عەلی حەیدەر قەیتان لە کوێیە؟

عەلی حەیدەر قەیتان لە کوێیە؟

جەمیل باییک: “هەڤاڵ فواد شەهید بووە، بەڵام ئێمە رایناگەیەنین، ئەگەر ئێوە وەکوو بنەماڵەکەی بتانهەوێ دەتوانن بەناوی خۆتانەوە رایبگەیەنن”.

ساڵی 1997ـە و شوێنەکە دیمشقە، پیاوێکی تەمەن 45 ساڵانی روومەت سوور، سمێڵ چەخماخی دەهات و دەڕیشت و دەیگوت: “سەرۆکی من، من بەردەوام ئەم پرسیارە لەخۆم دەکەم، ‘بڵێی چۆن بمرم؟’ من سەرنجی خۆمم خستۆتە سەر ئەوەی کە چۆن بمرم نەوەک چۆن بژیم. من مردن لە ژیان بە گرینگتر دەبینم. ئەوە کە من چۆن دەمرم پرسیارێکە کەوا بەردەوام مێشکی منی سەرقال کردووە”. ئەو کەسەی ئەم قسانەی دەکرد، یەکێک لە کادرە دامەزرێنەرەکانی پەکەکە بوو بەناوی “عەلی حەیدەر قەیتان” کەوا لە ناو پەکەکەدا بە “فواد دێرسیم” دەناسرێت. 25 ساڵ بەسەر ئەو پرسیارانەدا تێپەڕ دەبێت و ئێستا ئێمە دەپرسین ئەرێ بەڕاست عەلی حەیدەر قەیتان چۆناوچۆن و لەکوێ مردووە؟

ئاڵۆز بوونی مردنی مرۆڤێک کە بەردەوام دەیگوت “من چۆن دەمرم” بەراستی تراژیکە، هاوکات تراژیکی لەوەش گەورەتر ئەوەیە کە ئەو کەسە یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبەکەیە و لە ساڵی 1973 بەملاوە، واتە بۆ ماوەی 50 ساڵە لەناو ئەو حیزبەدایە بەڵام ئەو حیزبەی کە ئەو دایمەرزاندووە، هەواڵی مەرگەکەی دەشارێتەوە. مەرگی “عەلی حەیدەر قەیتان” زۆر لێڵ و تەمومژاوییە، بەڕاستی چی لێ بەسەر هاتووە؟

لە ساڵی 2019 بەملاوە بێسەروشوێنە

قەیتان کەسێکە کەوا لەبواری نووسین، وێژەیی و فیکریەوە زەحمەتێکی زۆری بۆ پەکەکە کێشا. بەتایبەت بە وتار و لێدوانەکانی لە میدیادا، هێڵی پەکەکەی لەناو جەماوەردا بڵاو کردەوە. هەروەها لە ناو پەکەکدا لە چالاکیی پروپاگاندا و پەروەردە کردنی کارمەنداندا رۆڵێکی گەورەی هەبوو. بەڵام قەیتان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 بەملاوە نەبینراوە. میدیاکانی پەکەکە دوایین جار لە نەورۆزی 2020دا لێدوانێکی قەیتانیان بڵاو کردەوە، بەڵام لەو لێکۆڵینەوانەی کە ئێمە کردمان بۆمان دەرکەوت کەو ئەو وێنە و قسانە هی ساڵی 2015 بوون. لەلایەک دەوڵەتی تورک ساڵانە زۆرجار هەواڵی کردنە ئامانجی عەلی حەیدەر قەیتان لە ساڵی 2019دا سەرلەنوێ بڵاو دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە پەکەکە بێدەنگە و لەوبارەوە متقی لێوە نایەت.

جەمیل باییک بە بنەماڵەی “قەیتان”ی گوتووە: “ئێمە رایناگەیەنین، ئێوە ئەگەر دەتانهەوێ بۆخۆتان رایبگەیەنن”.

