پەکەکە لەوەتەی دامەزراوە هەتا ئێستا تەنها ماڵوێرانیی بۆ کوردان هێناوە

پەکەکە لەوەتەی دامەزراوە هەتا ئێستا تەنها ماڵوێرانیی بۆ کوردان هێناوە

ئۆجەلان بۆخۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان بە ئیمکاناتی “میت” ئەو گرووپە ئیدئۆلۆژیکیەیان دامەرزاندوە و دواتر بە ناوی پەکەکەوە ناسرا.

مەمەت ماردینی

44 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکە وەکوو حیزب تێپەڕ دەبێت. لەماوەی ئەو 44 ساڵەدا هەوڵی سەرەکیی پەکەکە ئەوە بووە خۆی وا بە کوردەکان نیشان بدات کە گۆیا بە ئامانجی رزگار کردنی کوردستان لە ژێردەستەیی داگیرکەران دامەزراوە و خەبات دەکات. بەڵام ئەوەی شارازای مێژووی پەکەکە بێت بە باشی تێدەگات کە ئەوەی پەکەکە ئیدیعای دەکات درۆیەکی تەواوە و مافی بە راستیەوە نیە، چوونکە پەکەکە دامەزراندنی خۆی بە هێرش کردنە سەر کەسایەتی و لایەنە نیشتمانپەروەرەکان راگەیاند و ئێستاشی لەگەڵ بێت هەرکات بۆی بلوێ پەلاماری نیشتمانپەروەرانی کوردستان دەدات.

بەپێی قسەیەکی جەمیل باییک، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1972دا هەریەک لە حەقی قەرار “لاز” و کەماڵ پیر “تورک” دەناسێت و بە هاوکاریی ئەو دوو کەسە گرووپێکی مارکسیست ـ لنینیست لە زانکۆی ئانکارا دادەمەرزێنێت. دواتر جەمیل باییکیش تێکەڵ بەو گرووپە دەبێت. لەوبارەوە ئیبراهیم ئایدن “زیاد” کە بۆخۆی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، دەڵێت: “یەکەم کەسەکان کە ئەو گرووپە ئیدئۆلۆژیکەیان پێکهێنا و لەو گرووپەدا دەستبەکار بوون بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، حەقی قەرار، باقی قەرار، کەماڵ پیر، فەهمی یەلماز، عەلی حەیدەر قەیتان و من (ئیبراهیم ئایدین)”. ئەو کەسانە لە زانکۆی ئانکارا خوێندکار بوون. لە ساڵی 1974 بۆ 1975دا هەریەک لە جەمیل باییک، دووران کاڵکان، کەسیرە یەڵدرم، عەبدولڕەحمان پۆلات و نەجاتی کایاش تێکەڵ بەو گرووپە ئیدئۆلۆژیکیە بوون.

بەهیچ شێوەیەک لە بەرنامەی ئەو گرووپەدا نەبوو کە رێکخستنێکی جودا و تایبەت بە کوردستان دابمەرزێنن. ئەوان تەنها دەیانهەویست لەگەڵ گرووپە چەپەکانی هاوفکری خۆیان، گوتارێکی هاوبەشیان هەبێت و وێکڕا بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستی لە تورکیە کار بکەن. سێ کەس لەو گرووپە ئیدئۆلۆژیکیە ئەندامی “میت”ی تورکیە بوون و خودی ئۆجەلان دانی بەو راستیەدا ناوە. ئەو سێ کەسەش بریتی بوون لە “نەجاتی کایا”، “عەبدولڕەحمان پۆڵات” و “کەسیرە یەڵدرم” کە ببووە هاوژینی ئۆجەلان. هەروەها ئۆجەلان بۆخۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان بە ئیمکاناتی “میت” ئەو گرووپە ئیدئۆلۆژیکیەکەی خۆیان دامەرزاند و کە دواتر بە ناوی پەکەکەوە ناسرا.

یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی گرووپەکەی ئۆجەلان لەکوێ بەسترا؟

گرووپە ئیدئۆلۆژیکەکەی ئۆجەلان یەکەمجار لە ساڵی 1976 کۆبوونەوەیەکی فەرمیی لە گەڕەکی “دیلمان”ی ئانکارا ئەنجامدا. دووەمین کۆبوونەوەی فەرمیی ئەو گرووپە لە ساڵی 1977 لەماڵی نەجاتی کایا لە ئانکارا بەسترا کەوا ئەندامی “میت” بوو. پاش کۆبوونەوەکە گرووپەکەی ئۆجەلان دەستیان بە جێبەجێ کردنی ئەو پلانانە کرد کەوا لە ماڵی “نەجاتی کایا”دا بڕیاریان لەسەر دابوو. گرووپەکە راستەوخۆ پەلاماری ئەو گرووپ و رێکخراوانە دەدات کەوا بەشێوەیەکی نهێنی لە دژی دەوڵەتی تورکیە خەبات دەکەن.

