گەلی ئێزدی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کێ پارێزگاریی لێکردوون و هاوکات باشیش دەزانن ئەوانەی وا لە سەر سنوور رێگرییان لە پێشمەرگە کرد و رایانگرتن، کێ بوون.
سەبارەت بە کارەساتی شنگال زۆر بابەت، چیرۆک و بەسەرهات نووسراون، بەڵام هیچکامیان ئەو گومانانەیان نەڕەواندەوە کە ئەو کارەساتە لەگەڵ خۆی هێنانی. نەتەوەی کورد سەرەڕای تێپەڕبوونی 9 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا هەنووکەش دەپرسێ “ئایا نەدەکرا پێش بەو فەرمانە بگیردرێت؟!” لایەنی دیاری رووداوەکە داعش بوو و لێرەدا باسی ناکەین، بەڵام لایەنی تاریک و شاراوەی کارەساتەکە، گورگەکانی کوردان بوون کە بە مۆری ئەوان ئەو کۆمەڵکوژیەی کوردانی ئێزدی ناوی “فەرمانا 173″یان لەسەر داناوە، روویدا.
“دارکا مازی” زانیاریی تایبەتی سەبارەت بە سەروبەندی پێش فەرمانەکە و ئەو رووداوانەی کە ئەو فەرمانە بەدوای خۆیدا هێنای، بەدەست خستووە، کە ئێوە دەتوانن بۆ یەکەمجار لەم نووسینەدا بیبیستن.
لە شەوی 3ی تەباخی 2014دا و کاتێک کە تیرۆریستانی داعش بەرەو شنگال دەڕۆیشتن، پەکەکە هێزی خۆی سەفەربەر کرد، ئەڵبەت نە بۆ رێگری کردن لە تیرۆریستان و رزگار کردنی ئێزدیەکان لە کۆمەڵکوژکران، بەڵکوو بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم پێشمەرگەکانی کوردستاندا دروست بکەن. بۆ ئاستەنگ دروست کردن لە بەردەم ئەو هێزەی پێشمەرگەکانی کوردستاندا کە هەر لە یەکەمین ساتەکانی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە بە هانای شنگال و دانیشتووانەکەیەوە دەڕۆیشتن.
لە کاتی بانگی بەیانیی 3ی تەباخی 2014دا، فەرماندە سەعید کێستەیی بە هاورێیەتی فەرماندەکانی دیکەی پێشمەرگە واتە ئاشتی کۆچەر و محەممەد عیسا، بە 400 پێشمەرگەوە لەگەڵ بەرپرس و شاندی لقی 17ی پەدەکە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی لە سحێلاوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان کەوتنە ڕێ. سەرۆک بارزانی بەو هێزەی گوتبوو کە لەهەر هەلومەرجێکدا پێویستە ئێوە بگەنە چیای شنگال و گەلی ئێزدیی ئێمە لە هەلاکەت رزگار بکەن.
رێگای هێزەکەی پێشمەرگە لە پیشابوورەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و حدواتر رۆیشتن بۆ چیای شنگال بوو. ئەوان بەڕێ کەوتن و کاتێک کە گەیشتنە گوندی ئەل ـ وەلید لە سەر سنوور، پەکەکە پێشی پێ گرتن و رێگای پێنەدان کە بڕۆنە ناو رۆژئاوای کوردستان. ئەو هێزەی پێشمەرگە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لەوێ مانەوە.
فەرماندەکانی ئەو هێزەی پێشمەرگەکان کە لە سحێلاوە و لەلای پیشابوورەوە بەرەو رۆژئاوا رۆیشتبوو، بریتی بوون لە:
ـ سەعید کێستەیی
ـ ئاشتی کۆچەر
ـ محەممەد عیسا
ـ هەروەها فەرماندەیەک بەناوی بابێ دویرکەسی کە کاری لۆجیستیکی ئەو هێزەی لە سحێلا بەڕێوە دەبرد.
