ڤیدیۆییەکی کورت و پەیامێکی گەورە لەسەر مەترسییەکانی پەکەکە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان ـ 3

ڤیدیۆییەکی کورت و پەیامێکی گەورە لەسەر مەترسییەکانی پەکەکە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان ـ

 پەکەکە و پژاک بوونەتە نینۆکی چڵکنی داگیرکەران و بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی کوردستان و ئاڵای خەباتە نەتەوەییەکەی پێ بنکۆڵ بکەن.

ماکۆ ئەردەڵان

بەرنامەی پەکەکە/پژاک

بەپێی ئەو هۆکارانەی کە لە بەشی پێشوودا سەبارەت بە دامەزرانی پژاک لەلایەن پەکەکە و ئێرانەوە ئاماژەمان پێدا و بە پشت بەستن بەو ئامانج و سوودانەی کە هەرکام لە بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە و رێژیمی ئێران لە دامەزرانی پژاکدا مەبەستیانە بوو پێی بگەن، لۆژیکی و مەنتیقی نیە ئەگەر چاوەڕوان بین پژاک بەرنامەیەکی کوردستانی و نەتەوەییانەی بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت. بەڵام بۆ باشتر تێگەیشتن لەو مەترسیانەی کە لەچوارچێوەی بەرنامەی پژاکدا دژ بە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێن، دەمهەوێ زۆر بە کورتی ئاوڕێک لە چەند خاڵ لەو بەرنامە نووسراوەیە بدەمەوە کە پژاک لە ژێر ناوی “برۆشووری ناساندنی پژاک”دا بڵاوی کردۆتەوە و تێیدا باسی لە پێکهاتە و ئامانجەکانی خۆی کردووە.

پێشەکی برۆشوورەکەی پژاک بە 2 پاراگرافی زۆر سەرنجڕاکێش دەستپێدەکات کە ئەگەر تۆزێک لێی ورد بینەوە بەباشی دەتوانین مەرامی راستەقینەی پەکەکە و هاوئاهەنگی ئەو حیزبە لەگەڵ رێژیمی ئێراندا لەسەر دامەزراندنی پژاک لە نێوان دێڕەکانیدا بخوێنینەوە. لەو پاراگرافانەدا باس لە گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیە و خۆپیشاندانی رێکەوتی 22ی فێبریەی ساڵی 1999 (3ی رەشەممە)ی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

