هەپەگە ناسنامەی 3 کچە گریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کردووە کەوا لە ئەیلوولی ساڵی 2021دا لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
پەکەکە دیسان ناسنامەی 3 کچی دیکەی کوردی ئاشکرا کرد کە یەکیان هێشتا منداڵە و ماوەی 2 ساڵ و 4 مانگ لەوەپێش بە دەست جەندرمەکانی تورکی بەکوشتن داون و تازە هەواڵەکەیان بڵاو دەکاتەوە.
هەپەگە باڵی سەربازیی پەکەکە رۆژی سیشەممە 17/1/2023، ناسنامەی 3 کچە گریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کردووە کەوا لە ئەیلوولی ساڵی 2021دا لە باشووری کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشی دەوڵەتی تورک و گیانیان لەدەستداوە.
پەکەکە پاش تێپەڕینی 2 ساڵ و 4 مانگ تازە هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو 3 گریلایە بڵاو دەکاتەوە.
ناوی ئەو گریلایانە بەمشێوەیە راگەیاندراوە:
دیلهك ئۆزهر خەڵکی مووش.
گولشا پۆلات خەڵکی سێرت.
رێزان یلدرم خەڵکی وان.
هەپەگە ئەو کچانەی کوردی وەکوو هەزاران کچ و کوڕی دیکەی منداڵ و لاوی کورد رەوانەی مەرگ کردووە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 ساڵ لە گیانلەدەستدانەکەیان تازە هەواڵەکەیان رادەگەیەنێت و دەڵێ ئێمە ئەو هەڤاڵانەی خۆمان لەدەستداوە.
پەکەکە رۆژانە وێنە و ناسنامەی کۆمەڵێک لە منداڵان و لاوانی کورد لە میدیاکانیدا بڵاو دەکاتەوە کەوا لە ساڵ و مانگەکانی رابردوودا لە بەرخۆدانێکی ساختە و لەپێناو دروشمی دژە گەلیی “برایەتی گەلان”دا بە دەست جەندرمەکانی تورکی بە کوشتن داون و پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەکی زۆر ئەوجا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە و دەڵێ ئەوان شایستەی ئەوە بوون کە ببنە قوربانیی ئاپۆ.!
گریمانە دەکرێت هێشتا بە هەزاران لاوی دیکەی کورد هەبن کە پەکەکە لە ساڵەکانی رابردوودا بە کوشتنی دابن و هێشتا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی رانەگەیاندبێت.