بابێ دویرکەسی بە “دارکا مازی”ی گوتووە: “ئەو هێزەی پێشمەرگە کەوا لە سحێلاوە بەرەو رۆژئاوا کەوتە ڕێ لە سەر سنوور عاسێ بوو، بۆ ماوەی دوو رۆژ نەیانتوانی دەرباز بن، پەکەکە دوای 48 کاتژمێر ئەوجا رێگای کردەوە. لەو دوو رۆژەدا گەلی ئێمەی ئێزدی کوشتار دەکران. پەکەکە بەوەی سنووریشەوە نەوەستا و کاتیک کە پێشمەرگە پەڕینەوە ناو خاکی رۆژئاوا، گریلاکانی پەکەکە دیسان لە ناحیەی جزعە ئەو هێزەی پێشمەرگەیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر راگرت. ئەگەر پەکەکە نەبووایە هێزی پێشمەرگە دەیتوانی لەماوەی ئەو 3 رۆژەدا بە دەیان هاوونیشتمانیی ئێزدی لە مەرگ رزگار بکات. ئەگەر بەهۆی پەکەکەوە نەبا ئێمە دەمانتوانی رێگری لە کۆمەڵکوژ کردنی ئێزدیەکانی شنگال بکەین”.
ئەو فەرماندانەی پەکەکە کەوا رێگرییان لە پێشمەرگەکان کرد ئەمانە بوون:
ـ عهگید جڤیان ئۆرهماری ـ کە لە 11ی ئەیلوولی 2020دا لە مێردین کرایە ئامانج و گیانی لەدەستدا، كهسی یهكهم بوو.
ـ ئازاد دێركی ـ بهرپرسی پهیهدە.
ـ ئادار ـ فهرماندەی باڵی ژنانی پەکەکە.
ـ سۆران ـ جێگری بهرپرسی پهیهدە بوو. لە ئێستادا جودا بۆتەوە و لە گهرمیانی باشووری کوردستانه.
ـ مازلووم رۆس ـ بهرپرسی ئیستخباراتی پهكهكە بوو.
داعش مەشکێنن، پەدەکە بشکێنن
بەرلەوەی کە داعش بڕواتە ناو شنگال، پەکەکە پیلانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی چیای شنگال داڕشتبوو، داعش هاوکاری پەکەکە بوو بۆ ئەوەی ئەو پیلانەی سەربگرێت. بابێ دویرکەسی دەڵێت: “پەکەکە هیچ پلانێکی بۆ کردنەوەی رێگای چیای شنگال و رزگار کردنی ئێزدیەکان نەبوو. پێشمەرگەکان چەکی قورسیان پێبوو، پەکەکە دەیتوانی هاوکاری پێشمەرگە بێت، بەڵام پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی 3 رۆژ رێگرییان لە پێشمەرگە کرد، سەرلەنوێ رێگای دوگورێیان کردەوە. هێزی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەو رێگایە و دەرباز کردنی ئێزدیەکانی گرتە ئەستۆ و پەکەکەش دەربازی چیای شنگال بوو. پەکەکە لەباتی ئەوەی کە خەمی ئێزدیەکان سووک بکات کە تووشی کۆمەڵکووژیەکی وەحشیانە هاتبوون، بەتەواوی داعشیان فەرامۆش کرد و هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە بە ئێزدیەکان بڵێن پەدەکە خیانەتی پێکردوون، پەدەکە ئێوەی فرۆشت. پەکەکە قەد بە ئێزدیەکانیان نەگوت کە گریلاکانیان بۆ ماوەی 3 رۆژ رێگرییان لە هێزی پێشمەرگە کردووە، ئەو هێزی پێشمەرگەیەی کە بۆ بەهاناوەچوون و رزگارکردنی ئێزدیەکان هاتبوون”.
پێشمەرگەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەت و یەکینەکانی پەکەکە لە گەلیی کەرسێ
سەرەڕای ئاستەنگەکانی پەکەکە، هێزە 400 کەسیەکەی پێشمەرگە بە فەرماندەیی سەعید کێستەیی گەیشتنە چیای شنگال. پێشمەرگەکان رێگایان بۆ ئێزدیەکان کردەوە وهاوکارییان گەیاندە ئەو ئیزدیانەی کە لە چیاکەدا مابوونەوە.
قۆناخی دووەمی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی کوردستان، رەوانە کردنی هێزێکی 30 کەسی لە پێشمەرگەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەت بوو بۆ چیای شنگال.