واقعییەتی خۆپیشاندانەکانی 3ی رەشەممەی ساڵی 1999ی رۆژهەڵاتی کوردستان چی بوو؟

پاش گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیە، زۆربەی خەڵکی کورد بە بی ئاگاداربوون لە واقعییەتی گەڕانەوەکەی ئۆجەلان، سەرەتا پێیانوابوو کە رێبەری حیزبێکی کوردستانی رادەستی دەوڵەتێکی داگیرکەر کراوەتەوە بۆیە لە هەموو شوێنێک و بە هەر شیوەیەک پێیان کرابا ئیدانەیان دەکرد. نووسەرانی کورد لەسەریان نووسی، شاعیرە نەتەوەییەکان شیعریان هۆنیەوە و خەڵک بە هاتنە سەرشەقامەکان ناڕەزاییان دەربڕی و تەنانەت کەسانێکیش هەبوون کە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. ئەوەی خەڵکی کوردستان و کوردەکان کردیان لەبەر خۆشەویستی و بڕوابوونیان بە روانگە و کردەوەکانی ئۆجەلان نەبوو، بەڵکوو لە راستیدا لەبەر ئەوەی هیشتا لە واقعییەتی گەڕانەوەی رێبەر ئاپۆکەی پەکەکە بۆ باوەشی تورکیە تێنەگەیشتبوون و پێیانوابوو کە شەرمەزار کردنی رادەستکردنەوەی رێبەری حیزبێکی کوردی بە دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان، ئەرکێکی نەتەوەییە و دەبێ تێیدا بەشداری بکەن. پەکەکە لەو هەستەی کورد تووشی تەوەهوم ببوون، پێیانوابوو ئەو کەسەی کە دژ بە تورکیە دێتە سەرشەقام و ئیدانەی دەکات ئەوا رێبواری رێبەر ئاپۆیە و بەبێ ڕەچاو کردنی بنەمای پارادایمی ئۆجەلان، ئاویش ناخواتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا رێژیمی ئێران بەرنامەی بۆ هێنانە سەر شەقامی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان داڕشت و لە زمانی پەکەکەوە بڵاوی کردەوە. لە راستیدا ئێران دەیهەویست ئەو دۆخە وەکوو دەرفەتێک بۆ خۆی بقۆزێتەوە کە لەلایەک رۆڵی هەبێت لە ساز کردنی زەختێکی نێودەوڵەتی دژ بە تورکیە کەوا بەردەوام بە رکابەری خۆی سەیری کردووە. هەموومان بە باشی دەزانین کە ململانێی نێوان دەسەڵاتی فارس و تورک مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و لێرەدا ناپەرژینە سەری. لەلایەکی دیکەوە ریژیمی ئێران ئامانجی ئەوە بوو کە سیمایەکی وا لەخۆی نیشان بدات کەوا دۆستی کوردەکانە و مافی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزراوە. کەماڵ خەڕازی کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی ریژیمی ئێران بوو لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا بە روونی ئاماژەی بۆ ئامانجەی رێژیمی تاران کردبوو. خەڕازی گوتی: “کوردەکانی ئێران [رۆژهەڵاتی کوردستان]، نەک هەر بۆخۆیان بەتەواوی ئازادن و لەچوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا سەرجەم مافە نەتەوایەتییەکانیان دەستەبەر کراوە، بەڵکوو ئەوەندە ئازادن کە دەتوانن پشتیوانی لە برا کوردەکانیان لە وڵاتانی دیکەش بکەن”.

هۆکارێکی دیکە کەوا رێژیمی ئێران بەرنامەی بۆ خۆپیشاندانێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا رێکخست تاوەکوو گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیە شەرمەزار بکەن، ئەوە بوو کە دەیهەویست ئەو خۆپیشاندانە وەکوو هەوڵێک بۆ ناساندنی پەکەکە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەلاڕێدا بردنی پۆتانسیێلی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی ئەو بەشەی نیشتمان بەکار بهێنێت. بەتایبەتی پاش ئەوەی کە حیزبەکانی رۆژهەڵات لەپێناو پاراستنی ئەزموونی باشووری کوردستان و کیانە نەتەوەییەکای ئەو بەشەی نیشتماندا، خەباتی چەکدارانەی پێشمەرگەکانیان راگرتبوو، ئەوە دەیتوانی دەرفەتێکی باش بێت بۆ رێژیم تا وزەی خەباتی نەتەوەیی رۆژهەڵات بەرەو لای پەکەکە ئاراستە بکات و بەلاڕێیدا بەرێت.

لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەتایبەتی لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ، رێژیمی ئێران بە فەرمی ئیزنی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی پەسند کرد و راشیگەیاند. خەڵکی رۆژهەڵات کە لەوکاتەدا دەرەتانی هیچ چەشنە رێپێوان و گردبوونەوەیەکیان پێنەدەدرا، بیریان لەوە کردەوە کە دەتوانن بە هێنانە ئارای ویستە نەتەوەییەکانیان لەو خۆپیشاندانەدا، ئەو پیلانەی رێژیم پووچەڵ بکەنەوە. لە شەوی 2ی رەشەممە و لەکاتێکدا کە تەنها چەند کاتژمێرێک بە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان مابوو، رێژیم لە بەرنامەی خەڵک ئاگادار بۆوە و هەموو هەوڵیاندا کەوا رێگا نەدەن خۆپیشاندانەکە بەڕێوە بچێت. تەنانەت “عەبدوڵڵا رەمەزانزادە” پاریزگاری ئەوکاتی سنە، کاتژمێر 11ی شەو هاتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و رایگەیاند کەوا پێداچوونەوەمان بە بڕیارەکەماندا کردۆتەوە وخۆپیشاندانەکەی سبەینێ رێگاپێدراو نیە و نابی بەڕێوە بچێت و داوای لە خەڵک کرد کە تێیدا بەشدار نەبن. دیارە کاتێک رێژیمێکی دیکتاتۆر دەڵێت خۆپیشاندان رێگەپێدراو نیە مانای ئەوەیە کە سەرکوتی دەکات.

