پەکەکە لاوێکی ئێزدیی بەشێوەیەکی هۆڤانە کوشتووە

پەکەکە لاوێکی ئێزدیی بەشێوەیەکی هۆڤانە کوشتووە

چیا بۆتان لە کۆتاییەکانی 2021دا لەلایەن دوو گریلای هەپەگەوە برایە شاخی “حەوت تەبەق” و بە دوو گوللـە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

پەکەکە لاوێکی ئێزدیی لە شنگال بەناوی “چیا” بەشێوەیەکی وەحشیانە کوشتووە. دوو گوللـەی کلاشینکۆفی پێوە ناوە، گوللـەیەکی ناوە بەسەریەوە و گوللـەیەکیشی بە دڵیەوە ناوە.

سەرچاوە تایبەتیەکانی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە لاوێکی ئێزدیی تەمەن 21 ساڵ بە کۆدناوی “چیا بۆتان” لەلایەن گریلاکانی پەکەکەوە بە بێ گوناح کوژراوە و بۆ ئەوەی ئەو تاوانە قێزەونەیان ئاشکرا نەبێت، پەکەکە بە هاوڕێیەکانی گوتووە کە چیا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراوە.

دارکا مازی هەروەکوو چۆن لە سەرەتای کارەکانیەوە هەتا ئێستا سەدان تاوانی پەکەکەی دژ بە گەلی ئێزدی ئاشکرا کردووە، توانی زانیاریی تەواو دەربارەی تاوانی کوشتنی ئەو لاوە ئێزدیە بەناوی “چیا بۆتان” دەستبخات و لەم راپۆرتەدا وردەکاری ئەو جینایەتە باس دەکەین.

چیا بۆتان کێ بوو؟

چیا بۆتان ناسنامەی گریلایەکی پەکەکەیە کە کوردێکی ئێزدیە. لەساڵی 2002 لەدایک بووە و خەڵکی گوندی “بۆرکێ”ی شنگال بوو. چیا مرۆڤێکی باڵابەرز و بەهێز بوو و هیچ کەموکووڕییەک لە کارەکانیدا نەبوو. بەرپرسانی پەکەکە حیسابێکی تایبەتییان بۆ دەکرد، هەربۆیە لەناو هەڤاڵەکانی خۆیدا بە “هۆڤۆ” ناسرابوو.

چیا تەنها خۆشکێکی هەبوو و هەمووکات وێنەی خۆشکەکەی خۆی پیشانی هەڤاڵە نزیکەکانی دەدا و بە هەڤاڵەکانی دەگوت: “من و خۆشکەکەم تەنهاین، من زۆرم خۆش دەوێت و زۆریشی بیر دەکەم، بەڵام ئەوان رێگا نادەن خۆشکەکەم ببینم. دایکم بەرپرسی ئەنجومەنێکی پەکەکەیە و پەکەکە مانگانە 1700 تا 2300 دۆلار دەداتە بنەماڵەکەم”.

چیا بۆتان کەنگێ و چۆناوچۆن تێکەڵ بە پەکەکە بوو؟

لە ساڵی 2017دا لەژێر کاریگەریی کادرەکانی پەکەکەدا کە بەردەوام خۆیان دەخزاندە ماڵەکەی و لە ماڵی ئەواندا کۆبوونەوەیان رێکدەخست، چیا تێکەڵ بە پەکەکە بوو. ماوەیەک لەناو هێزەکانی “هات”ی شنگالدا بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە نەیدەویست لەناو هێزەکانی “هات”دا بمێنێتەوە، لەگەڵ بەرپرسەکانیدا تووشی کێشە هاتبوو و تەنانەت جارێکیان لە یەکێک لە بەرپرسەکانیشی دابوو.

پەکەکە زۆر دەترسا کە چیا بۆتان هەڵبێت و لە پەکەکە جودا ببێتەوە، چوونکە ئاگاداری زۆر نهێنی پەکەکە بوو و هەروەها دایکیشی لە ناو پەکەکەدا بەرپرسایەتیی هەبوو. هەربۆیە پەکەکە پەنای بردە بەر هەڵبەستنی تۆمەت بۆ چیا بۆتان و تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری دایە پاڵ و بەو بیانووەوە بۆ ماوەی 6 مانگ چیای زیندانی کرد. دوای زیندانی کردنەکە چیا نەقڵی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کرا و لەوێ لە دەورەیەکی بەکارهێنانی “چەکی قورس / هاوەن و ڤیزە” بەشدار کرا.

چیا بۆتان بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویەوە لەناو پەکەکدا 5 خولی وەکوو “نیشانە شکێنی، تەقەمەنی، چەکە ڤیزەکان، چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تایبەت و چەکی نیوە قورس”ی بینیوە.

