گەمەی مەترسیداری پەکەکە لە سلێمانی و چیرۆکی یەکیەتیی نەتەوەیی کەنەکە

گەمەی مەترسیداری پەکەکە لە سلێمانی و چیرۆکی یەکیەتیی نەتەوەیی کەنەکە

مێژوو پێمان دەڵێ هەرکات پەکەکە باس لە “یەکیەتیی نەتەوەیی” دەکات دەبێ بزانین مەبەستە راستەقینەکەی پارچە پارچە کردنی یەکیەتیی و یەکڕیزیی کوردانە.

کاریگەریە نەرێنیەکانی حزووری پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامییان هەیە. بەتایبەتی لەپاش هێرشی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014، کە پەکەکە کردی بە بیانوو و زیاتر لە هەرێمی کوردستان جێگیر بوو، سەرجەم هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرفتە ناوخۆییەکان قووڵتر بکاتەوە. بەرفراوانتر کردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی، وڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستانی تووشی مەترسییەکی گەورە دەکرد. لەبەرامبەردا ئێرانیش پیلانێکی تایبەتی هەبوو: پیلانەکەی رێژیمی تاران ئەوە بوو کە پەکەکە لە قووڵایی هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکات. پاش ئەو رێکەوتە ناوەندی سەرەکیی تێکۆشانی سیاسیی پەکەکە لە قەندیلەوە گواسترایەوە بۆ گوندێکی نزیک سلێمانی. لە شارو شارۆچکەکاندا پەکەکە لەژێر ناوی جیاوازدا دامەزراوەی دروست کرد. بەتایبەتی دەتوانین بڵێین کە پەکەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان ناوەندی شاری سلێمانیی داگیر کرد. بەڕێوەبەران و کارمەندانی پایەبەرزی پەکەکە لە سڵێمانی جێگیر کران. پەکەکە بۆ ئەوەی شەرت و مەرجەکانی پەیمانە ستراتژیکەکەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ بکات، لە سلێمانیەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر دەستپێکرد.

هەنگاوی یەکەمی هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هەولێر، هێرشی میدیایی بوو. هەنگاوی دووەمیش ئەوە بوو کە لە دژی هەولێر بەشێوەیەکی فیزیکی هێرشی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکات. هەنگاوی سێهەمیش ئەوە بوو کە بە چەک راستەوخۆ پەلاماری پێشمەرگە بدات و ئارامی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێکبدات. هەنگاوی چوارەمیش ئەوە بوو کە سەرجەم دژبەرانی پەدەکە کۆ بکاتەوە و دژ بە پارتی هاوپەیمانییەک دروست بکات. لە ئێستاشدا سەرەڕای ئەو هەنگاوانە، لەژێر ناوی “یەکیەتی نەتەوەیی”دا هەنگاوێکی نوێی بۆ دوژمنایەتی کردن لەگەڵ هەریمی کوردستان دەستپێکردووە. دەبێ لە ساڵی 2023دا ئێمە شاهیدی ئەو هێرشانەی پەکەکە بین کە لەژێر ماسکی “یەکیەتیی نەتەوەیی”دا دژ بە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بەڕێوەیان دەبات. دەکرێ لەم بابەتەدا پاڵپشتی هەرە مەزنی پەکەکە لە “کۆنگرەی نەتەوەیی کورد” بێت. بەشێوەیەکی نۆرماڵ کەنەکە کەوا لە ساڵی 1990 بەملاوە لەلایەن پەکەکەوە لە بواری میدیاییدا بەکار دەهێندرێت، لە هێرشەکەدا رۆڵێکی گرنگی دەبێت.

لەو بوارەدا ئێمە بە پێویستی دەزانین هەڵسەنگاندن بۆ 21ـەمین کۆنگرەی کەنەکە بکەین کەوا لە 2ی مژداری 2022 لە شاری “دەن هاگ”ی هۆڵەندا بەسترا.

