ئایا پەکەکەى ئۆجەلان بەهێزترە یان پەکەکەی جەمیل بایک؟

ئایا پەکەکەى ئۆجەلان بەهێزترە یان پەکەکەی جەمیل بایک؟

لە ڕاستیدا لە مێژووی پەکەکەدا ئەوە یەکەمجارە لە قۆناخێکدا کە بایک و ئۆجەلان ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.

مشتومڕ لەسەر چەکداماڵینی پەکەکە و ئەو پرۆسەی چارەسەریەی کە بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، هێشتا هەر بەردەوامە. لە ئێستادا ئەو بابەتەی زۆرترین باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە “ئایا پەکەکە گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت؟”

ئەم پرسە، پرسێکی ناتەواوە چونکە پەکەکە ئیدی ئەو پەکەکە نییە کە ئۆجەلان ساڵی 1999 لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە. ئۆجەلان هێمایەکە کە لە هەموو شوێنێک وێنەی هەڵواسراوە و وەک دروشم لە هەموو شوێنێک ناوی هاوار دەکرێت. ئێستا پەکەکەیەکی دیکە هەیە کە  ئەستێرەکەی لە دەستی جەمیل بایکدایە. لە ڕاستیدا دەبێت بپرسین: ئایا پەکەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەهێزترە یان پەکەکەى جەمیل بایک؟

هەنگاوی ئۆجەلان بۆ تەسفیەکردنی جەمیل بایک و سەرسپییەکانی پەکەکە لە ساڵی 1999 و کۆنگرەی 6ی پەکەکەدا

جەمیل بایک وەک ڕێهەڤاڵێکی کۆن و بێگومانی ئۆجەلان، وەک دەستی ڕاستی ئۆجەلان و پیاوی دەیەمی پەکەکە و سێبەری ئۆجەلان سەیر دەکرێت. بەڵام حەقیقەت وا نییە، با بە کورتی ئاوڕێک لە ڕابردوویان بدەینەوە:

ململانێی شاراوەی “ئۆجەلان ـ بایک” هەر لە ساڵی 1977دا دەستی پێکرد و لە ساڵی 1996دا گەیشتە قۆناغێکی نوێ کە ئەنجامێکی گەورە بەدوای خۆیدا هێنا.

ئۆجەلان لە ساڵانی نەوەدەکاندا کادیرە شۆڕشگێڕە کۆن ـ کلاسیکییە کوردەکانی پەکەکەی وەک بەربەستێک دەبینی و دەستی کرد بە پێشخستنی کادیرانی “وردە بۆرژوا ـ شاری-تورکبوو”، کە زۆربەیان ژن بوون و لە پۆستە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە جێیخستن. ئەمەش بوو بە هۆی گۆڕانکاریی جیددی لە پەکەکەدا. ئەو ژنانە وەک دار لە دەستی ئۆجەلاندا بەکار دەهێنران. هیچکام لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە لەو دارەی دەستی ئۆجەلان بێبەش نەبوون و ڕێبەر ئاپۆ هەرکەسێکی دەستنیشان کردبا، ئەو ژنانە پەلاماریان دەدا.

هێدی هێدی سڕەی گەیشتە جەمیل باییکیش هات. بایک ئەوەندە تووڕە ببوو کە بە دەوروبەرەکەی دەگوت: “سەرۆک ژنان و ژنانیش سەرۆکیان شێت کردووە”. بایک لە ساڵی 1997دا لە کارەکەی دوورخرایەوە و هەتا کاتێک ئۆجەلان “دەستگیر کرا”، خودی ئۆجەلان ڕێگای نەدەدا کە بەرپرسایەتیی هەبێت. تەنانەت لە کۆنگرەی 6دا کە بایک وەک دیوان هەڵبژێردرا، ئۆجەلان تەداخولی کرد و لە دیوانی کۆنگرە دووری خستەوە.

ئەگەر کۆنگرەی شەشەم بەو شێوەیە بەرێوەچووبا کە ئۆجەلان پلانی بۆ دانابوو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای کۆنگرە لێپرسینەوە لە بایک دەکرا و دواتریش دەخرایە ناو لیستی تەسفیەکارانی پەکەکەوە. بەڵام پرۆسەکە وەک ئەوەی ئاپۆ دەیویست، نەچووەپێش.