گرووپەکەی ئۆجەلان بەرلەوەی کە یەکەم کۆنگرەی خۆی ببەستێت و دامەزراندنی خۆی وەکوو حیزب رابگەیەنێت، پەلاماری چەندین گرووپ و رێکخراوی باکووری کوردستان دەدات. وەکوو گرووپی “ستێرکا سۆر” کە حەقی قەرار لە رێکەوتی 18/5/1977 لە شەڕ لەگەڵ “ستێرکا سۆر”دا گیانی لەدەستدا.

جگە لەوە کە پەکەکە پەلاماری ژمارەیەکی زۆر لە نیشتمانپەروەرانی کوردی دەدا، لە ساڵی 1978دا پەلاماری ئەو کادرانەشی دا کە پێشتر پەکەکەیی بوون و دواتر لەو حیزبە جودا ببوونەوە و DDKDیان دامەزراندبوو. پەکەکە ژمارەیەکی زۆر لە کادرەکانی DDKDی بەو بیانوویەی کە سیخوڕی بۆ رێگای ئازادی دەکەن، کوشت و نەیهێشت ئاسەواریان بمێنێت.

لە دواییدا گرووپەکەی ئۆجەلان هێرشی کردە سەر رێکخراوی رزگاریی گەل H.K.H و زۆربەی ئەندامەکانی ئەو رێکخراوەشی کوشت.

ساڵی 1978 گرووپێکی مارکسیست بەناوی تێکۆشین لە ناوچەی عەنتاب دامەزرا. ئۆجەلان داوایان لێدەکات کەوا تێکەڵ بە گرووپەکەی ئەو ببن، بەڵام ئەندامانی ئەو رێکخراوە رازی نابن. سەرئەنجام گرووپەکەی ئۆجەلان پەلاماریان دەدەن و سەرجەمیان دەکووژن.

هەروەها لە کۆتاییەکانی ساڵی 1978دا پەکەکە پەلاماری تەڤگەرا رزگاریی کوردستان (KUK) دەدات و ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و ئەندامەکانی کوشتن.

پاش کۆتاییهێنان بەو گرووپ و رێکخراوانە، پەکەکە دژایەتی کردنی عەشیرەتە کوردەکانی دەستپێکرد. بۆ ئەوەی کە ترس و خەوف دروست بکات فەرمانی تیرۆر کردنی “سلێمان بەگ” سەرۆکی عەشیرەتی “سلێمانان”ی دەرکرد و بە رۆژی رووناک پەکەکە سلێمان بەگی لە گوندی حیلوان تیرۆر کرد.

یەکەم کۆنگرەی پەکەکە و یەکەم هەنگاوی پاش کۆنگرەکە

پەکەکە بەهەر شێوەیەک بوو لە رێکەوتی 27/11/1978دا یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ماڵی “سەیفەدین زۆرلۆ” لە گوندی “فیس”ی سەر بە دیاربەکر گرێدا. ئەندامانی کۆنگرەکە 20 بۆ 30 کەسیک دەبوون. بە پێی ئەوەی جەمیل باییک باسی دەکات کە بۆخۆی یەکێک لە ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرەکەدا بووە، هیچ شارەزاییەکیان لە چۆنیەتی بەڕێوە بردنی کۆنگرەدا نەبووە. ئۆجەلان بۆخۆی کۆنگرەکەی بەڕیوە بردووە و 90٪ی قسەکانی کۆنگرەکەش، لەلایەن ئۆجەلانەوە کراون.

پەکەکە لە یەکەم هەنگاوی دوای کۆنگرەدا بڕیاری دا کە “محەممەد جەلال بوجاق” سەرۆکی عەشیرەتی “سیڤرەک” بکووژێت و بە کوشتنی ئەو دامەزرادنی خۆی رابگەیەنێت. پەکەکە دواتر بڕیارەکەی جێبەجێ کرد و بە بریندار کردنی محەممەد جەلال بوجاق سەرۆکی عەشیرەتی سیڤرەک و کوشتنی ژمارەیەک لە هاوڕێیەکانی، دامەزراندنی خۆی وەکوو حیزب راگەیاند.

پەکەکە بە باکووری کوردستانەوە نەوەستا و بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە “میت” بۆی دانابوو، پاش ئەوەی پەلاماری سەرجەم کەسایەتی و گرووپە نیشتمانپەروەرەکانی باکووری کوردستانی دا، رووی کردە پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەرتەشی تورکیەشی بەدوای خۆیدا راکێشی ئەو بەشانەی نیشتمان کرد.

