دارکا مازی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان لە 25ی نیساندا بڵاودەکاتەوە “9”

دارکا مازی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان لە 25ی نیساندا بڵاودەکاتەوە"9"

سەرۆک ئاپۆ: “من نەک هەر خیانەت بە تورکیا ناکەم، بەڵکوو دەمهەوێ لەو شوێنەوە دەستپێبکەم کە مستەفا کەمال دەستنیشانی کردووە و کۆمار بەرەو پێش ببەم. من قەد نامهەوێت ئەم کۆمارە پارچە پارچە بکەم و هەموو هەوڵم ئەوەیە کە هەژموونی ستراتژیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بخەمە دەست تورکیا”.

وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.

ئۆجەلان لەم بەشەی قسەکانیدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی و کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک، جارێکی دیکە دڵسۆزی خۆی بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک و کۆماری تورکیا دووپات دەکاتەوە و بەبێ ئەوەی کە شەرم بکات دەڵێت: “مستەفا کەمال هەموو هێزی خۆی بە کۆمار بەخشی و وتی تەنیا وەسییەتی من ئەوەیە کە کۆمار  بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە، ئەگەر ڕێزت بۆ مستەفا کەمال هەبێت، ئەوا کۆمارەکەی بە دیموکراتیک بکە و پێشی بخە. ئەو کۆمارە بە شەڕێکی گەورە دامەزراوە، ئەوەی کە زۆر بە باشی لەوە تێدەگات، تەنها منم. بەڵام کەچی بە من دەڵێن گەورەترین خیانتکاری کۆمار. نا، من نەک هەر خائین نیم، بەڵکوو دەمهەوێ لەو شوێنەوە دەستپێبکەم کە مستەفا کەمال دەستنیشانی کردووە و کۆمار بەرەو پێش ببەم”.

گفتوگۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بەم شێوەیە بەردەوام بووە:

پەرڤین بوڵدان: جەنابی سەرۆک، کەمێک چاوەڕێ بکەین یان میتحەت سانجار دەتوانێت بە تەنیا بێت؟

سەرۆک: نا، نا، با چاوەڕێ بکەین، پارادایمی نوێ بەم شێوەیە دادەمەزرێت، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە فیدراڵیزمەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە سنوورەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیکەوە هەیە، لە دەستووردا ئەو دەرفەتانە هەن کە بە کۆمەڵگە دراون و لە قانوونیشدا زۆر بە باشی باسیان لێوە کراوە. شارەوانی کۆمۆنە، سنوورەکانی دەسەڵاتی بەرپرسانی کۆمۆنەکان زۆر گرینگن، ئایا ئێوە لەوبارەوە دەست بە ئامادەکاری دەکەن؟ ئەمە بە قسە ناکرێ، پێویستە هەموو کەسێک کار بکات، شارەوانی بوونی نییە، پێویستە تۆ دروستی بکەیت. دەڵێن ئێمە کۆمارمان خۆشدەوێت، بەڵام ڕێگە نادەن کۆمار کاری خۆی بکات. مستەفا کەمال هەموو هێزی خۆی بە کۆمار بەخشی و وتی تەنیا وەسییەتی من ئەوەیە کە کۆمار بە زیندوویی بهێڵنەوە، ئەگەر ڕێزت هەبێت بۆ مستەفا کەمال، ئەوا کۆمارەکەی بە دیموکراتیک بکە و پێشی بخە. ئەو کۆمارە بە شەڕێکی گەورە دامەزراوە، ئەوەی کە زۆر بە باشی لەوە تێدەگات، تەنها منم. بەڵام کەچی بە من دەڵێن گەورەترین خیانتکاری کۆمار. نا، من نەک هەر خائین نیم، بەڵکوو دەمهەوێ لەو شوێنەوە دەستپێبکەم کە مستەفا کەمال دەستنیشانی کردووە و کۆمار بەرەو پێش ببەم. من باوەڕم وایە کە ئێوە دەبی لەسەر ئەم ئەساسە، سەردانی ئۆزالیش بکەن. سری سورەییا ئۆندەر شێوازێکی ناوازەی هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ئەو دەیتوانی کۆنترۆڵیان بکات و شێوازێکی باشی بۆ ڕێکخستنو کۆکردنەوە هەبوو. تورکیا دەچێتە قۆناغێکی مەزنی دیموکراسییەوە، بەڵام ئەوانەی عەقڵێکی منداڵانەیان هەیە، هێشتا لەم شتە تێناگەن. هەژموونی ستراتیژێکی لەو جۆرە دەکەوێتە دەستی تورکیا، ئایا ئێوە دەتانهەوێت هەژموونی ستراتیژیک بدەنە دەست ئیسرائیل؟ قەڵەمبەدەستەکان چی دەڵێن؟