خەڵکی رۆژهەڵات نەیانویست ئەو دەرفەتە لەدەست بدەن و رۆژی 3ی رەشەممە رژانە سەر شەقامەکان و بەپێچەوانەی ئەوەی کە پەکەکە و رێژیمی ئێران بیریان لێکردبۆوە، کەمترین ئاماژەیان بە ئۆجەلان نەکرد و هاواری ویستە نەتەوەییەکانی خۆیانیان کرد. رێژیم زۆر وەحشیانە خۆپیشاندەرانی سەرکوت کرد و تەنها لە شاری سنەدا 42 رۆڵەی نیشتمان بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارەکانی ئێران شەهید بوون لە شاری ورمێ و شارەکانی دیکەشدا بە دەیان هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.

رێژیم خۆپیشاندەرانی بە نۆکەر و بەکرێگیراوی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم ناوبرد و خەڵکێکی زۆری دەستبەسەر کرد. پەکەکە لە ئێرانیش توندتر دژ بە خەڵکی راپەڕیو هەڵوێستی گرت و گوتی ئەو خەڵکە جگە لە ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم بەکرێگیراوی کەمالیزمیشن. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا وەڵامی پەکەکەیان دایەوە و گوتیان “بگەڕێوە باوەشی گەل و واز لە خزمەت کردن بە داگیرکەران بهێنە، ریژیمی سووریە چەندەی بەقا بۆت هەبوو، ریژیمی ئێرانیش هەر ئەوەندە ئاگای لێت دەبێت”.

ئەوە کورتەیەک لە واقعییەتی خۆپیشاندانەکانی 22/2/1999ی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لەو بەشەی نیشتماندا بە خۆپیشاندانەکانی 3ی رەشەممە ناسراوە. ئەوەی کە پەکەکە دەیهەوێ ئەو خۆپیشاندانانە بکاتە هەوێنێک بۆ دامەزرانی پژاک، لە فۆرمدا راستە بەڵام لە ناوەڕۆکدا بەتەواوی پێچەوانەیە. منیش دەڵێم کە بیرۆکەی دامەزرانی پژاک لە خۆپیشاندانەکانی 3ی رەشەممەدا دروست بوو، بەڵام نەک لەبەر خەبات کردن بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو بەپێی پیلانێکی هاوبەشی رێژیمی ئێران و پەکەکە بڕیار لەسەر کارکردن بۆ رێکخراوەیەک درا کە دواتر ناوی پژاکی لەسەر دانرا. رێژیمی ئێران و پەکەکە ویستیان بە دامەزراندنی پژاک، ویست و ئینرژی نەتەوەخوازیی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەلاڕێدا ببەن.

کاتێک کە سەیری بەشەکانی دیکەی بروشورەکەی پژاک دەکەین هیچی لە بەرنامە و پرۆگرامی حیزبێکی سیاسی و نەتەوەیی ناچێت، و رنگە وشەی “ئاپۆنامە” باشترین پێناسە بۆ ئەو بروشورە بێت، چوونکە لەو نووسراوەیەدا ئەوەندەی باسی ئاپۆ و بە قەولی خۆیان “پاڕادیگمای ئاپۆ” کراوە، سەدایەکی ئەوە باس لە رزگاری و سەروەریی کوردستان و کورد نەکراوە.

