لە ئامریکاوە هەنگاوێکی نوێ بۆ رۆژئاوای کوردستان

لە ئامریکاوە هەنگاوێکی نوێ بۆ رۆژئاوای کوردستان

واشنتن پۆست: ئامریکا ئۆپەراسیۆنەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە فراوان دەکات

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی ئامریکاوە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگری ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوە و فراوان کردنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی لەگەڵ هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریەدا.

رۆژنامە ئامریکاییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەرپرسان پێشبینیان دەکرد ئەو هەنگاوەی پنتاگۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیە تێکبدات”، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هۆکاری تەقینەوەکەی مانگی رابردووی ئیستانبوڵ تۆمەتبار دەکات.

سێ بەرپرسی حکومی کە واشنتن پۆست ناسنامەکانیانی ئاشکرا نەکرد، پێیان وایە “ئەنقەرە بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە وەڵامی بڕیارەکەی واشنتن دەداتەوە.” وەک پێشتر ئاماژەی پێکردبوو.

بەرپرسانی ئەنقەرە، چەند جارێك ئەوەیان خستووەتەڕوو، دوای زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە، ئامادەکاری دەکەن بۆ لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر ناوچەکە.

مانگی رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیەوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناچاربوون ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش رابگرن.

هەر سەبارەت بە گرژییەکانی نێو سووریە و هێرشەکانی تورکیە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند، دژی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازین کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگای سووریە و هەروەها دەستکەوتەکانی هێزە هاوپەیمانانەکان لە دژی داعش دەخاتە مەترسییە.

نێد پرایس گوتیشی: پەیاممان بۆ هەموو لایەنەکان ناردووە، پێویستە گرژییەکان ئاسایی بکەنەوە. هەر گرژییەک لەسەر سنووری تورکیە و سووریە مەترسیدارە و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئامریکا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دوواییانە و باسی لەوەکرد، هەندێکیان راستەخۆ مەترسییان بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی ئامریکایی دروست کردووە، کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە باکووری سووریە کاردەکەن.

هاوکات گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین تورکیە هێرشی سەربازی لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجام بدات، هەرچەندە دان بە شەرعیەتی مافی تورکیەدا دەنێت بۆ بەرگری لە ئاسایشی وڵاتەکەی.

 رۆژی چوارشەممە، 07ی کانوونی دووەمی 2022، جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانی راگەیاند ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە سووریە بکرێت.

پوستێن ھەمان بەش