یەپەگە دەیان هەزار کوردی عەفرینی لە ژێر ڕەحمەتی چەتە تەکفیرییەکان بەجێهێشت!

یەپەگە دەیان هەزار کوردی عەفرینی لە ژێر ڕەحمەتی چەتە تەکفیرییەکان بەجێهێشت!

هەسەدە و یەپەگە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل لەو هەرێمانە کشاونەتەوە.

هێزەکانی یەپەگە و هەسەدە “باڵەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان”، دەیان هەزار ئاوارەی عەفرینی و دانیشتووانی کورد لە ناوچەکانی تل ڕەفعەت و شەهبا و گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەبیان لە ژێر ڕەحمەتی چەتە تیرۆریستەکانی “هەیئەی تەحریر ئەلشام”دا بەجێهێشت. یەپەگە هەروەک چۆن لە ساڵی 2018دا عەفرینی بۆ داگیرکەران (سوپای تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی) بەجێهێشت، ئەمڕۆکەش دیسان جارێکی دیکە خەڵکی عەفرین کە لە دوای داگیرکرنی ناوچەکەیانەوە ئاوارە و دەربەدەر ببوون، بۆ چارەنووسێکی نادیار بەجێهێشت. یەپەگە و هەسەدە بە بێ شەڕ و بەرگری لەو ناوچانە کشاونەتەوە.

ئایا کشانەوەی یەپەگە بە مانای خیانەتکردنە لە گەل؟

ماوەی حەوتوویەکە کەوا میلیشیا داگیرکەرەکانی “هەیئەی تەحریری ئەلشام” هێرشیان کردۆتەو سەر حەلەب و حەما و لەگەڵ فراوانبوونی شەڕەکەدا، لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمدا میلیشیاکان چوونە ناو تل ڕەفعەت و ناوچەی شەهبا، یەپەگە بە بێ ئەوەی شەڕ بکات تەسلیم بوو و لەو ناوچانە کشایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێگەی “دارکا مازی” لە سەرچاوە تایبەتیەکانیەوە لە ڕۆژئاڤا دەستی کەوتووە، یەپەگە لەسەر داوای میلیشیاکانی “هەئیەی تەحریر ئەل ـ شام” (بەرەی نوسڕەی پێشوو)، بە چەکەکانیەوە لە تل ڕەفعەت، شەهبا و هەروەها گەڕەکەکانی شێخ مەسعوود و ئەشرەفییەی حەلەب کشاوەتەوە و و دەیان هەزار کوردی عەفرینی لە ژێر ڕەحمەتی میلیشیا تەکفیرییەکاندا بەجێهێشتووە کە لە ساڵی 2018دا ئاوارەی ئەو ناوچانە بوون.

سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە، هەرچەندە بەڕێوەبەریی خۆسەر و فەرماندەی گشتیی هەسەدە ەفەربەری گشتییان ڕاگەیاندبوو و داوای چەکهەڵگرتنی گشتییان کردبوو، بەڵام بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل و لەسەر داوای میلیشیا داگیرکەرەکان، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەو هەرێمانە کشاونەتەوە و نزیکەی 200 هەزار کۆچبەری کورد کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن، لەو ناوچانە بە تەنیا ماونەتەوە.

یەپەگە بە گەلی گوت چارەنووسی ئێمە یەکێکە، بەڵام شەوانە بە بێدەنگی کشانەوە!

بەگوێرەی زانیارییەکانمان، شەڕڤانانی یەپەگە خەڵکیان هەڵخەڵەتاند و پێیان ڕاگەیاندن کە چارەنووسیان لەگەڵ خەڵکدا یەکێکە، بەڵام دواتر شەوی ڕابردوو بە بێدەنگی ناوچەکەیان بۆ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چۆڵکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی عەفرینیان بۆ چارەنووسێکی نادیار بەجێهێشت.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو پەنابەرە کوردانە لەلایەن میلیشیا داگیرکەرەکانی “ئۆپۆزسیۆنی سوریا” و “هەئیەی تەحریر ئەل ـ شام”ـەوە گەمارۆ دراون و لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژین و ژیانیان لەمەترسیدایە.