لە رێکەوتی 9ی تەباخی 2014دا ئەو هێزە بە فەرماندەیی بابی دویرکەسی بەڕی کەوتن. ئەرکی ئەو هێزەی پێشمەرگە، دابین کردنی ئاسایشی شوێنێک بۆ هێزێکی تایبەتی ئامریکا بوو کە دەیانهەویست لە چیای شنگالدا جێگیر ببن.
پەکەکە بە هاتنی هێزەکەی پێشمەرگە دەزانێت و هەر زوو یەکینەکانی خۆی رەوانەی گەلیی کەرسێ کرد و لەوی مەفرەزەیان دانا. کاتێک کە پێشمەرگەکان گەیشتنە گەلیی کەرسێ لە مەفرەزەی پەکەکە نەوەستان و دەربازی چیای شنگال بوون.
هێزە 30 کەسیەکەی پێشمەرگە گەیشتنە چیای شنگال کە لەوێ فارماندە ئاشتی کۆچەر چاوەڕوانیان بوو. لەو کاتەدا یەکینەکانی پەکەکە کەوا لە گەلیی کەرسێ دەیانهەویست رێگری لە پێشمەرگەکان بکەن، سەرکەوتن بەرەو چیای شنگال و بە پێشمەرگەکانیان گوت: “ئێوە بۆ لە خاڵەکەی ئێمە رانەوەستان و بە بێ ئیزنی ئێمە دەربازی چیای شنگال بوون”!
لەوێ پێکهەڵپرژان و شەڕەقسە دروست بوون و پێشمەرگەکان بە گریلاکانی پەکەکەیان گوت کە ئێرە خاکی ئێمەیە و تاقانە هێزی نامەشرووع لێرەدا پەکەکەیە.
پاش دوو کاتژمێر هێزی کۆماندۆی ئامریکا گەیشتە سەر چیا.
پەکەکە دەستی بەسەر ئەو ئەرزاقانەد دەگرت کە بۆ سەر چیای شنگال بەڕێ دەکران
لەنیوان 3 هەتا 9ی مانگی تەباخ، دوو جار هاوکاریی خواردن، دەرمان و چەک لە رێگای پێشمەرگە و ئامریکاییەکانەوە گەیشتنە چیای شنگال. فەرماندە بابێ دویرکەسی دەڵێت: “جاری یەکەم پێشمەرگەکان هاوکاریەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیان بردە چیای شنگال، پەکەکە هەوڵیدا بیبات بۆخۆی، بەڵام پیشمەرگەکان نەیانهێشت. بەڵام ئەو ئەرزاق و هاوکاریانەی کە ئامریکاییەکان لە رێگای پەڕەشووتەوە لە فڕۆکەوە بۆ خەڵکی ئێزدییان فڕێ دەدانە خوارەوە، پەکەکە دەستی بەسەر زۆربەیاندا گرت و بەشێکی کەمی گەیشتە دەست ئێزدیەکان”.
ئەو پێشمەرگانەی کە لە شنگالدا بوون، بەرەو کوێ ڕۆیشتبوون؟
ئەو بابەتە کە ئەو هێزەی پێشمەرگەیەی بەر لە 3ی تەباخ لە شنگالدا بوون، بەرەو کوێ ڕۆیشتبوون، هێشتا بە باشی روون نەکراوەتەوە. پەکەکە هێشتا پروپاگاندا دەکات بە ئێزدیەکان دەڵێت کە پێشمەرگە هەڵاتوون.!
ئەو پێشمەرگانەی کە بەر لە 3ی تەباخ ئەرکیان لە شنگالدا هەبوو، لە هێزەکانی “قاسم شەشۆ، قاسم سمێڵ و هێزی سەعید چەلکێ و عەمید سمێ” و هێندێک پێشمەرگەی دیکە پێکدەهاتن. چەکی قورسیان پێنەبوو و ئەوان لەگەڵ ئێزدیەکان دەربازی چیای شنگال بوون.
بابێ دویرکەسی کە ئەو رووداوانەی بە چاوی خۆی بینیوە و هێندێکیشی بە کامێرای مۆبایلەکەی خۆی تەسویر کردووە، چیرۆکی کردنەوەی رێگای چیای شنگال و رزگار کردنی ئێزدییەکان بۆ “دارکا مازی” باس دەکات.