کاتێک لە ساڵی 2020دا هەواڵی گیانلەدەستدانی قەیتان کەوا یەکێک لە ناوە دیارەکانی پەکەکەیە و لە هەڤاڵە سەرەتاییەکانی ئۆجەلان بووە، لە میدیاکانی تورکیەدا بڵاو کرایەوە، بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی رۆڵەکەیان سەردانی رێکخستنەکانی پەکەکەیان لە ئورووپا کرد، بەڵام سەردانەکەیان هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

تا ئەو جێگایەی کە ئێمە ئاگادار بین “فەریدە قەیتان” خۆشکی عەلی حەیدەر کە بەناوی “دەنیز” لە ئورووپادا دەژیت، بە فڕۆکە رۆیشتبووە سلێمانی لە باشووری کوردستان. سەرتا لە سلێمانی لەگەل چەند بەرپرسێکی پەکەکە وەکوو “فاتمە ئادر و بەسێ ئەرزەنجان”دا دیداری کردبوو و پێی گوتبوون کە “دەمهەوێ براکەم ببینم”. ئەوان نەیانتوانیبوو خۆشکی قەیتان رازی بکەن و بابەتەکەیان بردبووە لای جەمیل باییک. جەمیل باییک و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی پەکەکە لەگەڵ فەریدە قەیتان قسەیان کردبوو. جەمیل باییک گوتبووی: “هەڤاڵ فواد شەهید بووە، بەڵام ئێمە رایناگەیەنین، ئەگەر ئێوە وەکوو بنەماڵەکەی بتانهەوێ دەتوانن بەناوی خۆتانەوە رایبگەیەنن”.

گومانەکان لەوێوە دەستپێدەکەن کە دەوڵەتی تورک دەزانێ کە قەیتان زیندوو نیە، بنەماڵەکەشی دەزانن، پێکهاتە و بەڕێوەبەریی پەکەکەش دەزانن، زۆربەی لایەنگرەکانی پەکەکەش دەزانن، بەڵام کەس ئامادە نیە باسی بکات و بپرسێ ئەو کەسە چۆن گیانی لەدەستداوە و گۆڕەکەی لە کوێیە؟ رەنگە قەیتان هەستی بە چۆنیەتی کۆتایی ژیانی خۆی کردبێت بۆیە بەردەوام دەیگوت: “من چۆن دەمرم؟” وادیارە ناحەقیشی نەبووە هەستێکی وەهای هەبێت.

عەلی حەیدەر قەیتان چۆناوچۆن دێوانە کرا؟

قەیتان بە مانگ بەرلەوەی کە بمرێت یان بکووژرێت، لە ئەشکەوتێکدا دانرابوو. دەست و سەری خۆی لە بەردان دەدا و دەگریا.

بە بێ ئەوەی کە باس لە چیرۆک و بەسەرهاتی قەیتان بکرێ، مرۆڤ ناتوانی بزانێ کە قەیتان بۆچی لەو ئەشکەوتەدا دەگریا. قەیتان لە ژیانی 50 ساڵەیدا لەناو پەکەکەدا شکست و تراڤما (برینی رۆحی) گەورەی بینیبوو. بەردەوام تۆمەتبار دەکرا و بەردەوام داوای لیدەکرا کە سەرلەنوی خۆی بسەلمێنێت. عەلی حەیدەر قەیتان بەرە بەرە شێت کرا.

عەلی حەیدەر قەیتان عاشقی کەسیرە یەلدرم (فاتما)ی هاوژینی ئۆجەلان بوو بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوی لە عەلی حەیدەر قەیتان ئەستاند. بەردەوام ئۆجەلان قەیتانی شەرمەزار دەکرد و دەیگوت “ژنێکی عەلەوی ئامادە نەبوو تۆ هەڵبژێرێت”. قەیتان بە دەستووری پەکەکە لەگەڵ جەمیلە مەرکت “سەحەر”دا ژیانی هاوسەریی پێکهێنا. ئۆجەلان ئەوجارە عەلی قەیتانی لەبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا کردە ئامانج و خستیە ژێر زەختێکی گەورەی رەوانی.