ئەو کوردانەی لە عەفرینەوە کۆچیان کردبوو بۆ شەهبا ئێستا لە مەترسیدان، کەمپەکانیان بەجێهێشتووە و میلیشیاکانی هەیئەی تەحریر ئەل ـ شام  ڕێگەیان پێنادەن ناوچە جەنگییەکان بەجێبهێڵن.

لە سەرەتای ساڵی 2018دا ئەرتەشی دەوڵەتی تورک و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا پەلاماری هەرێمی “عەفرین”ی ڕۆژئاوای کوردستانیان دا و داگیریان کرد. دەوڵەتی تورک ناوی “چڵە زەیتوون”ی لەسەر هێرشە داگیرکەرانەکەی دانابوو و لە ماوی کەمتر لە دوو مانگدا هەرێمی عەفرینی داگیر کرد. لە کاتەشدا لقەکانی پەکەکە و هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکاران، ئەو هەرێمەی کوردستانیان بۆ دەوڵەتی تورک بەجێهێشت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 300 هەزار دانیشتووی عەفرین و دەوروبەری ئاوارەی ناوچەکانی تل ڕەفعەت و شەهبا ببوون و ئەو کوردانەش کە لە عەفرین مانەوە، لەژێر زوڵم و ستەمی ڕۆژانەی میلیشیا داگیرکەرەکانی تورکیادا ژیانێکی دژواریان هەبووە.

ئەم کشانەوەیە هاوشێوەی پرۆسەی ساڵی 2014یە لە شنگال

بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاڤا و پرسی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە و هەسەدە هاوشێوەی پڕۆسەی ساڵی 2014یە کە پێشمەرگە لە شنگال ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوویەوە، شەڕ و بەرگریی کرد و لە پێناو پاراستنی کوردستاندا شەهیدی دا و بەشی هەرە زۆری کوردانی ئێزدیی دانیشتووی ناوچەکەی لە تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد. بەڵام ئەوکات پەکەکە گوتی پێشمەرگە کشاوەتەوە و ڕایکردووە!

ئەوکات پەکەکە هەموو میدیاکانی سەفەربەر کرد بۆ ئەوەی پێشمەرگە وەک هێزێکی شکستخواردوو پیشان بدات و هەواڵی لەژێر سەردێڕی “پێشمەرگە لە شنگال کشایەوە و ڕایکرد”ی بڵاو دەکردنەوە، هەروەها میدیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستانیش کە خۆی وەک بەشێک لە ڕاگەیاندنی پەکەکە دەبینێت ، هەمان هەڵوێستیان هەبوو.

 دانیشتوانی باشوور ئەو کاتە لەبیر ناکەن کە “بێفرینکا گەنی”ی پەیامنێری کەناڵی ڕۆناهی لە شنگال گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو دەکردەوە و بە درۆ دەیگوت: “پێشمەرگە لە شنگال هەڵات”!.

لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی کاتێک پێشمەرگە بەهۆی ناهاوسەنگی هێزەوە پاشەکشەی کرد تا دووبارە هێزەکان و سەنگەرەکانی لە شنگال ڕێکبخاتەوە و دوای ئەوەی زۆربەی هەرەزۆری دانیشتووانی شنگالی ڕزگارکرد ئەوسا کشایەوە، ئەوە دەبێتە ڕاکردن و هەڵاتن، بەڵام ئەم کشانەوەیەی ئێستای هەسەدە و یەپەگە دەبێتە چالاکییەکی  ئازایەنە و قارەمانانە و بە گیانفیدایی و نیشتمانپەروەری دادەنرێت؟ ئایا دەکرێت ئێواران سەفەربەریی گشتیی ڕابگەیەندرێت و یەپەگە داوای چەکهەلگرتنی گشتی لە خەڵک بکات و پێیان بڵێن کە چارەنووسمان یەکێکە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک و لە تاریکایەتیدا و بە بێدەنگی بکشێنەوە وخەڵکەکە لەبەر ڕەحمەتی تیرۆریستە توندڕەوەکانی “هەیئەی تەحریر ئەل شام”دا بەجێبهێڵن؟!!.

پوستێن ھەمان بەش