فەرماندەیی سەری چیا
پاش کردنەوەی رێگای چیای شنگال لە “دوگورێ” و رزگار کردنی بەشێک لە ئێزدیەکان، ئەو پێشمەرگانەی کە لەشنگالەوە لەگەڵ ئێزدیەکان رۆیشتبوونە سەر چیا و ئەو پێشمەرگانەی کە لە سحێلاوە گەیشتبوونە چیاکە، فەرماندەییەکی هاوبەشیان بە فەرماندەیی ئەم کەسانە پێکهێنا:
ـ قاسم شەشۆ
ـ قاسم سمێڵ
ـ سەعید چەلکێ
ئەو فەرماندەییە دوو ئەرکی سەرەکییان هەبوو. یەکەم ئەوەی کە چۆناوچۆن خەڵکی ئێزدی رزگار بکەن و ئەرکی دووەمیش رزگار کردنی خاکەکە بوو.
ئەرکەکان بەمشێوەیە دابەش کران:
ـ قاسم شەشۆ، فەرماندەی گشتی
ـ قاسم سمێڵ ـ بەرپرسی باکووری دوگورێ و سنوونێ
ـ قاسم دربۆ ـ بەرپرسی میحوەری قیبلەی شنگال
ـ ئاشتی کۆچەر ـ بەرپرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵکی شنگال
ـ بابێ دویرکەسی ـ بەرپرسی لۆجیستیکی سەرجەم بەرەکانی شەڕ.
یەکەمین ئەرکی ئەو فەرماندەییە گەیاندنی تیمێکی دوکتۆر و هاوکاریی دەرمانی و خواردن بوو بۆ چیای شنگال. بابێ دویرکەسی ئەو ئەرکەی جێبەجێ کرد و یەکەم تیمی دوکتۆر و ئەرزاق لە دهۆکەوە بە سەرپەرشتیی پێشمەرگەیەک بەناوی “مووسا” گەیشتە چیای شنگال. بەڵام لەگەڵ گەیشتنی ئەو کاروانە هاوکاریە، پەکەکە بە پێشمەرگەکانی گوت ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگا نادەین ئەو هاوکاریانە ببرێنە چیای شنگال، یان دەبێ تەسلیمی ئێمەی بکەن و ئێمە بۆخۆمان دەیبەینە چیا یان ئەوەیە کە بەهیچ شێوەیەک رێگا نادەین ئێوە بیبەن.
فەرماندەی پێشمەرگە لەوێ دوو بژاردەی لەبەردەمدا بوو، یان دەبێ لە پەکەکە بدەن یانیش دەبێ بە مەرجەکانیان رازی بن و هاوکاریەکان تەسلیمی پەکەکە بکەن.
بابێ دویرکەسی دەڵێت: “پێشمەرگەکان لەسەر ئەمری سەرۆک بارزانی بڕیاریان ئەوە بوو کە بە هیچ شیوەیەک نابێ شەڕی پەکەکە بکەن و رزگارکردنی ئێزدییەکان ئەرکی سەرکەییان بوو”.
پاش ئەو رووداوانە، فەرماندەی پێشمەرگە بابێ دویرکەسی بە دوو پێشمەرگەوە بە ناوەکانی (ت.ع) دەگەڕیتەوە سحێلا بۆ ئەوەی هاوکاری زیاتر و چەک رەوانەی چیای شنگال بکات.
بابێ دویرکەسی دەڵێت: “9 ساڵ تێپەر دەبێت و هێشتا لە میدیاکاندا لێدوانی هێندێک کەس و لایەن دەبینم کە سپاسی پەکەکە دەکەن لەبەر ئەوەی رۆیشتوونەتە چیای شنگال. ئەگەر بەڕاستی پەکەکە بۆ هاوکاری کردنی ئێزدیەکان رۆیشتبان، منیش سپاسیانم دەکرد بەڵام واقعییەتەکەی ئەوەیە کە هاوکاری کردنی ئێزدیەکان لە رۆژەڤی پەکەکەدا نەبوو، ئیمە بە بەڵگەوە ئەوە واقعییەتە روون دەکەینەوە:
پاش کۆمەڵکوژ کردانی ئێزدیەکان پەکەکە بەرەو کوێ رۆیشت و بۆچی شەڕی داعشی نەکرد؟
پاش رزگار کردنی زۆربەی ئێزدیەکان و گەیشتنیان بە پارێزگای دهۆک، فەرماندەیی پێشمەرگە پلانی رزگار کردنی خاکی شنگالی داڕشت و یەکەم جار پێشمەرگە لە قەسریجێەوە بۆ زومار هێرشی کردە سەر داعش و بەرەو گوندی حەردان لە رۆژهەڵاتی شنگال رۆیشت. لەو شەڕەدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام پەکەکە لە هیچ شوێنێک دیاری نەبوو.!