بۆ نموونە لە بەشی پارادیگمای بروشوورەکەی پژاکدا هاتووە: ” پاڕادیگمــای پــەژاک هەمانــە کــە لــە لایــەن رێبــەر ئاپــۆوە داڕێــژراوە”. دواتر دەڵێت: “لـە پاڕادیگمـای فکـری پەژاکـدا “رەگەزپەرەسـتی”، “نەتەوەپەرەسـتی”، “زانسـتگەرایی پۆزیتیڤیسـتی” و “دیـن پەرەسـتی” جێـگای نییـە”. دژایەتی ئەم خاڵەی بروشورەکەی پژاک لەگەڵ نیشتمانپەروەری و هەستی شوناسخوازیی نەتەوەیی کورددا ئەوەندە زەقە کە پێویستی بەهیچ شرۆڤەیەک نیە. بە کورتی پەکەکە ویستی نەتەوەخوازانە و نەتەوەپەروەریی کورد وەکوو نیژادپەرستی و فەندەمیتاڵیزمی ئایینی سەیر دەکات.

لە بەشی “ناوەرۆکی کۆنفەدرالیزم و خۆڕێوەبەری” بروشورەکەی پژاکدا بە روونی و بە ئاشکرا دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی کوردیدا دەکرێت. هەر لەپاراگرافی یەکەمی ئەم بەشەدا هاتووە: “بەگوێرەی ویســتی پەژاکــ، مژارەکانــی رەگەزپەرەســتی دژەژن و پیاوســالارانە، نەتەوەپەرەســتی، دەوڵەتگەرایــی، حکومەتگــەری گرووپــە تایبەتــەکان و وڵاتپەرەســتی رەد دەکرێتــەوە”. لێرەدا مەبەستی پەکەکە/پژاک ئەوە نیە کە ئێستا بۆی ناکرێ یان کاتی ئەوە نیە کە کورد دەوڵەتی خۆی هەبێت، بەڵکوو ویستی بەدەوڵەتبوونی کورد و نەتەوەپەروەری لەپاڵ نژادپەرستی و دژە ژن بووندا دادەنێت و جەخت لە رەد بوونەوەیان دەکات.

لە هیچکام لە بەڵگەنامەکانی پژاکدا بچووکترین ئاماژە بە رووخاندنی رێژیمی ئێران نەکراوە. واتە تەنانەت پەکەکە/پژاک بە دروشمیش باسیان لە رووخانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران نەکردووە. هاوکات بە روونی جەخت لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەنەوە. لە بروشورەکەی پژاکدا هاتووە: “پـەژاک نـە جیاییخـوازە نـە بـە تەمـای هەڵوەشـاندنی گشـتگیری جۆغرافیایـی ئێراندایـە”. لێرەدا پرسیارێکی جیددی دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا لەچوارچێوەی رێژیمی ئێراندا هیچ دەرەتانێک بۆ دەستەبەر بوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد هەیە؟ بێگومان نەک هەر رێژیمی ئێران بەڵکوو سەرجەم رێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە بنەڕەتدا دەستەبەر کردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بە واتای نەمانی خۆیان لێکدەدەنەوە و هەرچەشنە چاوەڕوانییەک بۆ دەستەبەر بوونی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بە بێ بنیاتنانی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی کوردستانی، خۆڵ لە چاو کردنی خەڵکە و کردەنی نیە.

لە بەشی داهاتوودا باس لەو خەونە گڵاوانە دەکەین کەوا پەکەکە بە پاڵپشتی رێژیمی ئێران و تورکیە بە داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانیەوە دەبینن و روونی دەکەینەوە کەوا چۆن پەکەکە/پژاک بوونەتە نینۆکی چڵکنی داگیرکەران و بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی کوردستان و ئاڵای خەباتە نەتەوەییەکەی پێ بنکۆڵ بکەن.

لەگەڵمان بن….

پوستێن ھەمان بەش