ئۆجەلان لە کینیاوە گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا. لە کاتی لێپرسینەوەدا ئاپۆ حکومەتی تورکی ئاگادار کردەوە کە “دەبێ لە جیاتی من جەمیل بایک بەکاربهێنن”. جەمیل بایک بۆ ئەوەی کە برووسکەکانی ئۆجەلان نەکیشێتە سەر خۆی، لە سیاسەتی لەگال “سیاسەت بە پێی دەستووری ڕاست و دروست”، میدیا و هتد… دووری گرت. هەوڵیدا بە کەڵک وەرگرتن لە عوسمان ئۆجەلان، پەکەکە دیزاین بکاتەوە. بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەداخەلەی کرد و لە ساڵی 2004دا بە گوتنی “ئەز د ناڤا تەجریدێ دە خستم ناڤا تەجریدێ “، ویستی لێپرسینەوە لەگەڵ جەمیل بایکدا بکرێت و جارێکی دیکە جەمیل بایک لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.

دەبینرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان بایک و ئۆجەلان زۆر توند و پڕ لە ناکۆکی و ئاڵۆز بووە. بایک دەیزانی لە دوای ساڵی 1999 ئۆجەلان چەندە نائاگا دەبێت، هەربۆیە وردە وردە پەکەکەى خۆی دامەزراند.

جەمیل باییک بزووتنەوەی ژنانی ئۆجەلان و کادیرەکانی تەسفیە کرد

ئامانجی بایک لەناو پەکەکەدا نەهێشتنی بزووتنەوەی ژنان بوو کە گەورەترین چەک بوو لە دەستی ئۆجەلاندا. نەک هەر تۆڵەی شەخسیی خۆی کردەوە، بەڵکوو ئەو کادیرە ژنانەی سەرلەنوێ سەرڕاست کردنەوە کە ئۆجەلان پێی گوتبوون “لەگەڵ ئەوان سەرکردایەتی پەکەکە دەکەم”. هەندێکیان دەستبەسەر کران، هەندێکیان خۆیان ڕادەستی ڕێبەرایەتیی بایک کرد. ئەو بزاڤی ژنانەی نەهیشت کە بە پێی قسەکانی ئۆجەلان عەیاریان بە ڕێکخراوەکە دەدا.  ئێستا بزووتنەوەی ژنان لەناو پەکەکەدا زۆر مارژیناڵە و وەک دامەزراوەیەکە بۆ پەروەردەکردنی کادیرانی ژن. هەروەک چۆن پێشتر ئۆجەلان ژنانی بەکاردەهێنا، جەمیل بایکیش هەمان کاریگەریی بەسەر خەباتی ژناندا سەپاند.

ئەو کادیرانەی کە لەلایەن ئۆجەلانەوە ڕاهێنرابوون، بە گشتی لەناو پەکەکەدا کەمینەن. جەمیل باییک لە دوای ساڵی 2004ـەوە هەم بۆ ژنان و هەمیش بۆ ژنان و پیاوان کادیرانی دڵخوازی خۆی پەروەردە کردن. واتە لە ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان ئۆجەلان و باییکدا، هیچ فەرمانبەر و بەڕێوەبەرێک ناموە کە بتوانێ هێڵی ئۆجەلان فەرز بکات. هەروەها بەڕێوەبەران و کادیرانی پەکەکە چیتر نایانەوێت ئۆجەلان لەسەر حیسابی ئەرکی مەعنەوی خۆی و هەرکاتێک کە پێویستی پێی بێت، بکەوێتە ناو سیاسەت و پشتگیری لە پەکەکە بکات.

بایک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەیەکی بۆ خۆی دروستکرد

بایک هاوسەنگی هێزی لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینی و دەیزانی کە تەنیا بە حیزبەکەیەوە ناتوانێت بژیت. ئەو هاوسەنگییەکی هێزی دروستکرد کە ئۆجەلان لە دەرەوەی هاوکێشەکە بوو ودەبێ خۆی بەو بسپێرێت. باییک لە ساڵی 2000ـەوە لە ئێران و سوریا و عێراقدا پێگەیەکی گرینگی بۆخۆی دروستکرد. لە ساڵانی 2004 و 2012دا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ڕێژیمی ئێران (ئیتلاعات) واژۆ کرد. لە ساڵانی 2002 و 2011 لەگەڵ ڕێژیمی سوریا ڕێککەوتنێکی واژۆکرد. دوای ساڵی 2014 ڕێککەوتنێکی فرەلایەنەی لەگەڵ هێزە شیعەکانی عێراق دژ بە بزووتنەوەی بارزانی واژۆ کرد. ئەو ڕێککەوتنانەی بایک لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەیکات، دەرفەتی فیزیکی و ماددی بۆ مانەوەی پەکەکە دەرەخسێنن. هەروەها پەیوەندییەکانی ئەمریکا و پەکەکە لەگەڵ پەکەکەى بایکدا دانران نەک پەکەکەی ئۆجەلان. پەیوەندییەکان ئەوەندە گەشەیان سەند کە بایک بابەتێکی لە ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”دا بڵاو کرایەوە.

