپەیمانان، هێرشیان بردە سەر چیای شنگال و دەوروبەری شنگال و توانرا تەواوی قەزای شنگال لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە و رزگار بكرێت.
سەرۆك بارزانی، لە 13/11/2015 بەبۆنەی رزگاركردنی شنگال لە پەیامێكدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی شنگال و ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند: “ئازادكردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزن بوو بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تۆمار كرا”.

هەروەها راشیگەیاند: “ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو رۆژە رۆیشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە”.
سەرۆك بارزانی، راشیگەیاند: “لەدوای داگیركردنی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزییدییەكانماندا هات ئامادە بووین هەموو رێگەیەك بگرینە بەر و هەموو نرخێك بدەین كە شنگال ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی بڕوا بەخۆبوون بۆ گەلی كوردستان و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەربكرێن”.
سەرۆک بارزانى لە بارەی شنگال رایگەیاندووە، هەنگاوی یەكەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی و ئەو هێز و میلیشیانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بهێنن و رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێ.
لە ساڵی 2019دا پارلمانی کوردستان ئەو کۆمەڵکوژیەی کە بەسەر ئێزدیەکاندا هاتووە بە “جینۆساید” دانا و رێکەوتی 3ی تەباخی هەموو ساڵێک وەکوو رۆژی رێزگرتن لە قوربانیانی ئەو جینۆسایدە دەستنیشان کراوە.
لە ساڵی 2020یشدا هەولێر و بەغداد لەژێر چاوەدێری نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە عێراق رێکەوتننامەیەکیان دەربارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد کە گرینگترین خاڵەکانی ئەو رێکەوتنەش کشانەوەی سەرجەم هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال و گەڕانەوەی شنگالیە ئاوارەکانە بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان و هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێیە بۆ شارەکە.
بەهۆی حزووری هێز و گرووپه چەکدارەکان لە شنگال، تەنها لایەنی سیاسی بارەگایان هەیە و دۆخی شنگال هێشتا وهكو خۆی ماوه و ناجێگیرە، خەڵکەکەشی ئاوارەن.
زۆربەی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کراون، بەگوێرەی ئامارەکان 15 کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن 150 هەزار کەس لەو کەمپانە نیشتەجێن.