پەکەکە مرۆڤەکان دەکات بە رۆبۆت، هەربۆیە کەسانی ناو پەکەکە ویست، حەز، لێهاتوویی، داهاتوو، بنەماڵە و رابردووی خۆیان ئینکار دەکەن. ئەو شەڕە دەروونیە دژ بە “قەیتان”یش بەڕێوە چوو. شتێک کە قەیتان زۆر حەزی دەکرد لە ژیانیدا هەیبێت ئەوە بوو کە ببێتە خاوەن منداڵ. جەمیلە (سەحەر)ی هاوسەری دووگیان بوو. بەڵام ئەوە بە قەیتان گوترا: “مەزڵووم، کەمال لەناو زینداندا بەرگری دەکەن، ئەوسا ئێوە بیر لەوە دەکەنەوە کە ژنەکانتان بێنە ئێرە و ئەوینداری دەکەن و لەفکری داهاتووی خۆتاندان. ئەوە بێئەخلاقییە”. قەیتان بۆ ئەوەی خۆی بە پەکەکە و ئۆجەلان بسەلمینێت لە هەموو کەس زیاتر هێرشی کردە سەر سەحەری هاوژینی.  کۆرپە 7 مانگیەکەی سەحەر لەباربرا، قەیتان بۆ ئەوەی خۆی زیاتر بە پەکەکە ئیسپات بکات، لە کەمپی لۆلاندا تەرمی کۆرپەکەی خستە ناو کوورەی داران و سووتاندی و گوتی “من لە گوناحەکانم پاک بوومەوە”.

سەحەر لە لۆلان دەستبەسەر کرا و زوڵمێکی گەورەی دەرحەق کرا. قەیتان خۆی لە سەحەری هاوژینی نەکرد بە ساحێب. لەگەڵ ئەوەی دەیزانی کە ئەو شتانەی لەسەر سەحەر دەگوترێن، ناڕاستن بەڵام قەیتانیش ئەو شتانەی دووپات دەکردەوە. سەحەر کاتیک بینی ئەو کەسەی کە زەواجی لەگەڵ کردبوو، گۆڕاوە وبۆتە دوژمنی، هیوابڕاو بوو و لە پەکەکە جودا بوویەوە.

قەیتان یەکەم کەسە کە دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ”ی گوتۆتەوە

پاش ئەو بەسەرهاتەی سەحەر، ئیدی فوئاد، فوئادەکەی جاران نەما. وازی لە هۆنینەوەی شیعر هێنا و دەستی لە گوتنی راستیەکان هەڵگرت و بەتەواوی تەسلیمی پەکەکە بوو. ئیدی قەیتان بۆ ئەوەی خۆی بە پەکەکە بسەلمینێت، پەلاماری هەر کەس و هەر شتێکی دەدا کە پەکەکە ئیشارەتی پێکردبا.

دەیزانی کە ئۆجەلان خەیاڵی ئەویە کە ببێتە سەرۆکی تاقانە. هەربۆیە لە ساڵی 1986دا لە سێهەمین کۆنگرەی پەکەکەدا بۆ یەکەمجار دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ”ی گوت. سەرەڕای ئەوەش، قەیتان لەو کۆنگرەیەدا لە پەکەکە وەدەرنرا و بەڕێکرا بۆ ئورووپا. بەڵام ئەو هەمیشە کاری بۆ پەکەکە دەکرد و لە خزمەت پەکەکەدا بوو.

ئایا ئەوە راستە کە شۆڕش منداڵەکانی خۆی هەڵدەلووشێ؟

قەیتان خۆی و بنەماڵەکەی و کەسایەتی خۆی و سەرجەم رۆئیا و خەون و خەیاڵ و تواناکانی خۆی کردە فیدای پەکەکە. قەیتان ئەوەی نەک هەر بۆ ماوەی 4 یان 5 ساڵ بەڵکوو لانیکەم ماوەی نیوسەدە لە ژیانی خۆی فیدای پەکەکە کرد.