لە ڕاستیدا کورد پەیوەندی لەگەڵ هەرلایەنێکدا دروست بکات، هەژموونی ستراتژیک بۆ ئەو لایەنە دەبێت، ئەوسا چ ئێران بێت یانیش ئیسرائیل بێت. بە وڵاتی ئێمە دەڵێن تورکیا و بەرەو تورکیا بەڕێ دەکەوین، باشە بۆچی تۆ دژایەتیی دەکەیت؟ هەژموونی ستراتژیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئێوەیە، بێگومان مەبەستی من لە ڕوانگەی هەژموونگەرییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوەیە. دەڵێن زەلامێکی ساختەچی بۆ ئازادبوونی خۆی ئەم کارانە دەکات، ئەوەی من نایکەم بە هی من دادەنرێت. مافی هیوا و شتەکانی تایبەت بە خۆمەوە منیان ڕاگرتووە، چونکە ئەمانە وردە وردە چارەسەر دەبن. من بە ڕێزەوە وەبیر ئۆزال دەهێنمەوە کە ئەربەکانیش هەیە، ئەوان ناتوانن بە هیچ شێوەیەک حوکمڕانی کۆمار بکەن، من نامهەوێت ئەم کۆمارە پارچە پارچە بکەم، ئەمە بۆ من هیچ مانایەکی نییە. ئەوەی کە من لە سەردەمی سووریاوە تا ئێستا ویستوومە بیکەم، ئەوەیە کە کۆمار بکەم بە موخاتەبی خۆم، بەبێ هەبوونی دیموکراسی، هەم سیکۆلاریزم بوونی نابێت و هەم یاساش بوونی نابێت. باس لە ئاسایشی دەوڵەت دەکەن، ئەگەر ستراتیژییەکی دروستی دەوڵەتی بوونی نەبێت، ئاسایشی دەوڵەت چۆناوچۆن دەپارێزرێت؟

یەکێک لە بەرپرسانی تورکیا: ئەم قۆناغەی کە ئێستا پێی گەیشتووین زۆر باشە، پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئیلهام ئیحمەد ئەمڕۆ قسەی بۆ ڕووداو کرد و قسەکانی “ڕوو لە ئێمە” زۆر باش بوون.

سەرۆک: هەموو شەڕێک پێویستی بە ئامانجێک هەیە. هیچ شەڕێک بەبێ پێوەر نابێت، مستەفا کەمال دەڵێت هەموو شەڕێک پێویستی بە پێوەر و بناغە هەیە. بۆیە باوەڕم وایە زۆر کەس عەقڵیان لەدەستداوە، بۆیە پێویستە ئێمە خۆڕاگر بین. [ڕوو لە ئۆزگوور]، پێشتر بڕیاردرابوو کە ئیبرۆ جێگەی تۆ دەگرێتەوە، ئەو چی دەکات، بۆ نەهات؟

ئۆزگوور: جەنابی سەرۆک، ئیبرۆ بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.

سەرۆک: ئەها، ئەو لەوێ کار دەکات؟

پەرڤین بوڵدان: بەڵێ، ئەو بەردەوامە. جەنابی سەرۆک ئەگەر بتهەوێت دەتوانین بیخەینە ناو لیستی شاندەکەوە.

سەرۆک: نا، پێویست ناکات، با جارێ بمێنێ.

پەرڤین بوڵدان: جەنابی سەرۆک، ژمارەیەک دیاریتان بۆ هاتوون، فەوزا یوسف لە ڕۆژئاڤاوە هێناویەتی و لە ئیتاڵیا ڕادەستی ئێمەی کردن. (چوار دیاری تەسبیح، قەڵەمێک، شاڵێک بۆ سەرۆک و سێ هەڤاڵەکانی).

ئۆزگوور: جەنابی سەرۆک، ڕۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لێدوانێکی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی لە قەندیلن دەیانهەوێت کۆنگرە ببەستن، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ڕێگەیان پێنادەن. ئەمریکییەکانیش هەمان شت دەڵێن، لێدوانی هەڤاڵانی قەندیلیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

بەرپرسەکەی تورکیا: ئەوان گوتبوویان کە بۆخۆیان ئاسایشی کۆنگرەکە دەپارێزین.

ئۆزگوور: درۆن و بۆردومانەکان ڕانەوەستاون.

بەرپرسەکەی تورکیا: ئیلهام ئەحمەد بۆخۆی دەڵێت، شەڕ و هێرشەکان وەستاون و دۆخەکە باشە.

پەرڤین بوڵدان: ئەو لە سووریایە نەک لە عێراق.

سەرۆک: مەسەلەی ئەمنی بابەتێکی زۆر گرنگە، کاتێک هاتمە ئێرە، نوێنەری سوپاسالاری تورکیا هەڵوێستێکی زۆر نەرمی هەبوو. بە بۆچوونی من، لۆبی جەنگ داوای شەڕ دەکات. دەبێت ڕێگری لەم کارە بکرێت، دەبێ ئەوان کۆنگرە ببەستن و سەربکەون، بەڵام ئەوانیش پێویستیان بە پاراستنی ئاسایشی خۆیان هەیە. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دروست و ستراتژیکە، بەڵگەنامەکانیشی بڵاو دەکرێنەوە. ڕاپۆرتێکی 500 لاپەڕەیی لێ بڵاو دەکرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش هەندێکیان ئەمە بە تەسلیمبوون دەبینن، ئامادەکاری هەیە، نابێت ئەمە وەک هەڕەشە ببینن، چونکە پێشتر ئەمە 10 جار کراوە، ئەگەر هێرشەکان لە دوای کۆنگرە بەردەوام بن، ئەوان چی دەکەن با بیکەن، ئامادەکارییەکانیان هەرچییەک دەبێت با بیکەن. ئێمە پێشتریش گروپێکمان هێنابوو، یووکسەل گەجیشی تێدا بوو. گروپێکمان ئامادە کردبوو، ئەوان هاتن، چی ڕوویدا؟

“بەو پێیەی ئەم کۆبوونەوەیە زۆر درێژە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان شاندی کات و ئۆجالان لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.

بەردەوام دەبێت..

پوستێن ھەمان بەش