ئەرکی کەنەکە چیە؟

دامەزراندنی کەنەکە لەلایەن پەکەکەوە بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 کە بەناوی مەجلیسی نەتەوەیی لە زڵێ دەستیپێکرد. لە ساڵی 1995دا ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارلمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. لە 24ی گوڵانی 1999دا لە ئامستردامی پایتەختی هۆڵەندا کۆنگرەیەک بەسترا و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کەنەکە. سەرەتا زۆرێک لە کەسایەتیەکانی کوردستان رۆیشتنە ناو کەنەکە، بەڵام بە رۆیشتنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ تورکیە لە 15ی شوباتی 1999دا و لێدوانەکانی دژ بە کورد وکوردستان، ئەو هێڵە کوردستانیەی کەنەکە هەڵوەشایەوە. بە هەموو شێوەیەک لایەنە کوردستانیە دێرینەکانی ناو کەنەکە تەسفیە کران و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ریکخراوانەی کەوا راستەوخۆ دەوڵەتی تورکیان دەکردە ئامانج و خەباتیان بۆ باکووری کوردستان دەکرد، لەمەیدان وەدەر نران. کەنەکە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدا گۆڕدرا بۆ رێکخراوێک لەژێر هیرارشیی (سیستمێک کە تێیدا کەسەکان یان لقەکان خاوەن پلەی جودا و دیاریکراون) پەکەکەدا.

سەرەرای ئەوەش، پەکەکە ویستی لە ساڵی 1991دا پاک، 1996 یەنەکەدە، 2003 پەچەدەکە، 2014 تەڤگەرا ئازادی و کۆمەڵەیەکی زۆری میدیایی و تایبەت بە لاوان و ژنان و هتد…  لقەکانی خۆی لە باشووردا جێبخات و خۆی بکات بە شەریکی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی خۆی لە باشوور پەرە پێبدات.

کەنەکە هەوڵ دەدات کوردستان ئاشکرا بکات

پاش ئەوەی کە PKK لەژێر ناوی KCKدا خۆی رێکخستەوە، لە ساڵی 2004دا کاریگەریی KNK زۆر لاواز بوو، بەڵام کاتێک کە KCK (کەجەکە) لەجێدا وەکوو پێکهاتەیەکی پەکەکە ئاشکرا بوو، KNK دیسان وەکوو رێکخراوێکی جێگیر پارێزرا. کەنەکە کارە دیبلۆماسیەکانی پەکەکە لە ئورووپا بەڕێوە دەبات. کادرەکانی پەکەکە وەکوو “ئادەم ئوزوون و نیلووفەر کۆچ” لەوێ وەکوو کۆکی کەنەکە جێگایان گرتووە. بە کورتی کەنەکە بە پێی پێویستیی پەکەکە بەکار دەهێندرێت.

بەڵام پێویستە بزانرێت کە کەنەکە لەباتی ئەوەی رێکخراوێکی نەتەوەیی بێت، وەکوو ئالترناتیڤێک بۆ دژایەتی کردنی پارلمانی کوردستان پێکهات و بەکار دەبردرێت. سەرەڕای ئەوانەش لەناو کەنەکەدا هێندێ سیمای کوردستانی و باشووری بوونیان هەیە هەربۆیەشە بەپێی پێویستیی خۆیان گرینگیی بە هێندێک هێما، دەستەواژە و سیمای کوردستانی دەدەن. بۆ نموونە هەرچەند کە کەنەکە لە کۆبوونەوە و چالاکیەکانیدا زۆر ئاڵای کوردستان بەکار ناهێنێت بەڵام لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا، ئاڵای کوردستانی لەسەر دیوانی کۆنگرەکەیان دانابوو.

پێکهاتەی سەرنجڕاکیشی کۆنگرە و قسەکانی زوبەین ئایدار

لە کۆنگرەی کەنەکەدا، بۆ دژایەتی کردنی پەدەکە خەڵک و لایەنەکانی باشوور بەشێوەیەکی بەرچاو بانگهێشت کرابوون. ئەو سیما دیارانەی ناو یەکێتی کە زۆر لە پەکەکەوە نزیکن وەکوو سالار مەحموود و رێزان شێخ دلێر کە ساڵانێکە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ جەمیل باییک هەیە، هەروەها هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەکەدا ئامادە بوون.

بەتایبەتی بەشداریی هەڤال ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کاتێکدا کە دەیویست سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە، واتای خۆی هەبوو.