هەڵوێستی بەڕێوەبەریی باڵای پەکەکە چۆن بوو؟

ئایا لە ناو بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەدا کەسێک هەیە کە لە دژی جەمیل بایک بجووڵێتەوە؟ نەخێر، بەڕێوەبەرایەتی باڵای پەکەکە وەک ساڵی 1999 ڕەنگاوڕەنگ فرەچەشن نییە. هەرچەندە دووران کاڵکان ماوەیەکی زۆر پارادایمی ئۆجەلانیشی قبوڵ نەکردبێت، بەڵام هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی نییە و کێشەی تەندروستیی هەیە. ئەو ناکەوێتە نێوان ئۆجەلان و بایک و قەرەسووش لەلایەن جەمیل بایکەوە بەڕێوەدەبرێت.

تەنها قەرەیەڵان چاوەڕێ دەکات تا لە یەکەم دەرفەتدا دژی بایک بوەستێتەوە. موراد قەرەیەڵان دوای ئەوەی لە ساڵی 2004دا لەلایەن ئۆجەلانەوە وەک سەرۆکی کەجەکە دەستنیشانکرا، لەگەڵ بایک و گرووپی ئەنقەرەدا تووشی ناکۆکی بوو.

لەگەڵ شکستەکانی هەپەگەدا، بایک زیاتر قەرەیەڵانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردەوە. قەرەیلان دەیهەوێت بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و جارێکی دیکە حیساب لەگەڵ بایکدا بکات، بەڵام لەلایەن بایکەوە دەورە دراوە. قەرەیەڵان باش  دەزانێت کە بە جووڵەیەکی هەڵە دەتوانێ وەکوو ناسر و ئەوانی دیکە خۆی بە کوشتن بدات.

ناوانی وەک بەسێ هۆزات و هتد… لە مەیدانی سیاسیدا نین. کاتێک کە بەرپرسایەتییەکانیان لێ بسەندرێتەوە، بوونیان کۆتایی دێت. ئەوانە تەنها ناوی ناو پێشانگە و نمایشن. ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی 2004ـەوە دوورە لە مەیدانی سیاسەت و بە سەختی نەخۆش کەوتووە و لە هاوکیشە سیاسییەکانی ناو پەکەکەدا پەراوێز خراوە. تەنانەت بانگەشەی ئەوەش هەیە کە مردبێت. سەبری ئۆک کەسێکی بێ کاریگەرییە. بە واتایەکی تر جگە لە قەرەیەڵان کەس نییە لەگەڵ بایک ناکۆک بێت.

هەڵوێستی لقەکانی پەکەکە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان چۆن دەبێت؟

بابەتی سەرەکی لە دانوستانەکانی “پەکەکە ـ میت ـ ئیمرالی”دا، ڕۆژئاڤای کوردستانە. هەر بۆیە پێگەیەکی گرنگی هەیە. ئەو شرۆڤانەی کە دەڵێن شاهین عەبدی “پەیوەندییەکی هەستیاری” لەگەڵ ئۆجەلاندا هەیە و کار لەگەڵ ئۆجەلان دەکات، کاریگەری لەسەر دۆخی هەنووکەیی دانانێت. ئەندامانی پێشەنگ و ئەو کادیرانەی ڕۆژئاڤا کە لە سەردەمی ئۆجەلانەوە ماونەتەوە، لە هەڵوێستی پاوانخوازانە و توندڕەوانەی بایک بێزارن. دەتوانن هیوادار بن کە لە ململانێی نێوان ئۆجەلان و بایکدا پشکی خۆیان وەربگرن. بەڵام ئەوان هەڵوێستی ڕادیکاڵ لە پاڵ ئۆجەلان ناگرنەبەر. بێگومان ئەسەد و ئەمریکاش دەبێ ئیدارە بکەن. ئەوان پرۆسەکان بە گشتی بەو واقعیەتانەوە کە دەخرێنەڕوو، شرۆڤەی بۆ دەکەن و بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکان دەجووڵێنەوە.