دەڵێن “شۆڕش منداڵەکانی خۆی هەڵدەلووشی”، وەکوو ئەوەی لە بەسەرهاتی قەیتاندا دەبیندرێ وادیارە “شۆڕش دامەزرێنەرەکانی خۆشی هەڵدەلووشێ”.

پاش ئەو بەسەرهاتانەی کە قەیتان ئەزموونی کرد لە دوای ساڵی 2010 تووشی گرفتی تەندروستی و گرفتی دەروونیش بوو. لە دامەزراوەیەکی بێ بەرهەم، دامەزراوەیەک بەناوی “دامەزراوەی سەرۆکایەتی”دا دەسەڵاتداریەکەی لەناو برا و کاریگەرییە سیاسیەکەی لەناو خەڵک و حیزبدا سڕایەوە.

دواتر لە ساڵی 2014دا رەوانەی رۆژئاوا کرا. بیرەوەریەکانی و بەتایبەت ئەو کردارانەی کە ناچار کرابوو ئەنجامیان بدات، وەکوو مۆتەکەیەک بەسەر سەریەوە بوون و وازیان لێنەدەهێنا. قەیتان بۆ ئەوەی ئەو رابردوویەی لەبیر بکات زیاتر خۆی وەکوو ئاپۆچی دەجووڵایەوە و توندتر پەلاماری کادرەکانی دەدا. بەڵام قەد قەد ئەوەش نەیتوانی ئازارەکانی کەم بکاتەوە.

قەیتان لە کۆتاییەکانی مانەوەی لە رۆژئاودا لە سیستمی رۆژئاوا ناڕازی بوو. پێیوابوو ئەو سیستمە رۆژئاوا بەرەو فوتان دەبات. ئەو پێشتر لە خوڵە پەروەردەییەکاندا دەیگوت: “دامەزراندنی دەوڵەت خراپە”، بەڵام لە رۆژئاوا بۆی دەرکەوت کە کورد بۆ کۆکردنەوەی هێز و دەسەڵات پێویستە دەوڵەتی هەبێت و ئەم روانگە تازەشی پەکەکەی بێزار دەکرد.

قەیتان عەقڵی لەدەستدا

قەیتان بۆی دەرکەوت کە کۆتایی هاتووە، چوونکە ئەو پەکەکەی باش دەناسی. پەکەکە قەیتانی رەوانەی ئەشکەوتێک لە دەڤەری گارە کرد. لەو ئەشکەوتەدا دۆخی تەندروستی و دەروونی قەیتان زیاتر تێکچوو. قەیتان وەکوو شێت دەسووڕایەوە و دەگریا، وایلێهاتبوو کە ئیدی دەرمانە ئارامبەخشەکانیش کاریگەرییان لەسەر دانەدەنا.

قەیتان بەردەوام ناوی سەحەر، مەزڵووم دۆغان و هەڤاڵەکانی دیکەی دەگوتەوە و جاروباریش جنێوی بە هێندێک لە سەرکردەکانی پەکەکە دەدا.

پەکەکە ترسی ئەوەی هەبوو کە خەڵک بە دۆخی قەیتان بزانن، هەربۆیە یەکینەیەک لە پاسەوانەکانی جەمیل باییک رەوانەی ئەشکەوتەکە کران و کەسانی دیکەی وەدەر نران.