هەروەها ئەو وتارەی کە “زوبەین ئایدار” بە زەحمەت ئاماژەی پێدا، سەرنجی خستبووە سەر ئەوە کە: “کەنەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە باشوور و رۆژئاڤادا خۆی بەهێزتر رێکدەخات و دەجووڵێتەوە. ئارمانجی ئێمە ئەوەیە کە ناوەندی کەنەکە ببەینە باشووری کوردستان”.

ئایا مەبەست یەکیەتیی نیشتمانیی کوردەکانە یانیش هەوڵدانێکە بۆ دابەشکردنی کوردان؟

لە راستیدا کەنەکە لە ساڵی 2008 بەملاوە چالاکیەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەبات. لە ساڵی 2009 بەملاوە ئۆفیسی خۆی لە هەولێر دامەرزاندووە. کەنەکە هەرچەند لەژێر کاریگەریی پەکەکەشدا بێت بەڵام چالاکیەکانی لە باشوور زیاترن هەتا رۆژئاڤا.

بەڵام پەکەکە لەو بوارەدا پلانێکی هەیە: بە بەستنی کۆنگرەی بەناو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئامانجی ئەوەیە کە پەدەکە و لایەنەکانی سەر رێبازی بارزانی لە باشووری کوردستاندا لاواز بکات و وەکوو ئالترناتیڤێک خۆی وەپێش بدات. لە میدیادا هێزی خۆی بەکار دەهێنێت، دەیهەوێ ئەو خیانەتکاری و هەوڵدانە بۆ دابەش کردنی ناوماڵی کوردەکان وەکوو یەکیەتیی نەتەوەیی پیشان بدات. بۆ دەستەبەر کردنی ئەو مەرامەشی هەوڵ دەدات یەنەکە بکێشێتە لای خۆی.

بەکورتی ستراتژی پەکەکە ئەوەیە کە “ناکۆکی نێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە و ئەو گرفت و ململانێیانەی کە لەنێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا بوونی هەیە وەکوو بناخەیەک بۆ خۆڕێکخستنەوە و دەستەبەر کردنی جێگە و پێگەیەک بۆ خۆی بەکار بهێنێت”.

وەکوو دەزانرێت جەمیل باییک بە هاوڕێیەتی کۆمیتەیەک کە ناوی “کۆمیتەی دیبلۆماسی”ی لەسەر دانراوە، لە سلێمانی جێگیر بوون. ماوەیەکی زۆرە زەخت دەخەنە سەر یەنەکە بۆ ئەوەی سەرجەم پردەکانی پەیوەندیی لەگەڵ پەدەکە هەڵبوەشێنێتەوە. پەکەکە لە میدیاکەی خۆیدا هەوڵ دەدات هێندێک کەس کە لەو بوارەشدا خاوەن هەڵوێستێکی بەرچاو نین وەکوو کەسانی کاریگەر پیشان دەدات. دەیهەوێ ئەو باڵەی کە خۆیان فرۆشتووە بە بەغدا و دەیانهەوێ قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشیتەوە، لەناو چالاکیەکانی کەنەکە لە باشووری کوردستاندا جێبخات. هەر بۆ ئەو مەبەستەشە کە پەکەکە ناوان ریز دەکات.

هەروەها کادرەکانی خۆی کە لە تورکیە و لە ناوچەی لەگال (ئەوەی کە بەپێی دەستوور دروستە) دەشفرە کراون، لەناو کەنەکەدا بەکاریان بهێنێت. پەکەکە دەیهەوێ قەرەباڵغییەکی سیاسی دروست بکات. لە راستیدا ئێمە دەزانین کە پەکەکە دەیهەوێ کەنەکە وەکوو کافەیەک بۆ کۆ کردنەوەی دژبەرانی بارزانی و پەدەکە لە باشوور بەکاربهێنێت و رێکیبخات. نوێنەرایەتیی کەنەکە لە سلێمانی پێشتریش ناونیشانی ئەو یانەیە بوو کە دژایەتی بارزانیی دەکرد.

