تورک، ڕۆژی هەینی بە هەینی بەخێر ناوزەد کردووە و گوتی: ئەمڕۆ ئاشتیی لە تورکیا، داخوازیی سەرەکیی میللەتە و دەبێت بکرێت.
ئەحمەد تورک، سیاسەتوانی کورد و ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بەهۆی بەستنی کۆنگرەی پەکەکەوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە و هیوای خواستووە پرۆسەی چارەسەری ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان.
رۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025، ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ پرۆسەی چارەسەری، لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا قسەی بۆ میدیایەکی تورکیا کرد.
ئەحمەد تورک رایگەیاند، ئەمڕۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە قسەی کردووە و گوتی: “دەوڵەتی باخچەلی هیوای خواست ئەم پرۆسەیە ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان و پیرۆزبایی لێکردم. منیش پیرۆزباییم لێکرد و پێم راگەیاند، رێزی بێ پایانم بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی هەیە.”
ئەو سیاسەتڤانە کوردە راشیگەیاند، دەوڵەت باخچەلی ئەم دەرگایەی کردەوە و بانگەوازی بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد کە مەترسییەکی گەورە بوو بۆی، بەڵام ئەو داهاتووی تورکیای لەبەرچاو گرت؛ گوتیشی: “بینیمان ئەو مەترسییەی بەڕێز باخچەلی لەبەرچاوی گرت، رێگەی بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە و شکۆمەندانە کردەوە و خۆیشی رۆڵی بەرچاوی لە بەجێگەیاندنی هەبوو.”
ئەحمەد تورک گوتیشی، کاتێک لە ئێرلەندا ئاشتی بەرقەرار بوو، لە رۆژی هەینی ئاشتییەکە راگەیێندرا و ئێرلەندییەکان بە “هەینی خێر” ناویان نا؛ ئەمڕۆش هەینییە و پەکەکە هەواڵی کۆنگرەی خۆی لەم رۆژەدا بڵاوکردەوە.
ئەحمەد تورک رایگەیاند: “لە راستیدا ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆر دەکەوێتە ئەستۆمان. پێویستە پرسەکە بۆ پەرلەمان بگوازینەوە و بیکەینە بابەتی سەرەکی پەرلەمان. پێویستە پەرلەمان هەنگاوی پێویستی بۆ بنێت و کاری وردی بۆ بکات”.
ئەو سیاسەتڤانە رایگەیاند: “ئێمەش تەنیا بۆ کێشەی کورد کار ناکەین، بەڵکو بۆ داهاتووی تورکیایەکی دیموکراسیی گەشەسەندووش کاردەکەین. لەو باوەڕەدام هەمووان لە سایەی تورکیایەکی دیموکراسی ژیانێکی باش دەگوزەرێنین. هیوادارم ئەمە ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان”.
ڕۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، لە رۆژانی 5-7ـی مانگ 12ـەمین کۆنگرەیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.