لە تورکیە و باکووری کوردستان زیاتر لە 8 ملیۆن کەس بێکارن

لە تورکیە و باکووری کوردستان زیاتر لە 8 ملیۆن کەس بێکارن

بەپێی راپۆرتێکی جەهەپە، زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتی تورکیە و باکووری کوردستان بێکارن.

لە سەردەمێکدا کە ئابووری تورکیە لە قۆناخێکی دژواردایە، دامەزراوەکانی دەولەت ئاماری بێکارییان بڵاو کردۆتەوە. بەپێی دامەزراوەی ئاماری تورکیە، ئاماری بێکاری بەراورد بە ساڵی رابردوو، هیچ بەرزبوونەوەیەکی بەخۆیەوە نەبینیوە. دیارە ئەو ئیدیعایەی ناوەندی ئاماری تورکیە لەلایەن هاووڵاتیان، پسپۆڕانی ئابووری و لایەنە سیاسیەکانەوە وەکوو نوکتە دادەنرێت.

ناوەندی ئاماری تورکیە “TUIK” ئاماری تایبەت بە بێکاریی لەو وڵاتە راگەیاندووە. بەپێی ئەو ئامارانەی کە “TUIK” بڵاوی کردوونەتەوە لە سەرماوەزی 2022دا رێژەی بێکاری لە سەدا 10.2 بووە واتە تەنها 3 ملیۆن و 576 هەزار کەس لە تورکیەدا بێکارن. لەو ئامارانەدا راگەیاندراوە کە بەراورد بە ساڵی 2021، تەنها 23 هەزار کەس بە ژمارەی بێکارەکانی تورکیە و باکووری کوردستان زیاد بوون.

بەڵام هاووڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیە ئەو ئامارانە بە دوور لە واقعییەت دەزانن و پێیانوایە ژمارەی بێکار لە باکووری کوردستان و تورکیە زۆر زۆر لەوە زیاترە کە “TUIK” رایگەیاندووە.

هاووڵاتییان دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵاوسان، رۆژبەڕۆژ ژیان لە تورکیە زەحمەتتر دەبێت و کۆمپانیاکانیش ئاسێ دەبن و ئەوەش مەترسی ئەوە دروست دەکات کە ژمارەی بێکارانی باکووری کوردستان و تورکیە لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر لەوەی هەیە زیاتریش بێت.

بەپێی ئامارە فەرمیەکان لە جووتمانگی 2022دا زیاتر لە 34 هەزار کەس بەهۆی بێکاریەوە سەردانی دەزگای “کار ئشکور”یان کردووە بۆ ئەوەی کارێکیان دەست بکەوێت و لە هەموو ساڵی رابردووشدا زیاتر لە 200 هەزار کەس داوای کاریان لەو دامەزراوەیە کردووە.

ئەو ئامارەی کە ناوەندی ئاماری تورکیە لەسەر ریژەی بێکاری بڵاوی کردۆتەوە، لەلایەن هاووڵاتیان، پسپۆڕانی ئابووری، سەندیکاکان و لایەنە سیاسیەکان وەکوو نوکتە و بەمایەی پێکەنین دادەنرێت. سەندیکاکانی دیسک و تورکیش، جەختیان کردۆتەوە کە زیاتر لە 8 ملیۆن دەستی کار لە تورکیەدا بێکارن. تەنانەت بەپێی راپۆرتێکی جەهەپە، زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتی تورکیە و باکووری کوردستان بێکارن.

هاووڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیە بڕوا بەو ئامارانەی “TUIK” ناکەن و دەڵین بەچاوی خۆیان دەیان هەزار کەس لە کۆڵانەکاندا دەبینن کە بەدوای کاردا عەوداڵن بەڵام بەهیچ شێوەیەک کاریان دەست ناکەوێت.

پوستێن ھەمان بەش