ڤێرژێنی نوێی پیلانە خیانەتکارانەکەی 1997

پەکەکە بە قووڵ کردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و پێکهاتەکانی دەوروبەری یەنەکە لەگەڵ پەدەکە، هەوڵ دەدات جێگە و پێگەیەک بۆخۆی دەستەبەر بکات. لە راستیدا ئێمە دەزانین کە پەکەکە لە ساڵی 1991 بەملاوە ئەو تاکتیکە بەکار دەهێنیت. لە ساڵی 1995دا پەکەکە لە 26ی تەباخدا لە دژی پەدەکە دەستی بە هێرشی سەربازیی کرد. پەکەکە لەو هێرشە سەربازیەی بۆ سەر بادینان پیلانی ئەوە بوو کە شارۆچکەکانی سەر خەتی دیانا ـ چۆمان ـ سیدەکان ـ بامەرنێ ـ باتووفا هەتا زاخۆ داگیر بکات.

هەڵبەت خاوەنی راستەقینەی ئەو پیلانە رێژیمەکانی ئێران و سووریە بوون و یەنەکەش لە پیلانەکەدا بەشدار بوو. ئەوکات پەکەکە نەیتوانی ئەو ئامانجەی دەستەبەر بکات. دەتوانین بڵێین کە پەکەکە دەیهەوێ پیلانێکی هاوشێوەی پیلانی 1997 بەڕێوە ببات. دیارە پیلانی ساڵی 1997 بابەتێکی زۆر دوورودرێژە و پێویستە بە جیا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی کە پەکەکە دەیهەویست لە ساڵی 1997دا بە چەک بیکات، ئەمجارە دەیهەوێ بە رێکارێکی سیاسی و لەژێر ناوی “یەکیەتیی نەتەوەیی”دا ئەنجامی بدات.

ئایا سەردانەکەی نووران ئیمیر بۆ سلێمانی پەیوەندیی بەم پیلانەوە هەیە؟

نووران ئیمیر، پارلمانتاری هەدەپە لە شێرناخ، ماوەیەک لەوەپێش سەردانی سلێمانیەی کردبوو. نووران ئیمیر بەتەنها نەڕۆیشتبوو بەڵکوو لەناو ئەو شاندەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تورکیەی پەکەکە و چەند کادرێکی PAJKیش هەبوون. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەستکەوتوون، ئەو کادرانە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەیوەندیداری پەکەکە و PAJKدا دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبووە. کۆبوونەوەی پلانسازیی ساڵانە، لەلایەن تەڤگەری ژنانی پەکەکە واتە PAJK و KJKـەوە بەڕێوە چوو. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوەیە، بڕیاردان لەسەر سازدانی کۆبوونەوەیەک لە باشوور لە ژێر ناوی “یەکیەتیی نەتەوەیی ژنان”دا بوو. کەژەکە بۆ ئامادەکاریی پێویست لەو بوارەدا لێکۆڵینەوە و ئامادەسازی دەکات.

وادیارە کە پەکەکە لە دەسپێکدا بە سازدانی کۆنگرەی ژنان دەیهەوێت بزانێت کە ئایا رەوشی ئیقلیمی رێگا دەدات کە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت یان نا.

بێگومان ئەوانە هەموو دەریدەخەن کە ئەو چالاکیە ئەوەندەش ئاسان نابێت، لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ شکاندنی هەرێمی باشوور دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988، واتە بۆماوەی 35 ساڵە پەکەکە بە پاڵپشتی جۆراوجۆری وەکوو زۆر حیزب، کەسایەتی، دامەزراوە و کادر هەوڵ دەدات هێرش بکاتە سەر سیستمی فەرمیی باشووری کوردستان و دەیهەوێ لە سەر دەسکەوتە هەبووەکان خۆی رابگرێت. ئەمجارەش دەیهەوێ بەناوی کەنەکە و “یەکیەتی نەتەوەیی”ـەوە هەمان ئامانج بپێکێت.

ئەو رابردوو و مێژووە پێمان دەڵێت کە  هەرکات پەکەکە باسی لە “یەکیەتیی نەتەوەیی” کرد دەبێ بزانین مەبەستە راستەقینەکەی پارچە پارچە کردن و دابەش کردنی یەکیەتیی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردانە.

پوستێن ھەمان بەش