چیا لە دوایین ئەرکیدا لە “یەکینەی گەڕۆکی شەهید کەریم” لە “گردی بابل”ی گوندی بابۆلای سەر بە شارۆچکەی دینارتەدا بووە.

لە دوای کانوونی 2021دا دیسان پەکەکە تۆمەتێکی دیکەی بێ بنەما و دوور لە راستیی بۆ چیا هەڵبەست و ئەوی بە هەبوونی پەیوەندیی بێ ئەخلاقانە لەگەڵ شەڕڤانێکی ژن بەناوی “ئاخین عەرەب” تۆمەتبار کرد و جارێکی دیکە زیندانیی کرد.

لەسەر ئەو تۆمەتەی کە پەکەکە بۆ چیا بۆتانی هەڵبەست، بە ئامادەبوونی “رێزان ئامەد” سەرۆکی ئاکادیمیای شەهید ماهر و “عادل” بەرپرسی یەکینەی گەڕۆکی شەهید کەریم، کۆبوونەوەیەک سازدرا ولە کۆبوونەوەکەدا لێپرسینەوە لە چیا کرا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئامادەبووان بڕیاریان لە دژی چیا دا و ئەویش تووڕە بوو و گوتی: “ئەگەر ئێوە راست دەکەن، بڕیارێکی ئازایانە بدەن و من بکووژن، دەنا من بۆخۆم، خۆم دەکووژم”. دواتر بێڕێزیی بە رێزان ئامەد کرد و بەرەو مەتبەخەکە هەڵات و ویستی بە چەقۆ خۆی بکووژێت، بەڵام لەلایەن هەڤاڵەکانیەوە کۆنترۆڵ کرا و هەر دوو دەستی بەسترا. دواتر چیایان بردە هۆدەی توونێلی هێزەکە و لەوێ گریلایەک بەناوی “کاراسۆ” تێروپڕی لێدا. لەوێ “عادل” بە “کاراسۆ” دەڵێت: “بڕیارمان داوە کە دەرفەتی خۆکوژی بە چیا بدرێت و هەر بۆیە بە بیانووی خواردنی جگەرەوە لەوێ دوور بکەوەرە و چەکەکەت بەلای چیاوە بەجێ بهێڵە بۆ ئەوەی خۆی بکووژێت”.

دواتر کاراسۆ، عادل ئاگادار دەکاتەوە و پێی دەڵێت: “کە هەروەکوو تۆ گوتت من ماوەیەک لە چیا دوورکەوتمەوە وچوومە هۆدەیەکی دیکە و بە ئەنقەست چەکەکەشم لەلای چیا بەجێهێشت، بەڵام کاتێک گەڕامەوە بینیم چیا نوستووە و خۆکوژیی نەکردووە”. دواتر بە فەرمانی رێزان ئامەد و عادل، چیا لەلایەن دوو گریلای سەر بە هەپەگەوە دەبرێتە شاخی “حەوت تەبەق” و لەوێ دەکووژرێت. پاش ئەوەی کە ئەو دوو گریلایە دەگەڕێنەوە ئەشکەوتی هێزەکە، عادل بە شەڕڤانەکانی دەڵێت: “هەرکەسێک لەسەر چیا بۆتان پرسیاری لێکردن پێی بڵێن کە ئەو ئیدی لێرە نەماوە و بۆ شوینێکی دیکە گواستراوەتەوە”.

چیا بۆتان، چۆناوچۆن، لەکوێ و بە دەستی کێ کوژرا؟

چیا بۆتان کە لەناو هەڤاڵەکانیدا بە “هۆڤۆ” دەناسرا، لە یەکێک لە رۆژەکانی مانگی 12ی ساڵی 2021دا لە کاتژمێر 15:50 خولەکدا لەلایەن دوو گریلای هەپەگە بەناوەکانی “جوان کاتۆ” و “میلیتان بۆتان” برایە شاخی “حەوت تەبەق” و لە نزیک “کانی وشک” لە سنووری شارۆچکەی دینارتە، بە دوو گوللـە کۆتایی بە ژیانی چیا بۆتان هێنرا. ئەو دوو گریلایەی پەکەکە بەشێوەیەکی وەحشیانە چیایان کوشت و دواتر بە هێندێک چیلکەی داران تەرمەکەیان شاردەوە. ئەو دوو گریلایەی پەکەکە بە چەکی کڵاشینکۆف گوللـەیەکیان لە دڵی چیا و گوللـەیەکی دیکەشیان لەسەری دا و تیرۆریان کرد.

Share

پوستێن ھەمان بەش