پرۆسەی “تەسفیەکردنی پەکەکە” و ئۆجەلان

پرۆسەی"تەسفیەکردنی پەکەکە" و ئۆجەلان

هێرشی “تەحریر ئەل ـ شام” بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد، هاوکێشەکان لە سووریا دەگۆڕێت و ڕۆڵی تورکیا بەهێزتر دەکات.

لە تورکیا و باکوری کوردستاندا باس لە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری دەکرێت. لەم بەرەوە ڕادیکاڵترین هەنگاو لە لایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەوە هەڵگیرا. باخچەلی بە ناوی “هاوپەیمانەتی جمهوور”ـەوە لێدوانێکی دا و ئەردۆغانیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆی لەو بارەوە دەربڕی.

باخچەلی وتی: با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و لە فراکسیۆنی پارتی دەم لێدوانێک بدات و دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت. لەم بارەیەوە چەندین هەڵسەنگاندنی جیاواز کرا. دوای ئەم لێدوانە، قەندیل بە هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر ئەنقەرە، بەجۆرێک وەڵامی لێدوانەکەی باخچەلی دایەوە. بەڵام ئێستاش جارێکی دیکە لەسەر داوای باخچەلی، بڕیارە هاوسەرۆکانی “دەم پارتی” (DEM) بچنە ئیمرالی و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.

ماوەیەکە دەزگاکانی دەوڵەت لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە. دەوڵەت دەیهەوێت پەیوەندی نێوان پارتی دەم و پەکەکە بپچڕێنێت و هەوڵ دەدات پارتی دەم هاوکاری ئۆجەلان بکات. هەر لە دانانی قەییۆمەکانەوە بگرە هەتا هێرشە توندوتیژەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی دیدارەکان لەگەڵ ئۆجەلاندایە.

هۆکاری ئەم هەڵوێستەی تورکیا لە لایەن ئەردۆغانەوە بە ئاشکرا باس کرا. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا هەیە، ئیسرائیل دەتوانێت هێرش بکاتە سەر تورکیاش. بۆ ئەمەش پێویستە کێشەکانی ناو خۆمان نەهێڵین و بەرەیەکی ناوخۆیی بەهێز دروست بکەین تا بتوانین لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا یەکپارچەیی خاکەکەمان بپارێزین.

دوای ڕووداوەکانی تورکیا و ئەو قسەوباسانەی کە لەسەر دانانی چەک و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکرێن، جارێکی دیکە بە هێرشی “هەیئەتی تەحریر ئەل ـ شام” و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە دژی ڕێژیمی ئەسەد، ڕۆژەڤ گۆڕدرا. بەڵام لە واقیعدا هەردوو پێشهاتەکە بەیەکەوە گرێدراون. ماوەیەک بوو کە تورکیا دەیهەویست لەگەڵ ئەسەد بگاتە ڕێککەوتن، تەنانەت لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی بەرگری و دەزگای هەواڵگری تورکیا و سووریادا لە دیدار و کۆبوونەوەدا بوون. بەڵام ئەسەد ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە و مەرجی بۆ دیدار ئەوە بوو کە دەبێ تورکیا لە خاکی سوریا بکشێتەوە. هەروەها ڕووسیاش پشتیوانیی لەم هەڵوێستەی ئەسەد کرد.

بەڵام ئێستا لە ئیدلب و حەلەب هێرشێکی کتوپڕ دەستیپێکردووە و ئاشکرایە کە بە پاڵپشتی تورکیا کراوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل لە لوبنان شکستی بە حزبوڵڵای لوبنان هێنا و چەندین جار هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی میلیشیاکانی ئێران لە سووریا، ئەو میلیشیایانەی کە بە وەکالەت لە ئێرانەوە پاڵپشتی ئەسەدیان دەکرد زۆر لاواز بوون. ئیسرائیل لایەنگرانی ڕژێمی سوریای لەناوبرد کە ئەوانیش حزبوڵڵا و میلیشیاکانی ئێران بوون. ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە پاڵپشتی تورکیا ئەمەیان بە دەرفەت زانی و هێرشەکانیان دەستپێکرد. لێرەدا ئێران بە ئاشکرا تورکیا تۆمەتبار دەکات. تا ئێستا تورکیا وەڵامی لێدوانەکانی ئێرانی نەداوەتەوە و بە ناوی پاراستنی سنوورەکانییەوە بە بێدەنگی بەرنامەکانی خۆی بەڕێوە دەبات.

ئێستا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن چوونەتە ناو شاری حەلەب، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هێزەکانی پەکەکە لە تل ڕەفعەت گەمارۆ بدرێن و دەکرێ دۆخی هێزەکانی پەکەکە لە گەڕەکەکانی حەلەبیش بگۆڕدرێت. ئامانجی سەرەکی تورکیا بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بەڕێوەی دەبات ئەوەیە کە پەکەکە ناچار بکات دەستبەرداری چەکەکانی بێت. تورکیا دەزانێت، کە پەکەکە لەسەر داوای ئۆجەلان، چەک دانانێت.

بەم هێرشەی گرووپی “تەحریر ئەل ـ شام” و گرووپەکانی ئوپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد، هاوکێشەکان لە سووریا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ڕۆڵی تورکیا لەم بابەتەدا بەهێزتر دەبێت. ڕۆژانی داهاتوو ئەم مژارە ڕوونتر دەکەنەوە…

ڕۆژەڤا کورد

پوستێن ھەمان بەش