قەیتانیان ناچار بە مەرگ کرد

قەیتان سەرجەم ژیانی خۆی بۆ پەکەکە تەرخان کردبوو. لە راستیدا سەرجەم بنەماڵەکەشی قۆناخی زۆر پڕ لە ئێش و ئازاریان تیپەڕ کردبوو، بەڵام پەکەکە قەیتانی خزاندە ئەو ئەشکەوتەوە بۆ ئەوەی بمرێت. پەکەکە ئەو دەرفەتەی هەبوو کە قەیتان روانەی رۆژئاوا یان ئورووپا بکات تاوەکوو چارەسەر وەربگرێت و لەوێ بژیت، بەڵام ئیدی ژیانی قەیتان بۆ پەکەکە مەترسیدار بوو. پەکەکە دەترسا کە قەیتان دەرگای سندووقە رەشەکە بکاتەوە، هەربۆیە دەیانهەویست بە زووترین کات بەدەست قەیتانەوە خەلاسییان بێت. دۆخی قەیتان رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو، سەری لە دیوارەکانی ئەشکەوتەکە دەدا و هاواری دەکرد. لە کۆتاییدا جەمیل باییک بڕیاری کوشتنی قەیتانی دەرکرد.

قەیتان نە بە هێرشی دەوڵەتی تورک، بەڵکوو بە گوللـەی حیزبێک کوژرا کە بۆخۆی دایمەرزاندبوو

لەس 44ـەمین ساڵوەگەڕی پەکەکەدا؛ دامەزرێنەرانی پەکەکە لە کوێن؟

پەکەکە 44 ساڵ لەوەپێش وەکوو حیزبێک بە فەرمی دامەزرا. ئەوە ماوەی چەند حەوتوویەکە چالاکانی پەکەکە لە میدیاکاندا بە گوتنی “پیرۆزبایی ئەم جەژنە دەکەین” مێژووی پەکەکە پیرۆز دەکەن. پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کەوا حیزبی عەداڵەت، ئازادی و ویژدانە. بەڵام ئەم پرسیارە دروست دەبێت: کاتێک ئێوە دەڵێن ئێمە حیزبێکین کەوا پەرە بە ویژدان دەدەین، ئەگەروایە چۆن توانیتان یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبەکەتان بکووژن؟ ئایا ئەو حیزبەی کە دامەزرێنەرەکەی خۆی بکووژێت دەتوانێ عەدالەت لەناو کۆمەڵگەدا جێبخات؟

قەیتان کوژرا، پەکەکە خەبات و تێکۆشانی 50 ساڵەی قەیتانی بۆخۆی کردۆتە سەرمایە و هەنووکەش وانەکانی پێشووی قەیتان لە میدیاکانیدا بڵاو دەکاتەوە و شیعرەکانی دەخوێنێتەوە. پەکەکە مردنەکەی قەیتانیشی ئیستیسمار کردووە.

زۆرێک لە کادرەکانی پەکەکە هەن کە ساویلکانە پێیان وایە “ئەگەر واز لە پەکەکە بهێنن دەبن بە خائین و دەیانهەوێ بمرن و ببن بە قارەمان”. ئەوەی کە لە هەموو کەس زیاتر دەتوانێ ئەزموون و دەرس لە بەسەرهاتی قەیتان وەربگرێت، خودی کادرەکانی پەکەکەن.

قەیتان بەردەوام لەخۆی دەپرسی “من چۆن دەمرم؟”، بەداخەوە ئەو بەشێوەیەکی زۆر تراژیک و ناخهەژێن مرد. لە ئێستادا ناوی عەلی حەیدەر قەیتان لەو لیستەدایە کە پەکەکە هەرکات بە باشی بزانی هەواڵی مردنەکەیان ئاشکرا دەکات. کاتێک کە جەمیل باییک، دووران کاڵکان، موراد قەرەیەلان و مستەفا قەرەسوو بە پێویستی بزانن، ئەوا بە دوو دێڕ مەرگی هەڤاڵەکەی خۆیان رادەگەیەنن.

پێویستە کەسێک کتێبێک بنووسێت کە ناوەکەی ئەمە بێت: “تراژدیای ژیان و مەرگی عەلی حەیدەر قەیتان”.

پوستێن ھەمان بەش