پاش 3 رۆژ هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی رەبیعەوە بەرەو سنوونێ رۆیشتن و دیسان داعشیان تێکشکاند و گەیشتنە چیای شنگال، بەڵام دیسان پەکەکە دیاری نەبوو.!
کاتێک کە سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگالەوە مزگێنیی رزگار کردنی چیای شنگالی راگەیاند، دیسان پەکەکە دیاری نەبوو، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک کە شنگال رزگار کرا، دیسان پەکەکە هەر دیاری نەبوو.!
لە راستیدا لەوکاتەی کە پێشمەرگەکانی کوردستان و پەدەکە بە تەواوی هێزی خۆیانەوە هەوڵیان دەدا کە ئێزدیەکان و خاکەکەیان رزگار بکەن و بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستە وەحشیەکانی داعشیان گرتە ئەستۆ، پەکەکە سەرجەم هێزەکانی سەفەربەر کرد و بەریدانە ناو ژن و منداڵانی ئێزدی و دەستی بە شۆردنەوەی مێشکی ئەوان کرد و پێی دەگوتن کە پەدەکە خیانەتی لێکردوون.!
پێشمەرگە شنگالی رزگار کرد و دواتر پەکەکە داگیری کرد
پێشمەرگەکانی کوردستان شنگالیان رزگار کرد و دواتر پەکەکە هات و داگیری کردەوە و رێگای نەدا ئاوارە ئێزدیەکان کەوا هێشتا لە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکاندان، بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان. پەکەکە دەڵێت ئێمە هێشتا کارمان لە شنگال کۆتایی پێ نەهاتووە، دیارە راستیش دەکەن ئەوان هێشتا کاریان لە شنگالدا ماوە. پەکەکە بەشێکە لە “میحوەری مقاومەت”ی رێژیمی ئێران و بە فەرمانی ئێران لە شنگالدا ماوە و ئەرکی پارێزگاری کردن لە هیلالی شیعی بەڕێوە دەبات. منداڵانی ئێزدی دەڕفێنێت و بە دەست جەندرمەکانی ئەرتەشی تورکیان بەکوشتن دەدات. بە کورتی ئەوەی کە پەکەکە ئێستا لە شنگالدا دەیکات درێژەی هەمان “فەرمانی 173” (کۆمەڵکوژی و قڕکران)ـەیە و ئەوەی داعش پێی نەکرا، پەکەکە کردی. بۆیە نابێ نەتەوەی کورد سپاسی پەکەکە بکەن.
خەڵکی ئێزدی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کێ پارێزگاریی لێکردوون، هاوکات باشیش دەزانن کێ بوو کە رزگاری کردن، دەشزانن کێ بوو کە رێگای چیای کردەوە وهاوکاری و چەکی پێگەیاندن. ئەوان لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە ئەوانەی وا لە سەر سنوور رێگرییان لە پێشمەرگە کرد و رایانگرتن، کێ بوون. پروپاگانداکانی پەکەکە یەک بە یەک بۆ گەلی ئێزدی ئیفشا بوون، هەربۆیە ئێزدیەکان قەد بە پەکەکە ناڵێن سپاس.
خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار دەکەینەوە کە لە رۆژانی داهاتوودا چیرۆک و بەسەرهاتی راستەقینەی رووداوەکانی تەباخی 2014، بڵاو دەکەینەوە. هەروەها ئێمە بە بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک زانیاریی هەرە تایبەت ئاشکرای دەکەین کەوا چۆناوچۆن پەکەکە رێگای بۆ کۆمەڵکوژیی گوندی کۆجۆ خۆش کردووە.
لەگەڵمان بن…