پەکەکە لە کوێ دامەزرا و ئیستا لە کوێیە؟

پەکەکە 6 ساڵ پاش دامەزرانەکەی، لە 15ی تەباخدا و لە شارۆچکەی “دهێی سثق” لە ناوچەی سێرت، شەڕی چەکدارانەی دەستپێکرد و ئەو شەڕە بۆماوەی 38 ساڵە کە بەردەوامە. بەڵام ئەو شەڕی چەکداریەی کەوا لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد ئیدی نە لەوێ بەڵکوو لە رۆژئاوای کوردستان و لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو بۆتەوە. ئەرتەشی تورکیەش بە بیانووی ئەو شەڕەوە دەستێوەردانەکانی لەو دوو پارچەیەی کوردستاندا رۆژبەڕۆژ زیاتر دەکات. حکوومەتی تورکیە لە ئێستادا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی زنجیرە هێرشێکی نوێی زەوینی لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوە ببات.

لەساڵانی نەوەدەکاندا پەکەکە شەڕی بە حیزبەکانی باشوور فرۆشت، پەکەکە شەڕی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان فرۆشت و باشووری خستە دۆخێکی هەرە خراپەوە. بە سەدان پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کرد و بۆ دژایەتی کردنی پارلمانی کوردستان، “کەنەکە”ی دامەرزاند. بۆ دژایەتی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش “کۆماری زاپ”ی راگەیاند. شەڕی بە پەدەکە و یەنەکە فرۆشت و چەندین ساڵ بە دژی ئەو دوو حیزبەی باشووری کوردستان شەڕی کرد.

لە ئێستاشدا پەکەکە، تورکیەی بەدوای خۆیدا راکێشاوەتە رۆژئاوای کوردستان و لە عەفرینەوە بگرە هەتا زاپ زۆر شوێنی ستراتژیکی سنووریی رادەستی تورکەکان کردووە و لە ترسی شەڕ، ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی باشووری کوردستان چۆڵ کراون.

پەکەکە نەک هەر هیچ شوێنێکی کوردستانی نەپاراست، بەڵکوو مەیدانی شەڕی خۆی لە باکووری کوردستان بەجێهێشت و ئەرتەشی تورکیەی بەدوای خۆیدا راکێشی رۆژئاوا و باشووری کوردستان کرد. پەکەکە جگە لە پروپاگاندا و جێبەجێ کردنی پیلانی دەوڵەتە کۆلینیالیستەکانی کوردستان، هیچ دەسکەوتێکی بۆ کوردان نەبووە. پەکەکە تەنها بە هێزی قسە و دروشم خۆی رادەگرێت و لە پراکتیکدا هیچ کارێکی خێری بۆ کورد و کوردستان نەکردووە.

دوو نموونە لە تازەترین درۆیەکانی پەکەکە

بۆ نموونە دووران کاڵکان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە ساڵی 2018دا سەبارەت بە داگیرکرانی عەفرین گوتبووی: “ئەوان لەبەرانبەر عەفریندا شەمزینان دەگرن. بەڵام بەپێچەوانە نەک هەر شەمزینانیان نەگرت بەڵکوو ئەرتەشی تورکیە لە 27ی گوڵانی 2019دا پەلاماری خواکورکیشی دا و چەند خاڵێکی ستراتژیکی پەکەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. هێرشەکەی خواکورک، هێرشەکانی حەفتەنین، زاپ، مەتینا وئاواشینی بەدوای خۆیدا هێنا.

دوران کاڵکان هاوکات لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی زاپدا گوتبووی ئەوان شەڕ لەناو شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیەدا بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دیسان بەپێچەوانەی دروشمەکانی کاڵکان و پەکەکە دەبینین کە شەڕ لە باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا بڵاو بۆتەوە. حکوومەتی تورکیە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی زەوینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەکات.

لە ئێستادا پەکەکە لەباتی ئەوەی کە دژایەتی تورکیە بکات، لەباتی ئەوەی جەردەڤان و چەکدارانی تورکیە بکاتە ئامانج، هاتووە و دژایەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و تەنها لەماوەی ساڵی رابردوودا 12 پیشمەرگەی کوردستانی شەهید کردووە.

بەکورتی لەوکاتەوە کە گرووپە ئیدئۆلۆژیکەکەی ئۆجەلان سەریهەڵدا و دواتر خۆی وەکوو پەکەکە راگەیاند، هەتا ئێستا هیچ قازانجێکی بۆ کوردان نەبووە و بەپیچەوانەشەوە شەڕی بە نیشتمانپەروەرانی کورد فرۆشتووە وخاكێکی زیاتری کوردستانی خستۆتە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیەوە. لە ئێستاشدا دەیهەوی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سنوورانەی کەوا دەوڵەتی تورک لەچوارچێوەی پرۆژەی “میساقی میللی”دا بەرنامەی بۆ داناوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئۆجەلان لە ئیمرالیدا بەڵێنی جێبەجێ کردنی پرۆژەی “میساقی میللی” بە میتی تورک داوە.

پوستێن ھەمان بەش