لقەکانی ئەوروپای پەکەکە لە دۆخێکی گرینگدایە و هێز و کارمەندی کاریگەری هەیە. ئەوان ناوەندی سەرەکی هەموو دانوستانەکانن و پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپاوە هەیە. بەڵام لە دۆخێکدایە کە خۆی لە ململانێ ناوخۆییەکان بەدوور دەگرێت. کەسانی وەک زوبەیر ئایدار و ڕەمزی قارتال تەنها ناوی پێشانگاکەن. لەم نێوەندەدا کارمەندانی دیپلۆماتیک وەک نیلوفەر کۆچ خۆیان لەم شەڕەدا وردوخاش ناکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئەوروپا وەک جاران خاوەن ئابووری نییە. جەمیل بایک تەواوی سیستەمی دارایی، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوروپای هەڵتەکاند و هەموو ئەو کارمەندانەی کە باوەڕی پێ نەبوون لەکارلادا و لەگەڵ برایەکی خۆیدا مستەفاشی دامەزراند. میدیا ڕاستەوخۆ لەژێر دەستی مستەفا قەرەسودایە.

تورکیا و باکوری کوردستان پرسێکی زۆر ئاڵۆزە. نیوەی چالاکانی پەکەکە لە دامودەزگا گرنگەکاندا، بەتایبەتی سەرکردایەتی پەکەکە لە تورکیا، پارتی سیاسیی دەم (DEM) و هتد…یش کار بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن. ڕەنگە هەندێک لەوان بەپێی ناوەندێک هەڵوێستێک پیشان بدەن کە پیوەی گرێ دراون. بنکەی پەکەکە تەنها گوێ لە ڕێکخستن دەگرێت و دەسەڵاتی گۆڕینی سیستەمەکەی نییە. هەر بۆیە، ڕەنگە دەنگێکی کەمێک جیاواز لە باکوور هەبێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت. پێڤاژۆی گشتی دۆخەکە دیاری دەکات.

کاریگەریی لقەکانی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات و باشوور لەناو پەکەکەدا لە چەند کادیرێک پێکدێت کە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی نزیک لە جەمیل بایک لە بواری ئەمنی و ڕاگەیاندندا کاردەکەن و بەپێی ڕێنماییەکانی بایک مامەڵە دەکەن.

ڕوونە ئەگەر پەکەکە “فەرمانەکانی ئۆجەلان ڕەت بکاتەوە” ئەستەمە دەنگێکی دیکە لەناو پەکەکەدا ببیسترێت. ئەو دەنگانەی بەرز دەکرێنەوە زۆر لاواز دەبن.

بەڵێ، پەکەکە لە تاراوگە چیتر پەکەکەى ئۆجەلان نییە، لە لایەن بایکەوە دیزاین کراوە

لە ڕاستیدا لە مێژووی پەکەکەدا ئەوە یەکەمجارە لە قۆناخێکدا کە بایک و ئۆجەلان ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. ئێستا پەکەکەى بایک لە پەکەکەى ئۆجەلان بەهێزترە. جەمیل بایک دەیهەوێت ئۆجەلان تەنها وەک ناوێکی بەدوور لە پراکتیک، تەنها وەک ناوێکی مەعنەوی مامەڵە بکات و پەکەکەکەی ئەو سیاسەت و ڕێکخستنی خۆی بەڕیوە ببات. بەڵام بۆ بایک زۆر ئەستەمە کە زاڵ بێت بەسەر ئۆجەلاندا.

بایک باش دەزانێت کە ئۆجەلان دەتوانێ چەندە بە چاوسووری و وەحشیانە مامەڵە بکات. بایک دەزانێت کە ئەگەر بەتەواوی خۆی لە ئۆجەلان دوور بخاتەوە و هەڵوێستێکی توند لە بەرامبەر تورکیا پیشان بدات، چارەنووسی ئەویش وەک چارەنووسی نەسروڵڵا دەبێت. دەوڵەتیش و جەمیل بایکیش دەزانن کە خاوەنی پەکەکەی ئۆجەلان، دەوڵەتی تورکە.

پوستێن ھەمان بەش